3 عەرەب و 2 ئێزیدی ســـلێمــــانییەك دەڕفێنن... "ئەگەر ئاسایشی بازگەكانی هەولێر نەبــــــــــوایە، دەمێك بوو سەگ خـــواردبوومی"  

 

 

سڤیل: رزگاركۆچەر




پاش ئەوەی (5) كرێكار لەشاری سلێمانی كە (3) لەوان عەرەب بوون و دووانیش كوردی ئێزیدی دەبن، شۆفێرێكی خەڵكی سلێمانی بەنیازی كوشتن و رفاندنی سەیارەكەی لەگەڵ خۆیان بۆ هەولێر دەهێنن، لەرێگادا دەسگیر دەكرێن و شۆفێرەكەش لەمردن رزگاری دەبێت، كە وەكو بەرپرسی بنكەی ئاسایشی بازگەكان لەگردەڕەشەی هەولێر ئاماژەی بۆ دەكات، لەدوای دەسگیركردنی (5) تاوانبارەكە، توانرا شۆفێرەكەش بەزامداری بدۆزنەوە و رەوانەی نەخۆشخانەی بكەن، كە ئێستا لەتەندروستییەكی باشدایە.
ناسر، خەڵكی شاری سلێمانییە و بەكاری شۆفێرییەوە خەریكە، ئەو شۆفێرەی شاری سلێمانی، سەبارەت بە شەوی رفاندنەكەی و هۆكاری ئەوەی كە لەو نیوەشەوەدا لەگەڵ (5) كرێكار لەدرەنگانی شەودا بەرەو هەولێر بەڕێ دەكەوێت، دەڵێت "هەموو شەوانی هەینی بەهۆی ئەوەی كاری تاكسی لەسلێمانی زۆرە، ئەو شەوە تادرەنگانی شەو كار دەكەم، بۆیە ئەو شەوە لەیەكێ لەگەڕەكەكانی سلێمانی، كاتژمێر نزیكەی 10ی شەو دەبوو، چەند كرێكارێك دەستیان لێ هەڵبڕیم و داوایان لێكردم كە بیانگەیەنمە هەولێر، بۆیە ئەوكات لەبەر ئەوەی هەستمكرد كە ئەوان كرێكارن و لەم شارە جێگایان دەستناكەوێت، زۆرم سك پێیان سوتا، گوتم هەم خێرە و هەم بڕێكی باشیشم پارە دەستدەكەوێت، بۆیە بڕیارم دا كە بەم درەنگانی شەوە، بیانگەیێنمە هەولێر".
ناسر، لەسەر گێڕانەوەی قسەكانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت "یەكێ لەكرێكارەكان بەكوردی قسەی لەگەڵم كرد، بۆیە منیش زیاتر دڵنیابووم كە ئەوان پیاوی خراپ نین و داوام لێكردن لەگەڵم بێن تاماڵەوە بۆ ئەوەی ماڵێ دڵنیا بكەم و ئینجا بەرەو هەولێر بەرێ بكەوین". ناسری خاوەن تاكسی، هەڵوەستەیەك لەقسەكانیدا دەكات و وەك خۆی دەڵێت "یەكێ لەمنداڵە بچوكەكانم لەبەردەم دەرگا پێی گوتم باوكە بەم درەنگانی شەوە بۆ كێ دەچی؟ كەچی من هەستم نەبوو بۆ ئەوەی خۆم لەم رێگایە نەدەم".
ئەو چەند كرێكارەی لەگەڵ ناسر رێككەوتبوون تا بیانگەنێتە هەولێر، وەك خۆیان ئاماژەی پێدەكەن، بەهۆی بێ ئیشی و بێ پارەیی چەند رۆژێك پێش بینینی ناسر رێكەوتبوون كە لەناو شاری سلێمانی ئۆتۆمبێلێك بدزن و پارەكەی لەنێوان خۆیاندا بەشبكەن، بۆیە هەموو ئامادەكارییەكیان بۆ خۆیان داڕشتبوو. ناسر دەڵێت "یەكێ لەكرێكارەكان، گەنجێكی عەرەبی قیافە زەخم و گەورەی هەبوو، بۆیە هەر ئەو كات بەر لەوەی لەسلێمانی بەڕێبكەوین، داوام لێكرد بێتە پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكە و لەتەنیشت منەوە دابنیشێت، بەڵام ئەو رازی نەبوو، چونكە وەك ئەوان گوتیان، لەرێگا شوێنەكانی خۆمان دەگۆڕین".
ناسر درێژە بەقسەكانی دەدات و زیاتر باسی ئەم شەوە دەكات، كە خۆی و ئۆتۆمبێلەكەیان رفاند و ئینجا دەڵێت "لەرێگا یەكێ لەكرێكارەكان كە كەسێكی عەرەب بوو، تانزیك كەركوك سروودێكی بەعسییەكانی دەوتەوە، بۆیە ئەوكات زۆر قەڵس ببووم، بەڵام بەسەرەخۆم نەهێنا"، پاشان دەڵێت "كات درەنگانی شەوبوو، لەشارۆچكەی پردێ تێپەڕین، یەكێ لەكرێكارەكان گوتی تۆزێك بوەستە تا ئاوێك دەخۆینەوە، دوو لەكرێكارەكانی پشتەوە هاتنە خوار و ئەوەی تەنیشتم كە كوڕێكی كوردی ئێزیدی بوو، لەگەڵ عەرەبەكەی پشتەوە مانەوە، ناوە ناوە روناكی ئۆتۆمبێلەكان لەرێگاكە رووە و چاومان دەهات، بۆیە ئەوەندەم هەستپێكرد كەسێك لەدواوە بەقایشەكەی پانتۆڵی هێرش دەكاتە سەرملم و هەوڵی خنكاندنم دەدات، بەهەمان شێوەش ئەوەی پێشەوە، روناكییەكانی ئۆتۆمبێلەكە دەكوژێنێتەوە، ئینجا دوو كەسەكەی دیكەیش توند توند لەهەردوو لاوە قۆڵبەستیان كردم".
ناسر كاتێك قسەی بۆ ئێمە دەكرد، زۆر نەبوو لەمردنێكی چاوەڕوانكراو رزگاری ببوو، بۆیە ئەو بەجەستەیەكی بریندار و تێكشكاو كاتە ناخۆشەكانی ئەو شەوەی دەهێناوە پێش چاوی خۆی و وردە وردە قسەی بۆ دەكردین. كاتێك كرێكارەكان ناسر قۆڵبەست دەكەن، بەتاكسییەكەی ناسر رێگای بیستانە كە ڕوو لەدێگەڵەیە دەگرنەبەر و وەك ناسر هێمای بۆ دەكات، ماوەیەك یەكێ لەكرێكارەكان تاكسیەكەی ئەو لێدەخورێت، پاشا هەر لەو رێگایە هەر پینج كرێكارەكە ناسر لەئۆتۆمبێلەكە دەهێننە خوار و پاش بەستنی دەستوقاچ و هەردوو چاوی، یەكێ لەكرێكارەكان هەوڵدەدات سەری ناسری خاوەن تاكسی ببڕێت، بەڵام یەكێ لەكرێكارە ئێزدییەكان دەهێتە قسە و دەڵێت، ئیتفاقی ئێمە ئەوە نەبوو بیكوژین، با لەبەر خاتری منداڵە بچوكەكەی، تەنها ئۆتۆمبێلەكەی لێوەرگرین و هەر لێرە بەدەستوچاو بەستراوی جێی بهێلین.
بەڵام وەكو ناسر دەڵێت "ئەوانی دیكە ئەوەندە گوێڕایەڵی قسەی ئەو كرێكارە ئێزیدیە نەبوون، بۆیە بەچەند چەقۆیەك كەوتنە گیانم و هەر لەم شوێنە تاریكە بەدەستوچاو بەستراوی منیان جێهێشت"، ناخۆشیەكانی ئەو شەوە لای ناسر خۆی لەكۆمەڵێ تراژیدیای ناخۆش دەبینێتەوە، وەك خۆی دەڵێت "كاتژمێر 3ی شەو، بەحاڵ تۆزێك چاوم كردووە، بینیم وا هەر چوار دەورم سەگە، بەڵام هێرشیشم ناكەنە سەر"، بۆیە ئەو گەنجە كە تەواوی سەر و ریشی بەخوێن داپۆشرا بوو، درێژە بەقسەكانی دەدات و دەڵێت "بەزۆر و بەقونە خشكە، هێدی هێدی خۆم گەیاندە شەقامە سەرەكییەكە، ئەو كاتەش روناكی ئۆتۆمبێلەكان بەتیژی لەهەردوو چاوانمی دەدا، بەڵام زۆرم هەوڵدا كە بەم شێوەیە ئۆتۆمبێلەكان رابگرم، كەچی هیچ لەئۆتۆمبێلەكان بۆم رانەدەوەستا، تادواجار ئۆتۆمبێلێكی بارهەڵگر وەستا و لەترسی خۆی بەڵێنی پێم دا، تەنها دەست و قاچم بكاتەوە". بۆیە دواجار وەك ناسر دەڵێت "برادەرانی ئاسایش وەك فریشتە لێم بەدەركەوتن و منیان لەمردنێكی چاوەڕوانكراو رزگار كرد".
بەرپرسی بنكەی ئاسایشی بازگەكان لەگردەڕەشەی هەولێر، زیاتر زانیاری لەسەر ئەم شەوەی كە ناسری تێدا دۆزرایەوە دا و گوتی "برادەرانمان لەبازگەی دێگەڵە هەر پێنج رفێنەرەكەیان دەستگیركرد، بۆیە ئەركی ئێمە ئەوەبوو بەدوای رفێنراوەكە بگەڕێین و خۆشتان دەزانن كات نزیكەی 3ی شەوبوو، دونیاش تاریكبوو، بۆیە تابڵێی ئەركێكی سەختمان لەپێش بوو".
ئەو ئەفسەری ئاسایش، قسەی زیاتری كرد و گوتی "پاش گەڕان و سوڕانێكی زۆر، توانیمان ناسر بەزامداری بدۆزینەوە و بیگەیەنینە نەخۆشخانە، تا نەشتەرگەری و چارەسەری پێویستی بۆ بكەن، ئێستاش وەك خۆتان دەبینن وەزعی تەندروستی ناسر، زۆر زۆر باشە".
سەبارەت بەرفێنەرەكانیش، ئەم ئەفسەرە زانیاری زیاتری دا و گوتی "یەكێ لەوان كە ناوی (وەلید)ە خەڵكی مەدینە سەورەیە لەبەغدا و ئێستا لەسلێمانی كار دەكات، ئەوەی دیكەش هەر خەڵكی بەغدایە و ناوی (ئەحمەد)ە، ئەوەی سێیەمیش خەڵكی موسڵە و ئەویش هەر ناوی (ئەحمەد)ە، دووانەكەی دیكەش هەردووكیان ئێزدین و لەسلێمانی كار دەكەن".
برایەكی ناسر كە لەسلێمانی بۆ سۆراغی براكەی هاتبووە هەولێر، بەسەرسوڕمانەوە دەیگوت "ئەگەر ئاسایشی بازگەكانی هەولێر نەبوایە ئێستا ئێمە دەبوو لەپرسەی براكەم بوەستین، بۆیە من سوپاسی هەموو ئەفسەر و كارمەندانیان دەكەم، كە نەیانهێشت برازاكانم بێ باوك بن".
یەكێ لەتاوانبارەكان تەواوی پیلانی رفاندن و هەوڵی كوشتنی ناسری بۆ (وەلید) گەڕاندەوە و گوتی "ئێمە تاوانبارین، ئەوەی كردمان لێی پەشیمانین، بەڵام خۆشمان نازانین بۆ ئەو كارەمان كرد".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com