|
سڤیل:
تایبەت
دوای ئەوەی یانەی رۆشنبیری و هونەری سەر
بەوەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حكومەتی هەرێم
لەزاخۆ، شەوانە دەكرێتە شوێنی سەماكارانی ژنان
و كچانی عەرەب و خەڵكی دەوروبەری ئەو شوێنەش
ناڕەزایی دەردەبڕن، بەفەرمانی وەزیری رۆشنبیری
و لاوان یانەكە دادەخرێت. هاوكات هەر
لەشارۆچكەی زاخۆ 3 پۆلیس لەگەڵ 3 ژنە لەشفرۆش
دەسگیر دەكرێن و رەوانەی دادگایان دەكەن.
بەر لەدوو ساڵ، هەر لەناو یانەی رۆشنبیری و
هونەری لەزاخۆ، بەشێكی تایبەت بۆ خواردنەوە
كرایەوە و پیاوێك كرایە سەرپەرشتیاری ئەو بەشە
تایبەتە، دواتر ئەویش بەشەكە رادەستی پیاوێكی
دیكە دەكات و بارودۆخەكە دەگاتە ئەوەی كە ئەو
بەشە بكرێتە شوێنی سەماكردن و ژمارەیەكی زۆری
كچان و ژنانی عەرەب لەبەغدا بهێنرێنە یانەكە.
شەوانە لەدوای كاتژمێر 9 تا بەرەبەیان (گەنجان
و نووسەران) لەچواردەوری ژنە سەماكارەكان
كۆدەبوونەوە، كە دواجار ئەمەش دەبێتە هۆی
بێزاری خەڵكی ناوچەكە و چەندین جاریش شەڕ و
ئاژاوەی گەورە لەوناوە دروستدەبێت و گلەیی و
گازاندەی خەڵكەكە ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار
دەكرێت، تەنانەت خودی بەڕێوەبەری رۆشنبیری و
هونەری لەزاخۆ، ناڕازیبوونی خۆی لەسەر رەوشەكە
رادەگەیەنێت و سكالا ئاراستەی سەرووی خۆی
دەكات.
كوڕە گەنجێكی هاموشۆكەری یانە شەوانەیەكە كە
نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، هەموو شەوێك
لەو یانەیە لەدوای كاتژمێر 9ی شەو، بەدیار كچە
سەماكارەكانەوە دانیشتووە و بۆ (سڤیل) گوتی
"هەموو شەوێك چوار تا پێنج كچی جوان دەهاتن و
بەجلی سەماكردن كە سێ بەشی لەشیان رووتبوو،
سەمایان دەكرد و گەنجەكانیش پارەیان دەخستە
نێوان مەمكەكانیان".
فەرمان شوكر، بەڕێوەبەری رۆشنبیری و هونەری
لەزاخۆ، سەرباری پشتڕاستكردنەوەی مەسەلەكە،
بەڵام ئەو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد كە دەرگای یانە
شەوانەیەكە و دەرگای كۆشكی هونەری لەیەكتری
دوور بووینە و دواتریش دەوامی ئەوان كاتی
ئێواران بووە و دەوامی یانەكەش لەدوای كاتژمێر
9ی ئێوارە دەستیپێكردووە. (فەرمان شوكر)
ئەوەشی ئاشكراكرد كە دوای ئەوەی وەزیری
رۆشنبیری و لاوان، دكتۆر (هادی مەحمود)
بەمەسەلەكە دەزانێت، راستەوخۆ بڕیاری داخستنی
یانەكەی داو دەسبەجێش بڕیارەكە جێبەجێكرا،
دەڵێت "ئێستا كەلوپەلی یانەكەیان بردۆتە
دەرەوە و شوێنەكە دەكرێتە جێگای خولی راهێنان
و سازدانی وۆرك شۆپ".
هەفتەی رابردوو، هەر لەقەزای زاخۆ، سێ پۆلیس
كە دوو لەوان سەر بەبەڕێوەبەرایەتی
بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان بوون و
یەكێكیش سەر بەبنكەی لاوان بوو، دوای ئەوەی سێ
ژنە لەشفرۆش بەمەبەستی ئەنجامدانی كاری سێكسی
دەبەنە بنكەی لاوانی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتی
پۆلیسی زاخۆ بەمەسەلەكە دەزانێت، پۆلیسەكان و
ژنە لەشفرۆشەكان دەسگیر دەكات.
ئەفسەرێكی مولازم لەپۆلیسی زاخۆ، كە نەیویست
ئاماژە بەناوەكەی بكرێت بۆ (سڤیل) گوتی
"هەفتەی رابردوو لەكاتی شەودا، پۆلیسێكی بنكەی
لاوان سێ ژنە لەشفرۆشەكە دەباتە بنكەكە و خۆی
و پۆلیسێكی دیكە لەگەڵ ژنەكان دەچنە ژوورەوە و
پۆلیسێكی دیكەش پاسەوانیان بۆ دەكات، بەڵام
بەر لەوەی كاری سێكسی ئەنجام بدەن، پۆلیسی
زاخۆ گەیشتە سەریان و پاش دەسبەسەركردنیان،
رەوانەی دادگایان كردن".
لەوبارەوە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی زاخۆ ئامادە
نەبوو هیچ لێدوانێك بدات.
|