رفێنەرەكانی ئەحمەد، لە گەڕەكی شێخ ئەحمەد دەسگیر دەكرێن  

 

 

سڤیل: هەولێر



دوای دوو رۆژ لەڕفاندنی منداڵێكی تەمەن 8 ساڵی لەناو شاری هەولێر، باندە رفێنەرەكە دەسگیر دەكرێن و منداڵەكەش ئازاد دەكرێت، هاوكات بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش، لەڕاگەیەنراوێكیدا لەدوای رووداوەكە، دەڵێت "هاوڵاتیانی خۆشەویست ئاگادار دەكەینەوە كە هێزەكانی ئاسایش هەمیشە دڵسۆزانە پارێزگاری لەسەروماڵیان دەكەن، دووپاتی دەكەینەوە كە پایتەختی هەرێمی كوردستان، هەردەم ئارامە".
پاش ئەوەی باندێكی منداڵ دزین لەناو شاری هەولێر، كە پێكهاتبوون لەدوو كەس بەناوەكانی (م. خ. ع) دانیشتووی موسڵ و (ع. و. م) دانیشتووی هەولێر، لەكاتژمێر 9ی شەوی 23/7/2010 منداڵێكی تەمەن 8 ساڵی بەناوی (ئەحمەد سەمەد سەلام) لەگەڕەكی هەڤاڵان دەڕفێنن و دەیبەنە گەڕەكی (شێخ ئەحمەد)ی ناوشاری هەولێر، دواتر رفێنەرەكان گوایە لەموسڵن، پەیوەندی بەباوكی منداڵەكەوە دەكەن و لەبەرامبەر ئازادكردنی كوڕەكەی داوای 20 دەفتەر دۆلاری لێدەكەن.
رۆژی 25/7/2010 دوای چەند كاتژمێرێك لەدەسگیركردنی تاوانبارەكان، لەكاتژمێر 2ی پاشنیوەڕۆی ئەو رۆژەدا، بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لەهەولێر، لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی تایبەت بەرووداوەكە، هەردوو تاوانبارەكە و منداڵە رفێنراوەكەی هاوشان لەگەڵ باوكی و باپیری، هێنایە بەردەم رۆژنامەنووسان و دەرگای پرسیار و وەڵامەكانیان بۆ ئاوەڵاكردن، بەڵام وەكو كارمەندەكانی ئاسایش ئاماژەیان پێدا، بەو پێیەی كە هەردوو تاوانبارەكە چەند كاتژمێرێكە دەسگیركراون و لێكۆڵینەوەكان بەكۆتا نەهاتوون، جگە لەوێنەگرتنیان، رۆژنامەنووسان بۆیان نەبوو پرسیار ئاراستەی تاوانبارەكان بكەن.
منداڵە رفێنراوەكە كە چەند كاتژمێرێك بوو لەدەستی رفێنرەكان قورتاری ببوو، لەهۆڵی كۆنگرە رۆژنامەنووسییەكە، لەبەرامبەر تاوانبارەكان دانرایەوە و بۆ رۆژنامەنووسان گوتی "ئەوانە یەكەمجار لەمنیان پرسی مۆنیكایەكی سپی پێدەزانی، منیش گوتم نا و خستمیانە ناو سەیارە، ئەو كابرایە چوكلاتێكی دامێ و دواتر منیان بردە ماڵێك و گوتیان بنوو"، پاشئەوەی رفێنەرەكان ناوونیشانی ماڵەوەیان لەمنداڵەكە وەردەگرن، پەیوەندی بەباوكی منداڵەكەوە دەكەن و پێیڕادەگەیەنن كەوا كوڕەكەی لەموسڵە و لەبەرامبەر 20 دەفتەر دۆلار دەتوانێت بێتە موسڵ و كوڕەكەی بباتەوە، هەروەك، منداڵە رفێنراوەكە، گوتی "بۆ بەیانی منیان لەخەو هەڵستاند و ئەو پیاوە چەقۆی لەسەرملی دانام و گوتی وەرە لەگەڵ باوكت بەمۆبایل قسە بكە و بڵێ من لەموسڵم".
سەمەد سەلام، باوكی (ئەحمەد)ی رفێنراو، ئەویش بۆ رۆژنامەنووسان گوتی "شەوی هەینی 23 لەسەر 24 ئەو مانگە، ئێمە لەماڵی باوكم بووین، دایكم بەئەحمەدی گوتبوو، بڕۆ لەو دوكانەی سەری كۆڵان، هەندێ گوڵەبەڕۆژە و شت بهێنە، ئەحمەد دەڕوات و ناگەڕێتەوە، ئەوەبوو دایكم گوتی ئەحمەد بزربووە، هەر ئەو شەوە خەبەری ئاسایش و نەخۆشخانە و هەموو شوێنێكمان دا"، بۆ بەیانییەكەی بەژمارە تەلەفۆنێكی نەناسراو، پەیوەندی بەباوكی ئەحمەدەوە دەكرێت و پێی رادەگەیەنن كە كوڕەكەی لەموسڵە و لەبەرامبەر ئازادكردنیشی دەبێت 20 دەفتەر دۆلار لەگەڵ خۆی بۆ موسڵ بهێنێت. باوكی ئەحمەد، پاش ئاگاداركردنەوەی ئاسایش، هاوشان لەگەڵ چەند كەسێك لەپیاوانی ئاسایش دەچێتە موسڵ، دەڵێت "لەكاتی خۆی گەیشتنە شوێنی مەبەست لەناو موسڵ، تەلەفۆنم بۆیان كرد، وەڵامی دایەوە و گوتی دەتبینم، بەڵام ناوێرم بێم"، پاش گەڕانەوەیان بەدەسبەتاڵی بۆ هەولێر، بۆ رۆژی دواتر رفێنەرەكان تەلەفۆن دەكەنەوە و ئەوجارە لەسەر ئەوە رێكدەكەون كە بەسەیارەیەكی رێگای موسڵ- هەولێر، پارەكەیان بۆ رەوانە بكرێتە موسڵ.
دوای ئەوەی پارەكە رادەستی شۆفێرێكی ئەو خەتە دەكرێت و دووبارە پەیوەندی دەكەنەوە، نێوەڕۆكەی 25/7 پیاوەكانی ئاسایش، هەردوو رفێنەرەكە لەگەڕەكی (شێخ ئەحمەد)ی شاری هەولێر دەسگیر دەكەن. بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایش لەهەولێر، راستەوخۆ لەدوای دەسگیركردنی رفێنەرەكان، لەڕاگەیەنراوێكیدا، كە لەبەشێكی داهاتووە، دەڵێت "دوای چاودێری و بەدواداچوونی دەزگاكانمان لەهەردوو شاری موسڵ و هەولێر، توانرا شوێنی رفێنراوەكە لەناو شاری هەولێر دەستنیشان بكرێت و لەكاتژمێر 12ی نیوەڕۆی 25/7/2010 رفێنراوەكە ئازادبكرێت و هەردوو تاوانباری باندەكە كە بەو كارە هەڵساون دەسگیر بكرێن".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com