|
سڤیل:
هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ
بەئافرەتان، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی رۆژی
20/7/2010 لەهۆتێڵ چوارچرای شاری هەولێر،
ئاماژەی بە 2038 حالەتی توندوتیژی دژ
بەئافرەتان كرد، كە لە 6 مانگی رابردووی هەر
چوار بەڕێوەبەرایەتی هەولێر و دهۆك و سلێمانی
و گەرمیان، رویانداوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی
دژ بەئافرەتان، لەژێر ناونیشانی (راپۆرتی
هەرێمی- شەش مانگی یەكەمی ساڵی 2010) ئاماری
توندوتیژیەكانی دژ بەئافرەتان لەهەرێمی
كوردستان (هەولێر- دهۆك- سلێمانی- گەرمیان) لە
1/1 تاوەكو 31/6/2010 بڵاوكردەوە، كە تێیدا
2038 حالەتی توندوتیژی لەخۆ دەگرێت، كە جۆری
تاوان و ژمارەكەی بەو شێوەیەیە (كوشتن- 59
حالەت، سوتان- 207 حالەت، سكاڵا- 1038 حالەت،
ئەشكەنجەدان- 671 حالەت، توندوتیژی سێكسی- 63
حالەت).
هەروەك لەراپۆرتەكەدا (كوردە عومەر)
بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ
بەئافرەتان، ئاماژەی بۆ دەكات و دەڵێت
"دیاردەی توندوتیژی دژ بەئافرەتان دیاردەیەكی
جیهانگیریە، بەڵام جیاوازی هەیە لەكۆمەڵگایەك
بۆ كۆمەڵگایەكی دیكە و بەپێی دابونەریت و یاسا
و ئاینی كۆمەڵگا دەگۆڕێت، هەرێمی كوردستانیش
بەدەر نییە لەتوندوتیژی خێزانی و توندوتیژی كە
بەرامبەر ئافرەتان و ژنان دەكرێت".
هەر لەراپۆرتەكەدا، راستەوخۆ دێتەسەر باسی
ئاماری توندوتیژیەكانی دژ بەئافرەتان
لەپارێزگای هەولێر و ئاماژە بەوە دەكات، كە لە
6 مانگی رابردوو 25 حالەتی كوشتن لەشێوەی
(خۆخنكاندن - خۆكوشتن- كوشتنی بەئەنقەست)
هەبووە و لەو ژمارەیەش 14 ئافرەت لەسەر كێشەی
جۆراوجۆر كوژراون و 9 ئافرەت خۆیان كوشتووە و
2 ئافرەتیش بەقەزاوقەدەر مردوون. هەر بەپێی
راپۆرتەكە، لەهەولێر 99 حالەتی سووتانی
ئافرەتان هەبووە و 555 سكاڵاش لەلایەن ژنانەوە
بەرز كراوەتەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار و
ئاماژە بەوەش دەكرێت، كە هەر لەو شارە لە 6
مانگی ئەو ساڵەدا 145 ئافرەت ئەشكەنجە دراون و
14 ئافرەتیش توندوتیژی سێكسیان لەبەرامبەر
كراوە، كە لەو رێژەیەدا %20 ئەو ئافرەتانەی
رووبەڕووی توندوتیژی سیكسی بوونەتەوە، لەلایەن
خودی خێزانەكەی خۆی بووە.
هەر بەپێی راپۆرتەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی
بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان،
لەپارێزگای دهۆك 2 ئافرەت بەشێوەی (كوشتنی
بەئەنقەست) كوژراون و 53 ئافرەتیش سووتاون كە
تائێستا 34 لەو ئافرەتانە مردوون و 19شیان
زیندوون، ئەمە جگە لەوەی كە تائێستا 260 سكاڵا
لەلایەن ژنانی ئەو شارە تۆماركراوە و 7 حالەتی
توندوتیژی سێكسیش لەبەرامبەریان ئەنجام دراوە.
سەبارەت بەئیدارەی (گەرمیان)یش، وەك راپۆرتەكە
ئاماژەی پێدەكات، تەنها 3 حالەتی كوشتنی
ئافرەتان هەبووە لەگەڵ 16 حالەتی سووتان كە
لەو رێژەیە %88ی ئافرەتەكان بەشێوازی
قەزاوقەدەر سووتاون. هەر لەگەرمیان لە 6 مانگی
یەكەمی ئەو ساڵەدا 129 سكاڵا لەیەن
ئافرەتانەوە تۆمار كراوە، بەڵام ئەوەی جێگەی
ئاماژە پێدانە، بەپێی ئەو راپۆرتەی
بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی
دژ بەئافرەتان، هێما بۆ هیچ حالەتێكی
توندوتیژی سێكسی ئافرەتان ناكرێت لەسنووری
ئیدارەی گەرمیان، لەكاتێكدا لەهەر سێ شاری
هەولێر و سلێمانی و دهۆك، ئاماژە بۆ حالەتەكە
كراوە.
لەبارەی ئاماری توندوتیژیەكانی دژ
بەئافرەتانیش لەسنووری پارێزگای سلێمانی،
لەراپۆرتەكەدا هاتووە كە 18 ئافرەت بەشێوازی
(كوشتن- خۆكوشتن- خنكان- خۆخنكان) كوژراون و
71 ئافرەتیش بەشێوازی (سووتان- خۆسووتان)
سووتاون و 42 ئافرەتیش توندوتیژی سێكسیان
لەبەرامبەر ئەنجام دراوە و %12 ئەو ئافرەتانەی
توندوتیژی سێكسیان بەرامبەر كراوە، تۆمەتباران
كەسوكاری ئافرەتەكە بوونە، ئەمە جگە لەوەی كە
هەر لەشاری سلێمانی 94 ئافرەت لەماوەی ئەو 6
مانگە سكاڵایان بەرز كردۆتەوە و 526 ئافرەتیش
رووبەڕووی ئەشكەنجەدان بوونەتەوە.
|