|
بەڕێوەبەری
نەخۆشخانەی ســـــووتان و جوانـــــــكاری:
لـــــە %20ی خەڵـــــكی دهۆك لوتیــــان
خوارە، ئێمە ناتوانین نەشتەرگەری بۆ هەموویان
بكەین
سڤیل: دهۆك
نەخۆشخانەی سووتان و جوانكاری لەدهۆك، لەدوای
دروستكردن و دەسبەكاربوونی، بەپێی ئامارەكان
تائێستا 80 كچ لەو نەخۆشخانەیە بەهۆی رێژەی
بەرزی سووتانەكەیان گیانیان لەدەستداوە و 125
نەشتەرگەری جوانكاریشی تێدا ئەنجام دراوە، كە
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، رێژەی تێچووی
چارەسەركردن لەنەخۆشخانەكەیان بەڕادەیەك
بەرزە، كە رێژەی تێچووی یەك نەخۆش لەبەرامبەر
20 نەخۆشی هەردوو نەخۆشخانەی فریاكەوتن و
ئازادییە لەدهۆك.
دكتۆر محەمەد ساڵح، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی
سووتان و جوانكاری لەدهۆك، ئاماژە بەوە دەكات،
كە ئەو نەخۆشخانەیە بەبڕی سێ ملیۆن و نیو
دۆلار دروستكراوە و بەبڕی زیاتر لەدوو
ملیــــۆن دۆلاریش كەلوپەلی پێشكەوتوو،
مۆنیتەری چاودێری بۆ دابینكراوە.
وەكو بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكەش دەڵێت "تەنها
لەمانگی رابردوو، 25 نەخۆشی سووتاو كە
تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵی بووە،
گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و لەو ژمارەیەش 9
نەخۆش بەهۆی زۆری سووتانەكەیان لەنەخۆشخانە
گیانیان لەدەستداوە، كە 8 لەوان ئافرەت بوونە
و یەكێكیش پیاو بووە، ئەمە جگە لەوەی كە 13
نەخۆش لەدوای وەرگرتنی چارەسەری، نەخۆشخانەیان
جێهێشتووە و 3 لەنەخۆشەكانیش لەدوای
چارەسەركردنیان لەسەر بەرپرسیارێتی خۆیان
چوونەتە ماڵەوە"، ئەو بەڕێوەبەرە گوتیشی
"هەموو سووتاوەكان رێژەی سووتانەكەیان لە %60
بەرەو سەرەوە بووە".
نەخۆشخانەی سووتان و جوانكاری، جگە
لەنەشتەرگەری جوانكاری بۆ نەخۆشە سووتاوەكان،
ئامادەیە بەبێ بەرامبەر جوانكاری بۆ ئەو
كەسانەش بكات كە شوێنێكیان ناشرینە و بەنیازن
جوانكاری بۆ بكەن، بەڵام وەكو بەڕێوەبەرەكە
گوتی "ئێمە ناشتوانین پێشوازی لەهەموو ئەوانە
بكەین، كە بەمەبەستی جوانكاری بۆ كردنیان
سەردانی نەخۆشخانەكەمان دەكەن، چونكە ئەگەر
ئێستا بەتەنها خەڵكی دهۆك وەربگرین، سەیر
دەكەی %20 ئەو خەڵكە لوتی خوارە، جا ئێمە چۆن
دەتوانین لوتی ئەو هەموو خەڵكە راستبكەینەوە".
بــۆیە وەكو بەڕێوەبەرەكە ئاماژەی بۆ دەكات،
لەسەر كەسەكە و شێوازی جوانكاریەكە دەوەستێت،
ئەو دەڵێت "ئێمە بەپلەی سەرەكی گرنگی جوانكاری
دەدەینە نەخۆشە سووتاوەكان، ئینجا ئەو
منداڵانەی كە لەدایك دەبن و بەسكماك شوێنێكیان
شێواوە، وەكو ئەو منداڵانەی كە لێویان
شەقبووە، یا دەمیان لەناوەوە كراوەتەوە،
هەروەها ئەو منداڵانەشی كە هەر بە سكماك
پەنجەكانیان بەیەكەوە نووساوە". هۆكاری ئەمەش
بەوتەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە، بۆ ئەوە
دەگەڕێتەوە كە "ئێمە دكتۆری پسپۆڕمان كەمە،
لەو نەخۆشخانە گەورەیە تەنها یەك دكتۆری
تایبەتمەند بەبواری نەشتەرگەری جوانكاریمان
هەیە، لەگەڵ دوو دكتۆری پسپۆڕ لەبواری سووتان،
بەڵام لەگەڵ ئەوەش ئێمە لەدوو مانگی رابردوو،
توانیومانە 125 نەشتەرگەری جوانكاری و 30
نەشتەرگەری سووتان ئەنجام بدەین، ئەوە جگە
لەچەندین نەشتەرگەری سووك". ئەو سووتاوانەی كە
سەردانی نەخۆشخانەكە دەكەن، لەهەردوو جۆری ئەو
ژنانەن كە خۆیان دەسوتێن یاخود لەرووداوێكی
لەناكاو دەسووتێن، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە
هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەو ژنانەی خۆیان
دەسووتێن چارەسەریان زۆر بەزەحمەتترە لەو
ژنانەی كە لەڕوداوێكدا ئاگریان تێبەر دەبێت،
دەڵێت "ئەو ژنانەی كە خۆیان دەسووتێنن دیارە
لەگەڵ ئەوانەی كە لەرووداوێكدا دەسووتێن،
چونكە ئەوەی خۆی دەسووتێنێت هەموو لەشی
دەگرێتەوە، بەڵام ئەوانەی بێ مەبەست بووە،
تەنها دەستیان دەسووتێت و چارەسەریەكەشیان زۆر
ئاسانترە". گوتیشی "هەر سووتانێك كە رێژەكەی
%60 بەرەو سەرەوە بێت، جێگای مەترسییە".
سەبارەت بەوەش كە ئەگەر هاتوو ژنەكە لەڕقی
كەسوكارەكەی خۆی سووتاندبێت، لێكۆڵینەوەكانی
ئەوان بەچ شێوەیەك دەبێت، دكتۆر محەمەد ساڵح،
بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی سووتان و جوانكاری
لەدهۆك گوتی "لەلای ئێمە هیچ جیاوازییەكی
نییە، چونكە ئێمە بەكاری مرۆڤایەتی خۆمان
هەڵدەستین و لەسەرمان پێویستە كە چارەسەری
بكەین نەوەك لێكۆڵینەوە لەگەڵ كردنی، ئەوە
كاری بنكەی پۆلیسی ئەو شوێنەیە كە ئافرەتەكەی
لێوە هاتووە و ئەوان راپۆرتی خۆیان بۆ دادگا
بەرز دەكەنەوە".
|