|
"داوا
دەكەم تاوانبار توندترین سزا بدرێت، چونكە جگە
لەوەی %100 هــەوڵی كوشتنی دام،
نــاسنـــــامەكەشی تــــەزویر كردم"
سڤیل: محەمەد گۆران
دوای ئەوەی پیاوێك كە دانیشتووی كۆمەڵگای
(كانی قڕژالەی) نزیك هەولێرە، لەناو شار
سەیارەیەك بەناوی كرێ دەباتە گوندی (شیواشۆك)
و لەوێش 4 گوللە لەشۆفێری تاكسییەكە دەدات و
بەبرینداری جێیدەهێڵت، بەنیازی فرۆشتنی
سەیارەكە، ناسنامەی شۆفێرەكە تەزویر دەكات و
دەچێتە پیشانگایەكی فرۆشتنی سەیارە، بەڵام
دواتر دەستبەسەر سەیارەكە دادەگیرێت و پاشتریش
خۆی دەستگیر دەكرێت و دان بەتاوانەكەی
دادەنێت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش،
لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی رایدەگەیێنێت، كە
تەنها لەماوەی 3 رۆژ توانیویانە تاوانەكە
ئاشكرا بكەن و تاوانباریش دەسگیر بكەن.
شۆفێری تاكسییەكە (پشتیوان ئەحمەد عەلی) تەمەن
38 ساڵی دانیشتووی گەڕەكی (گوڵان)ی شاری
هەولێر، كە تائێستا لەنەخۆشخانەی ئێمرجینسی
شاری هەولێر، چەند نەشتەرگەریەكی بۆ كراوە،
لەو 4 گوللەیەی بەر دەستی و سكی كەوتووە،
گوللەیەكی لەناو پشتی ماوە و نەتوانراوە بەهۆی
نەشتەرگەریەكی زۆر قورسیش ئەو گوللەیە
دەربهێنرێت، رۆژی 22/7/2010 كە بۆ لێكۆڵینەوە
و گێڕانەوەی رووداوەكە، لەنەخۆشخانەی
ئێمرجینسی هێنرابووە نووسینگەی نەهێشتنی دزینی
ئۆتۆمبێل، بۆ (سڤیل) قسەی كرد و مەرجی
قسەكردنەكەشی ئەوەبوو كە دەبێت، ئاماژە بەناوی
نووسینگەی نەهێشتنی دزینی ئۆتۆمبێل بكرێت،
چونكە هاوكاریەكی زۆری ئەویان كردووە و هەر
ئەوانیش توانیویانە كە تاوانبارەكە دەسگیر
بكەن و سەیارەكەی بۆ بگەڕێننەوە.
خاوەنی ئەو تاكسییەی كوردستان لەجۆری بیكاشۆ،
چیرۆكی رفاندنی سەیارەكەی و بەبەر گوللەدانی
خۆی لەشیواشۆك، ئاوا گێڕایەوە و گوتی
"پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 16/7/2010 لەلای
گەراجی كۆیە نزیك مۆدێرن سیتی، پیاوێك دەستی
لێمڕاگرت و گوتی گەر تاشەریكەی نەوتی شیواشۆكم
بەریت، یەكەمجار من وتم، كاكە دەرگاكە پێوە
دەوە، دوورە و من ناچم، گوتی وەڵاهی ئامۆزا،
من پۆلیسم و سەیارەی خۆمان جێی هێشتوومە و
دەوامیشم هەیە، ئەگەر نەمگەیەنی سزا دەدرێم،
ئەوەبوو زۆر پاڕایەوە و بە 30 هەزار دینار
پێكهاتین كە بیگەیەنم. ئیدی بەڕێكەوتین و باسی
سووتانی هۆتێل سۆمای كرد و زۆر ئاسایی بوو،
هیچ شتێكی غەریبم لێی نەدیت. لەڕێگا بەرەو
شیواشۆك لاماندا و گوندی (گۆپتەپە)مان كەوتە
سەر ڕێگا، دیاربوو خەڵكی گوندەكەشی دەناسی،
گوتی ئەوە خانووی موختارە و تازە دەكرێت،
لەدوای ئەو گوندی شیواشۆك دێت و دەگەیە
چاڵاییەك، پێش ئەوەی بگەینە شەریكە، دیوارێكی
بلۆك دیاربوو، گوتی ئەوە خاڵی پاسەوانی
ئێمەیە، جا كە جادەی قیڕ تەواو دەبێت، ئەوەی
دیكە خۆڵە و من گوتم، ئیدی بەسە ناچمە سەر ئەو
خۆڵە، لەوێش پاڕایەوە، پاشان كە بردمە
چاڵاییەكە گوتی، ئێرەباشە، بۆخۆم لێرە بەپێیان
بەسەر دەكەوم".
پشتیوان ئەحمەد، دوای 6 رۆژ تێپەڕبوون بەسەر
رووداوەكە، لەنووسینگەكەی نەهێشتنی دزینی
ئۆتۆمبێڵ، بۆ (سڤیل)، ساتی ئەنجامدانی
تاوانەكە باس دەكات و دەڵێت "منیش لەلای
زەلكاوە ئاوێك، كە چەند تەیرێكی لێبوو ئاویان
دەخواردەوە، رامگرت و سەیری ئەوانم دەكرد،
چاوەڕێ بووم كە بێتە خوارەوە، كاتێك گوێم
لێبوو، بەمن دەڵێ دابەزە! منیش ئاوڕم دایەوە،
دەبینم وا دەمانچەی لەناو دەستییە، گوتم كاكە
من تۆم بەپیاوەتی هێنایە ئێرە، ئاخر بۆ
دابەزم؟ گوتی پێتدەڵێم دابەزە، دەمانچەكەی
بڵندكرد، گوتی بەخوای دانەبەزی لەتەپڵی سەرت
دەدەم. منیش لەدڵی خۆم گوتم دابەزم لەپشتەوە
لێم دەدات، تاوم دایە دەستی، دیاربوو كە ئەویش
ئەزموونی هەبوو، دوو گوللەی لەدەستی دام، راست
دەرگام كردەوە و خۆم فڕێدا، ئەو كاتە دوو
گوللەی دیكەشی هاوێشت و لەسكی دام، لەسەر
دەستوپێ غارمدا بۆ ناو دڕكاوەكە، پاش ئەوە
هاتە خوارەوە و گوللەكانی دیكەی ناو
دەمانچەكەی هەموو تێگرتم، بەڵام هیچی دیكەم
بەرنەكەوت".
ئەو شۆفێرەی گەڕەكی گوڵانی شاری هەولێر، دوای
پێكرانی بە 4 گوللە، دەشڵێت "چۆوە ناو
سەیارەكە و ویستی بابداتەوە، منیش دوو بەردم
دەستدایە و غارم دایە، بەڵام رێگاكە
راستنەبوو، هەمووی هەوراز و نشێوبوو، زۆری
نەمابوو بیگەمێ، یەدەگەكی دیكەی هاوێشتە
بەردەمانچەكەی، دوو گوللەی دیكەی بەئاراستەی
سەرم هاویشت و زۆری نەمابوو كە بەرم بكەوێت،
ئەوجارە هەر هەڵاتم خۆیم لێ ونكرد، لەدواوە
هەر گوللەی دەهاویشت. ئەوەبوو دواتر هەموو
لەشم خەڵتانی خوێنبوو، هاتمە سەر جادە و بەرەو
شەریكەی نەوت بەڕێكەوتم، لەسەر ڕێگا سەیارەكم
تووشهات و منی گەیاندە نەخۆشخانەی كۆیە،
پاشتریش منیان هێنایە ئێمرجینسی هەولێر و رۆژی
21/7 دوا نەشتەرگەریان بۆ كردم، بەڵام هێشتا
نەیانتوانیوە گوللەیەكی پشتم دەربهێنن".
ئەو شۆفێرە دواجار دەڵێت "من داوا دەكەم كە
توندترین سزا بەسەر تاوانبار بسەپێنرێت، چونكە
جگە لەوەی كە هەوڵی كوشتنی %100 منی داوە،
دواتر ناسنامەكەشی تەزویر كردوومە و 3500
دۆلاری لەناو سەیارەكە بردووە و ئێشتاش نكۆڵی
لەوە دەكا كە لەناو سەیارەكە پارە هەبووبێت".
رۆژی 20/7/2010 لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی
لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر، كە لەسەر ئەو
رووداوە رێكخرابوو، تاوانبار (س.ع.ر)
دانیشتووی كۆمەڵگای (كانی قڕژاڵە)ی نزیك
هەولێر، لەبەردەم رۆژنامەنووسان كە پشتی
كرابووە كامێراكانی رۆژنامەنووسانەوە، دانی
بەتاوانەكەی خۆی دانا و سەرەتاش لەبارەی
چۆنیەتی دەسخستنی ئەو دەمانچەی كە تاوانەكەی
پێئەنجام دا و دواتریش رفاندنی شۆفێرەكە، گوتی
"بەبێ ئەوەی دایكم و باوكم و برایەكانم بزانن،
دەمانچەیەكم لەناحیەی خەبات بە 55 هەزار
دیناری كڕی، ئێستاش نازانم كە چەند فیشەكی
لەسەر بووە، خودا وەكیل، هەریەك یەدەگیشی
لەسەر بووە، مۆبایلەكی سینیم هەبوو، ئەویشم
لەناو مۆبایل فرۆشانی هەولێر فرۆشت، لەكۆتر
سەلام تەكسییەكم گرت و چوومە گەراجی كۆیە،
لەجادەی تاكسییەكم گرت و چووینە شیواشۆك، لەوێ
جادەیەكی خۆڵی لێیە و شۆفێرەكە هەتا ئەوێی
بردم و سەیارەكەی راگرت، منیش دەمانچەكەم
لەبەر نێكم راكێشا و گوتم وەرە خوارێ، ئەویش
پڕی دامێ و منیش لەترسی خۆم، راست تەقەم
لێیكرد. هەر ئەوكاتەش پەشیمان بوومەوە و ویستم
بیبەمە نەخۆشخانەی كۆیە، دواتر ترسام و راست
هاتمەوە هەولێر، شەو كە سەیارەكەم بردەوە،
باوكم پرسیاری سەیارەكەی لێكردم و منیش گوتم
هی (ر)ی هاوڕێمە"، ئەو بەردەوامی دایە قسەكانی
و گوتیشی "ئێوارەی رۆژی پاشتر هاتمە گەڕەكی
نەورۆز لەشاری هەولێر، لەوێ وێنەی ناسنامەی
شۆفێرەكەم لێكردەوە و وێنەكەی خۆیم لێدا و
بەنەزانی چوومە ناو پێشانگای فرۆشتنی سەیاران
و لەوێش لێم ئاشكرابوو و هەڵاتم، دواتریش
لەكانی قرژاڵە گیرام"، دواجار گوتیشی "من
پەشیمانم، ئەوەی لەبەر كەمدەرامەتی دەچێت ئەو
ئیشە دەكات، ئەوە ئیشی پیاوان نییە، بچێ
لەبازاڕی كلێنكس بفرۆشێ باشترە، لەوەی بچی ئەو
ئیشانە بكەیت".
هەر لەكۆنگرە رۆژنامەنووسیەكە (عەبدولخالق
تەلعەت) بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بە
رووداوەكە، لەلێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی
راگەیاندن، گوتی "لەبەرواری 13/7ی ئەو
مانگەدا، دوای ئەوەی تاوانبارێك هەڵدەستێت
بەبەكرێگرتنی سەیارەیەكی تاكسی، بەو مەبەستەی
كە بیگەیێنێتە شیواشۆك، دوای ئەوەی كە
رێكدەكەون لەسەر نرخی كرێیەكەی، لەڕێگادا
تاوانبار دەمانچە لەشۆفێری تاكسییەكە
دەردەهێنێت و 4 گوللەی لێدەدات، بەو مەبەستەشی
كە شۆفێرەكەی كوشتووە، سەیارەكە دەبات. دوای
گەیشتنی ئەو زانیاریە، لێژنەیەكی
لێكۆڵینەوەمان پێكهێنا و خۆشبەختانە توانیمان
بەماوەیەكی زۆر كەم بەهاوكاری نووسینگەی
نەهێشتنی تاوان، سەیارەكە بدۆزینەوە و پاشتریش
تاوانبار دەسگیر بكەین". عەبدولخالق تەلعەت بۆ
دەزگاكانی راگەیاندن، گوتیشی "دوای
لێكۆڵینەوەكردن لەگەڵیدا، تاوانبار دانی
بەتاوانەكەی دانا، كە تەنها مەبەستی
لەبەكرێگرتنی سەیارەكە ئەوە بووە كە سەیارەكە
ببات و لەبەرامبەر بڕێك پارە بیفرۆشێتەوە و
ئاواشی دانابوو كە خاوەنی سەیارەكە كوژراوە".
|