|
سڤیل:
هەولێر
پیرەپیاوێكی تەمەن 77 ساڵ، كە نەخۆشی
لەبیرچوونەوەی هەیە، ماوەی 28 رۆژە، ونبووە و
كەسوكارەكەی هیچ شوێنێك نەماوە بەدوایدا
نەگەڕێن و گلەیی ئەوەشدەكەن كە لەمزگەوتەكان
لێنەگەڕاون بانگەواز بۆ دۆزینەوەی باوكیان
بكەن، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی
ئەوقافیش، رایدەگەیێنێت، كە بەپێی بڕیارێكی
وەزارەت، بانگەوازكردن لەبڵندگۆی مزگەوتەكان،
بۆ دۆزینەوەی كەسی ونبوو قەدەغە كراوە، هاوكات
بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێریش، ئاماژە بەوە
دەكات كە هیچ كەسێك لەشاری هەولێر ون نەبووە و
هیچ داتایەكیشیان بۆ ئەم مەسەلەیە نییە.
جەوهەر قادر عەبدولڕەحمان، تەمەنی 77 ساڵە و
دانیشتووی گەڕەكی كوردستانی شاری هەولێرە،
لەكاتژمێر 10ی سەرلەبەیانی رۆژی 27/6/2010
دوای ئەوەی لەماڵەوە دوور دەكەوێتەوە، وندەبێت
و تائێستا كەسوكارەكەی هیچ زانیاریەكی
لەبارەیەوە نازانن، ئەو پیرەپیاوە كە ماوەی 3
ساڵە تووشی نەخۆشی لەبیرچوونەوە هاتووە، كە
كەسوكارەكەشی هەر ئەمەش بەهۆكاری ونبوونەكەی
دەزانن، نەوەك هەر رووداوێكی دیكە، ئێستا
وێنەكەی بەدیواری زۆربەی مزگەوت و شوێنە
گشتییەكانی شارەكانی كوردستان هەڵواسراوە.
جەوهەر قادری ونبوو، خاوەنی دوو كوڕ و دوو
كچە، كە یەكێ لەكوڕەكانی (هونەر جەوهەر)
هۆكاری توشبوونی باوكی بەنەخۆشی لەبیرچوونەوە،
بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە، كە دوای كۆڕەوەكەی ساڵی
1991 یەكێ لەمامەكانی كە لەباوكی بچووكتر
دەبێت، وندەبێت و باوكی خەمێكی زۆری ئەو
برایەی دەخوات، دوای ئەوەش لەساڵی 2003
برایەكی دیكەی (جەوهەر قادر) لەگەڵ هاوسەرەكەی
بەنەخۆشی كۆچی دوایی دەكەن و بەمەش زیاتر
لەرووی دەرونییەوە ئاڵۆز دەبێت.
ئەو خانەوادە كەركوكییە، دوای ئەوەی كە
لەحەفتاكانی سەدەی رابردوو (جەوهەر قادر)ی
باوكیان وەكو فەرمانبەر لەئامادەیی پیشەسازی
هەولێر دادەمەزرێت، ئەوانیش روودەكەنە ئەو
شارە، بەوتەی كوڕە بچووكەكەشی باوكیان هیچ
جارێكی دیكە ون نەبووە و برا گەورەكەی كە
دوكانەكەی لەنزیك ماڵەوە بووە، ئەو بەردەوام
چاوی لەسەربووە، دەڵێت "ئەو رۆژەشی كە باوكم
ونبوو، دووجاری دیكە ویستبووی لەماڵەوە دوور
بكەوێتەوە، بەڵام برا گەورەكەم گێڕابوویەوە،
جاری سێیەم كە رۆیشتبوو ئەو كاتە براكەم لێی
غافڵ ببوو".
دوای ونبوونی (جەوهەر قادر) كەسوكارەكەی لەهیچ
شوێنێكی كوردستان نەماوە، كە بەدوای نەگەڕێن و
وێنەشیان لەزۆربەی شوێنەكان هەڵواسیوە، (هونەر
جەوهەر) كە تەمەنی 26 ساڵە و كوڕی بچووكی
(جەوهەر قادر)ە، دەڵێت "لەهەر شوێنێك
پیرەپیاوێكی ونبوو یا بێكەس كە دەدۆزرێتەوە،
راستەوخۆ تەلەفۆنمان بۆ دەكرێت و تائێستا
چەندین كەسمان بەو شێوەیە بینیوە، بەڵام كە
دەچین باوكم دەرناچێت و كەسێكی دیكەیە".
كەسوكارەكەی ئەو پیاوە ونبووە، گلەیی ئەوەش
دەكەن، كە ئەگەر بانگەوازكردن لەبڵندگۆی
مزگەوتەكان بمابووایە، رەنگە تائێستا
بیانتوانیبا "سۆراغێكی باوكیان" بكەن، بەڵام
(مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەری راگەیاندنی
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكومەتی
هەرێمی كوردستان، هۆكاری نەمانی بانگەواز
لەبڵندگۆی مزگەوتەكانی كوردستان بۆ كەسی
ونبوو، بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە كە "لەبەرئەوەی
هۆكارەكانی راگەیاندن لەچەشنی تەلەفزیۆن و
رۆژنامە و رادیۆ زیادی كردووە و ئێستا لەهەر
شارێك بەدەیان رۆژنامە و گۆڤار و تەلەفزیۆن و
رادیۆی لێیە، بانگەوازكردن لەو رێگایەوە ئاسان
بووە، هەر لەبەرئەوەیە كە بانگەواز لەمزگەوت
نەماوە، ئەگینا ئاساییە گەر هەشبێت".
عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر،
ئەوەی رەتكردەوە كە هیچ كەسێك تائێستا
لەهەولێر ون بووبێت، بۆیە لەبارەی هەبوونی هیچ
داتا و ئامارێك كە لەلای ئەوان سەبارەت بەكەسە
ونبووەكان هەبێت، گوتی "لەهەولێر تائێستا
نەمزانیوە كە هیچ كەسێك ون بووبێت، بەڵام
كەسێك كە بۆخۆی دەچێتە موسڵ یا كەركوك، ئەوە
نابێتە ونبوون".
|