خێزان كاريگەرى زۆرى هەيە لەسەر خۆسووتاندنى ژنان  

 

 

سڤيل: ئازاد زەندى




لەئامارى نەخۆشخانەكان بەتايبەتى لەهەرێمى كوردستان و ناوچە دابڕاوەكان، رێژەى خۆسوتاندنى ژنان و كچان بەشێوەيەكى بەرچاو زيادى كردووە و بەرەو زيادبوونيش دەڕوات و تائێستاش بەرنامەيەك نييە بۆ رووبەڕووبوونەوەى ئەو دياردەيە.
زۆرجار كێشەيەكى بچوك كە چارەسەركردنەكەى زۆر ئاسانە، بەڵام رووداوێكى دڵتەزينى لێ دەكەوێتەوە. سەرەڕاى ئەوەش كە لەگەڵ چەند ساڵێكى پێش ئێستا، ژنان و كچان مافيان زياترە، بەڵام ئەوەش نەبۆتە رێگرى لەو رووداوە دڵتەزێنانە. دكتۆر يوسف حوسێن، پسپۆڕ لەبوارى دەروونناسى پێيوايە كە ژنان و كچان خۆسوتاندن بەدەربازبوون لەكێشەكان دەزانن, بۆيە پەناى بۆ دەبەن، دەشڵێت "زۆرجار ژنێك يان كچێك بەهۆى كێشەيەكەوە ئەگەر بچوك بێت يان گەورە، خۆسوتاندن بەدەربازبوون دەزانێت، ئەويش هۆى زۆرە يەك لەوانە ناهۆشيارى ئەو كەسەيە، يان زاڵبوونى فيكرى راكردن لەچارەسەركردنى كێشەكان". گوتيشى "نەبوونى پەيوەندى پتەو لەنێوان خێزان و كچدا هۆيەكى سەرەكييە كە كچان رێگاى خۆسوتاندن هەڵبژێرن".
سارا عەلى، كچە خوێندكارێكى ناوەندييە و پێيوايە خۆسوتاندن لەنەبوونى چارەسەركردنى كێشە روودەدات، دەڵێت "هەر كچێك يان ژنێك كە تووشى كێشەيەك دەبێت، دواى ئەوەى كە هيچ چارەسەركردنێك نادۆزێتەوە بۆ كێشەكەى ئەو هەوڵە دەدات"، بەڵام (سارين فەتاح) خۆێندكارى ئامادەيى بۆچوونێكى ديكەى هەبوو، دەڵێت "خۆسوتاندن تەنها لەبێهێزى ئەو كچە يان ژنە دێت، كە تواناى چارەسەركردنى كيشەكانى نەبێت، يان رێگايەكى چارەسەركردنى نەمابێت، يان هيچ لايەنێك ئاوڕ لەچارەسەركردنى كێشەكەى نەداتەوە". (ناهيدە كەريم) مامۆستاى دواناوەندى لاى وايە كە هۆكارى ترس يەكێكە لەهۆكارە سەرەكييەكان كە ژنان و كچان تووشى خۆسوتاندن دەكات، دەشڵێت "ئەگەر كچێك لەلايەن ئەندامانى ماڵەوەى بەپەيوەندى خۆشەويستى ئەو كچە بزانن، ئەگەرى ئەوە هەيە كە تووشى توندوتيژيەكى زۆر بێت يان زۆرجار تووشى كوشتنيش بێت، بۆيە من دەڵێم ترس هۆكارێكى سەرەكييە لەو روداوانە و خۆسووتاندنيش بەبێ دەسەڵاتى دەزانم".
ئاڤان خۆێندكارى پەيمانگا، لەو رووداوە خۆكوژييانەى ئافرەتان، كۆمەڵگا تۆمەتبار دەكات و دەڵێت "ئێمە لەكۆمەڵگايەكى داخراوداين و تەنها مافى (بەڵێ)مان هەيە نەوەك بڕيار، بۆيە دەبێت يان بەبەردەوامى بڵێين (بەڵێ) و رازي بين بەهەموو ياسايەكى فيكرى عەشيارى، يان ئەوەتا رووداوى زۆر گەورەمان بەسەربێت، هەر چەندە من لەگەڵ ئەوەدا نيم كە رێگاى خۆسوتاندن بگيرێتە بەر و دژى ئەو رێگايەم و ئەوە تەنها رێگاى نەزانەكانە".
عەلى حەمە غەريب، ئەندام لە رێكخراوي مافى مروڤ، ئەويش لاى وايە كە جياوازيەك هەيە لەرێژەى ئەو رووداوانە لەشوێنێكەوە بۆ شوێنێكى ديكە. هاوكات نەبوونى پەيوەندى پتەو لەنێوان خێزاندا بەهۆكارێكى سەرەكى وەسفكرد و گوتيشى "زۆرجار كچێك بەهۆى ئەوەى كە رازى نەبووە هاوسەرگيرى لەگەڵ كوڕێكدا بكات, كە خۆى نايەوێ، بەڵام دواتر لەژێر فشارى باوك و دايك ئەو كارە ئەنجام دراوە و ئەويش رێگاي خۆسوتاندنى گرتۆتە بەر"، گوتيشى "ئێمە زۆرجار لەكاتى كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ كچان و ژنان جەختمان كردۆتە سەر ئەوەى كە خۆكوشتن بەهەر هۆيەك بێت، چارەسەر نييە بۆ كێشەكان، بەپێچەوانەوە راكردنە لەسەر چارەسەركردنيان".
شەرمين عوسمان، تەمەن 27 ساڵ، كچى ماڵەوەيە و دەڵێت "من كچێكى هاوڕێم پەيوەنديەكى خۆشەويستى هەبوو لەگەڵ كوڕێك دا كە لەپەيمانگا پێكەوە بوون، دواى ئەوەى بۆى دەركەوت كە ئەو گەنجە تەنها بۆ رابواردن پەيوەندى لەگەڵيدا بەستووە، ئەو كچە رێگاى خۆسوتاندنى گرتەبەر"، شەرمين دەشڵێت "ئايا من دەپرسم كە ئەو كچە خوێندكار بوو و ئاستى زانيارى و هۆشيارى لەپلەيەكى بەرزدا بوو، چۆن ئەو رێگايەى هەڵبژارد؟ بەپێچەوانەوە من كچى ماڵم، بەڵام هەرگيز بير لەوە ناكەمەوە، ئەگەر تووشى هەر رووداوێك بم خۆم بسوتێنم".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com