|
سڤیل:
محەمەد گۆران
جاران كە وەرزی هاوین دادەهات، كەم ماڵ هەبوو
شەوان لەژوورەوە بخەوێت، هەمووان خەوی
سەربانیان لاخۆشتربوو لەخەوتنی خوارەوە، بەڵام
ئێستا پێچەوانە كەوتۆتەوە و كەم كەس دەبینیت،
لەنیوەشەودا پێخەفەكانی بۆ سەرەوە بەرێت. ژنە
بەتەمەنەكان هۆكاری كەمبوونەوەی خەوی شەوانی
سەربان بۆ خەمساردی و بێتاقەتی ژنی ئەو زەمانە
دەگەڕێننەوە، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت
"گەرما ئەخلاقی كۆمەڵایەتیش دەگۆڕێت، چونكە
گرەوی لەم دیاردە بردۆتەوە و وایكردووە مرۆڤ
تەنها لەڕێگای داهێنانەوە كە تەكنەلۆژیایە،
بتوانێ پێش لەم گەرمایە بگرێت".
ژنە بەتەمەنەكان خەوی سەربانیان پێخۆشترە و
گلەیی لەژنی ئێستا دەكەن، (ئاسیا جەلال)
تەمەنی 57 ساڵە و دەڵێت "خەوی سەربان زۆر
خۆشترە لەهاشوهوشی موبەریدە و هەوای سبلیت،
بەڵام ژنی ئێستا چونكە تاقەتی ئەوەیان نییە،
هەموو شەوێك پێخەفەكان ببەنە سەربان و بەیانیش
بیانهێننە خوارەوە، دەڵێن خەوی ژوورەوە
خۆشترە"، ئەو ژنە دەڵێت "ئەگەر یەكێك هەبێت
جلەكانیان لەجیانی بگوازێتەوە، ئەوانیش حەزیان
لەسەربانە و راستناكەن"، (ئەمیرە حوسێن)
قوتابی كۆلێژە و تەمەنی 20 ساڵە، ئەویش دەڵێت
"خەوی سەربان خۆشترە، بەڵام ئەگەر ماڵەوە
نەچنە سەربان، من بەتەنها ناتوانم بچم".
بەڵام مامۆستا (سەدیق مستەفا)ی تەمەن 60 ساڵ،
لەگەڕەكی نەورۆزی شاری هەولێر، زۆر هۆكار
دەكاتە پاساو بۆ كەمبوونەوەی خەوی سەربان، ئەو
دەڵێت "جاران بەناچاری خەوی سەربان ببوو
بەعادەت، چونكە خەڵك نەیدەتوانی لەژوورەوە
بنووێت"، لەهەشتاكان و نەوەدەكانی سەدەی
رابردوو، ئەوكاتیش زۆر هۆكاری فێنككەرەوە
هەبوو، بەڵام خەڵكی هەر خەوی سەربانی
پێخۆشتربوو لەخەوتنی ژوورەوە، مامۆستا ئاوها
وەڵامی دایەوە "راستە، ئەوكاتیش موبەریدە و
ئێركۆندێشن هەبوو، بەڵام ئەوكات خانووەكانی
ناوشار هێندە قەرەبالغ و چڕ و جەنگەڵ نەبوون
لەناو یەكتری، ئێستا زۆربەی خانووەكان 100
مەترییە و دوو نهۆمیشە، بۆیە سەركەوتنە سەر
نهۆمی دووەم بەهەموو كەسێك ناكرێت، من بەخۆم
خانووەكەم دوو نهۆمە، ناتوانم هەموو شەوێك
بەسەربكەوم، دواتر ئەوە بۆ ژنانیش زۆر ناخۆشە
كە هەموو شەوێك ئەو شڕوشیتالە بەسەر بخات و
پاشان بیانهێنێتە خوارەوە"، ئەو مامۆستایەی
گەڕەكی نەورۆز دەشڵێت "بەرزونزمی خانووەكانیش
لەتەنیشت یەكتری ئەوەش كاریگەری خۆی هەیە،
چونكە لەكرمانجەتی ئەگەر خانووی دراوسێكەت
لەهی تۆ بەرزتربێت و عائیلەی تۆی لێ دیاربێت،
ئەوە شتێكی ناخۆشە و كەس پێی مورتاح نییە".
بەوتەی (جەوهەر شێخ محەمەد)ی تەمەن 63 ساڵ،
كەلتوری خەوی سەربانی هاوینان، لەخەڵكی
گوندەكانەوە گواسترایەوە بۆ خەڵكی شار، دەڵێت
"كاتی خۆی، خەڵكی گوند بەهۆی زۆری زیندەوەرە
زیانبەخشەكان، نەیاندەوێرا لەژوورەوە و لەسەر
زەوی بخەون، ئەوكاتەش هەموو كەسێك سەربانی
نەبوو، هەڵدەستان لەناوەڕاستی حەوشی ماڵەكەیان
دیوارێكیان بەبەرزی یەك مەتر و 5 مەتر درێژ و
5 مەتریش پانی دەكرد، پڕیان لەخۆڵ دەكرد و
سەرەكەشیان بەقوڕ سوور دەكرد و شەوان لەسەری
دەنووستن، بەو شوێنەیان دەگوت (سەكۆ)، هەشبوو
شەوان لەسەر سەكۆ نەدەنووست و بۆخۆیان
(كەپر)یان دروستدەكرد كە نووستنەكەی زۆر
لەنووستنی سەر سیسەمی ئێستاكە خۆشتربوو".
خەوتنی شەوانی سەربانی، وەكو بەشێك لەڕەوشتی
كۆمەڵایەتی خەڵك، لەزۆر لەدەقە ئەدەبییەكانی
چەشنی هۆنراوە و چیرۆك باسكراوە، بەڵام
پرۆفیسۆر دكتۆرە (شوكریە رەسول) دەڵێت "ئەوە
ئەوكاتە واقیعەكە ئاوابوو، دەبا ئێستا خەوی
شەوانی سەربانی بچێتە ناوباسی هۆنراوە و
چیرۆكەكانەوە".
سەبارەت بەهۆكارە زانستی و تەندروستیەكانیش
لەسەر كەمبوونەوەی خەوی سەربان لەوەرزی
هاویناندا، دكتۆر (عادل حوسێن) ئاماژەی
بەوەكرد، كە ئێستا پلەی گەرما بەشێوەیەكی گشتی
لەهەموو جیهان بەرزبۆتەوە و بەهەمانشێوە پلەی
گەرمی لەكوردستانیش بەرزبۆتەوە و ژینگەی
هەولێر پیس بووە، دەڵێت "شار كە قەرەبالغ بوو
باڵەخانەی زۆرتری لێ دروستكرا، گەرمتر دەبێت،
سەرباری ئەوەش كە لەهەولێر رێژەی سەوزایی
كەمە، ئەمەش هۆكارێكی دیكەیە بۆ گەرمتر بوونی
ژینگەی ئەوشارە، ئەمە جگە لەبەرەوپێشچوونی
لایەنی تەكنەلۆژی و هۆكارە زۆرەكانی
فێنككەرەوە كە ئاسانكارییەكی زۆری كردووە
تاوەكو خەڵكی بچنەوە ژوورەكانیان".
بۆ بەراوردكردنی خەوتنی سەربان و خەوی
ژوورەوە، لەڕووی تەندروستییەوەش، دكتۆر عادل
حوسێن دەڵێت "خەوتن لەو شوێنە تەندروستە كە
هەواكەی كراوەبێت، هەرچەندی ئاڵوگۆڕی هەوا
هەبێت، ئەوا ئەو شوێنە ئەوەندە باشترە لەڕووی
تەندروستییەوە، بۆیە نووستنی سەربان لەڕووی
تەندروستی لەنووستنی ژوورەوە خۆشتر و باشترە".
ستار باقی، توێژەری كۆمەڵایەتی، بۆ شیكردنەوەی
دیاردەكە بەڕووە كۆمەڵایەتییەكەی، بۆچوونەكانی
ئاوا خستەڕوو "دیاردەیەكی لەمشێوە (نووستن
لەسەربان) پتر لەكۆمەڵگا دواكەوتووەكان
بەدیدەكرێت، لەهەمانكاتدا ئەوەیان پتر لەلادێ
و گوندەكان باوی هەبوو، هۆكاری ئەم بەدیكردنەش
دەگەڕێتەوە بۆ پێشنەكەوتنی تەكنەلۆژیا،
هەروەها ملكەچكردن بۆ بارودۆخەكانی كەش و
هەوا، بەگشتی هۆكارە سروشتییە خۆسەپێنەكان،
وەكو گەرما، لەگەڵ پتەوی متمانەی نێوان
خێزانەكان و پەیڕەوكردنی خێزاندارێتی ناوكی
(باوك و كوڕەكانی لەیەك خانوو). بەڵام
كەمبوونەوە یان نەمانی ئەم دیاردەیە
دەگەڕێتەوە بۆ پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و فەراهەم
بوونی هۆكارەكانی فێنككەرەوە، لەگەڵ
پیادەكردنی خێزاندارێتی سەربەخۆ، رەنگە دوور
لەدایك و باوك بێت، هەروەها كەمبوونەوەی
متمانەی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگا بۆ خەوتن
لەسەربان بەشێوەیەكی ئازاد و دوور لەچاوی
خەڵك. لەهەمووشی گرنگتر بەرزبوونەوەی پلەی
گەرمای گۆی زەوی و كەمبوونەوەی باران و
وشكبوونی زەوییە، كە ئەوەی دواییان وا دەكات
زەوی لەگەرمبوونێكی بەردەوام بێت و مرۆڤەكانیش
توانای جەستەیی و دەروونیان بۆ خۆگونجاندن
لاواز دەبێ و ناتوانن بەرگەی گەرمای شەو و ئەو
زەوییە بگرن كە لەسەری دەخەون. لەهەمانكاتدا
زۆربوونی نەخۆشی دەم بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی،
چونكە گەرما هەڵگری زۆر نەخۆشییە، تەنانەت
گەرما ئەخلاقی كۆمەڵایەتیش دەگۆرێت. بەجۆرێكی
دیكەش گەرما گرەوی لەم دیاردە بردۆتەوە و
وایكردووە مرۆڤ تەنها لەرێگای داهێنانەوە كە
تەكنەلۆژیایە بتوانێ پێش لەم گەرمایە بگرێ".
ستار باقی، ئەوەشی گوت كە "دەبێت ئێمە دان
بەراستیەكی دیكەش بنێین، ئەویش گۆڕانی شێوەی
ئەندازەیی بینا و خانووە تازەكانە، كە زۆربەی
هەرە زۆریان خۆیان لەدوو قات یان پتر
دەبیننەوە، بۆیە گواستنەوەی پێخەف و
بالیفەكانی خەوتن بۆ شوێنێكی ئاوها پێویستی
بەهێزێكی جەستەیی زۆر دەبێت، مرۆڤەكانی ئەو
سەردەمەش توانای جەستەییان كەمتر بۆتەوە
بەرانبەر جارانیان، هەروەها زاڵبوونی رۆحی
هاریكاری نێوان تەواوی خێزانێك لەجاران و
كەمبوونەوەی لەئێستادا. هەروەها جاران ژمارەی
ئەندامانی خێزانێك لەچاو خێزانەكانی ئێستا پتر
بوو، ئەوەش پێویستی بەرووبەرێكی فرەوان دەكرد
بۆ راخستنی پێخەف و شتەكانی دیكەی نووستن،
بەڵام لەسەردەمی ئێستا ژمارەی ئەندامانی
خێزانەكان بچووك و كەم بوونەتەوە، ئەوەش
پێویست بەدۆزینەوەی شوێنێكی فرەوانتر ناكات،
بەتایبەت ئەگەر هاتوو خێزانەكە ژمارەیان كەم
ببێتەوە".
ئەو توێژەرە كۆمەڵایەتیە پێشیوایە خەڵك
دەگەڕێنەوە سەربان، ئەویش ئەگەر ئەم رێگایانە
بگیرێتەبەر "من گومان دەكەم ئەگەر هاتوو پلەی
گەرما بەرەو نزمبوونەوە بچێت، بەشێوە گشتیەكەی
و لەبەرانبەردا نرخی كرێی كارەبا لەوەی ئێستا
هەیە، بكرێتە عەداد و بەرزبكرێتەوە، رەنگە
ئەوكاتە خەڵك بگەڕێنەوە سەر خەوتن لەسەربان،
چونكە خەرجی ئامێرەكانی فێنككەرەوە زیاد
دەكات".
|