|
سڤیل:
رزگار كۆچەر
تەرمی ژنێكی خاوەن 6 منداڵ و تەرمی كوڕێك،
رۆژی 12/7/2010 لەگۆڕستانی كارگەی قیڕی هەولێر
لەتەنیشت یەكترەوە دۆزرانەوە، ئێستا خانەوادەی
هەردوو كوژراوەكە و خانەوادەی بكوژ ماڵەكانی
خۆیان جێهێشتووە و داوای تۆڵەسەندنەوە دەكەن.
راستەوخۆ لەدوای روداوەكەش، بكوژەكە خۆی
رادەستی پۆلیس كردووە و مەسەلەی "شەرەف"ی
كردۆتە پاساو بۆ تاوانەكەی.
(محەمەد)ی كوژراو، پاش ئەوەی تەلەفۆنێكی بۆ
دەكرێت، چەند كاتژمێرێك پێش نیوەڕۆ
نانەواخانەكەی جێ دەهێڵێت، دواتریش تەرمەكەی
لەگەڵ ئافرەتێك كە چەند ساڵێك لەو گەورەترە
لەناو گۆڕستانی كارگەی قیڕی هەولێر
دەدۆزرێتەوە، برایەكی بچوكی محەمەد كە پاش ئەم
رووداوە لەگەڵ خانەوادەكەی ماڵی خۆیان
جێهیشتووە، لەپەیوەندییەكی تەلەفۆنی رایگەیاند
كە خانەوادەی ئەوان ئیستا زۆربەیان چەكیان
هەڵگرتووە، چونكە پێیانوایە براكەیان بەغەدر
كوژراوە، دەڵێت "تازیەشمان بۆ براكەم
دانەناوە".
ئەو برا بچوكەی محەمەد دەڵێت "محەمەدی برام
ژنی نەهێناوە و لەدایكبووی ساڵی (1976)ە،
لەیەكێ لەگەڕەكەكانی شاری هەولێر نانەواخانەی
هەبوو"، دواتریش باسی رۆژی كوشتنی براكەی كرد
و ئاماژەی بەوەكرد كە كەسێك بەناوی (ئـ) كە
شاگردە لای براكەی خێزانی خۆی و محەمەدی برای
لەگۆڕستانی كارگەی قیڕ كوشتووە. ئەو كوڕە
گەنجە كە زۆر بەكزی دەنگی دەهات، سەرسوڕمانی
خۆی لەكوشتنی براكەی دەردەبڕێ و گوتی "براكەم
كەسێكی ئەوەندە هێمن و لەسەرخۆبوو، قەت
لەخەیاڵی هیچ كەسێك نەبوو، كە ئەو كاری
بەدڕەوشتی بكات، بۆیە ئێستاش تەرمی براكەم
لەخەیاڵم دەرناچێت، چونكە خۆم شوێنی زیاتر لە
9 گوللەم لەسەر جەستەی بینی".
بەگوتەی ئەو كوڕە، ئەو ئافرەتەی كە لەگەڵ
براكەی كوژراوە، چەند ساڵێك لەبراكەی گەورەترە
و خاوەنی 6 منداڵە و لەماوەی رابردووش كوڕێكی
گەورەی ئەو ژنە لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی
كوژاروە، بۆیە وەك ئەو گەنجە دەڵێت "هیچ كەس
چاوەرێی شتی خراپ لەژنێك ناكات كە وەك ئەوەی
من زانیبم ئافرەتێكی تابڵێی خوداناس و
مولتەزیم بووە"، سەبارەت بەوەش كە بۆچی ئەو
ژنە و محەمەد بەیەكەوە لەكارگەی قیڕ كوژراون،
ئەو كوڕە دەڵێت "براكەم زۆر هاوكاری مالێ
(ئـ)ی دەكرد، چونكە (ئـ) شاگردبوو لای براكەم،
زۆریش پێویستی بەهاوكاری هەبوو، جگە لەوەش
ئەوان خێزانێكی هەژاربوون، بۆیە بەدوری نازانم
كە براكەم و ئەو ژنەی بەزۆر بۆ ئەم شوێنە
بردبێت و دواتریش كوشتبنی".
كەسێكی نزیك لە(ئـ)، كە نەیویست ناوی خۆی
ئاشكرا بكات، ئەویش گوتی "(ئـ) گومانی لەهەندێ
هەڵسوكەوتی محەمەد هەبووە، هەستی كردووە شتێكی
ناشەرعی لەگەڵ ژنەكەی هەیە، بۆیە چاودێری
هەڵسوكەوتی هەردوولای كردووە، ئینجا بڕیاری
كوشتنیانی داوە"، ئەو دەشڵێت "(ئـ) ئەو دوو
كەسەی بەشێوەیەكی زۆر ناشایستە لەناو گۆڕستان
بینیوە، بۆیە بڕیاری كوشتنی داون، دواتر
بەپێیەكانی خۆشیی، خۆی تەسلیمی دادگا كردووە،
تاوەكو مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بكرێت".
سەرچاوەیەك لەپۆلیسی فریاكەوتنی هەولێر،
ئاماژەی بەوەكرد كە دوای ئەوەی هاوڵاتییەك
ئاگاداری كردونەتەوە كە تەرمی پیاوێك و
ژنێكیان دۆزیوەتەوە، مەفرەزەكانی ئەوانیش
گەیشتونەتە شوێنی روداوەكە و دەركەوتووە كە
بەدەمانچە ژنێكی تەمەن نزیك 40 ساڵ لەگەڵ
كوڕێك لەنزیك یەكتر كوژراون، ئەم سەرچاوەیە
گوتیشی "تاوانبار پاش ئەنجامدانی تاوانەكەی
خۆی رادەستی پۆلیس كردووە و بیانووی شەرەف و
ناموسی هێناوەتەوە".
بەڵام برا بچوكەكەی محەمەدی كوژراو، پێیوابوو
كە تاوانی كوشتنی براكەی، تەنها بۆ شاردنەوەی
كۆمەڵێ نهێنی دیكە بووە كە مەسەلەی قەرزاری و
كۆمەڵێ كێشەی دیكەیە، لەپاشا ئەو كوڕە گوتی
"ئێستا ماڵی ئێمە و ماڵی ژنە و ماڵی پیاوەكە
هەرسێكمان چەكمان هەڵگرتووە، چونكە هەموومان
پێمانوایە گوناهبار نین و لەخوێنی خۆشمان خۆش
نابین".
|