لەسەر كۆتر، پیاوێكی خاوەن پێنج منداڵ دەكوژرێت و سێ پیاوی دیكەش دەكەونە نەخۆشخانە  

 

 

سڤیل: محەمەد گۆران

لەكۆمەڵگای (پیرزین)ی نزیك شاری هەولێر، دوو ماڵە دراوسێ لەسەر كۆتر دەبێتە شەڕیان و سەرئەنجام پیاوێكی خاوەن ژن و منداڵ دەكوژرێت و سێ كەسی دیكەش زۆر بەسەختی بریندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجینسی هەولێر دەكرێن. بنەماڵەی كوژراوەكە، سەرباری تۆمەتباركردنی بەرپرسێكی سەربازی پارتی بەدەستهەبوون لەكێشەكە، بەڵێنیشیان داوە كە تا ئەو رۆژەی تۆڵەی كوژراوەكەی خۆیان دەكەنەوە، ئەوان هیچ پرسەیەك دانەنێن، لەبەرامبەریشدا، بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر، وێڕای نیشاندانی دڵگرانی خۆی كە كێشەیەكی ئاوا گەورە لەسەر كۆتر دروست ببێت، بەڵێنیش دەدات، كە ئەوان بەردەوام دەبن لەسەر لێكۆڵینەوەكانیان تاوەكو دوو تۆمەتبارە هەڵاتووەكە دەسگیر دەكرێن.
رۆژی 26/7/2010 كاتژمێر 9ی ئێوارە، لەگەڕەكی ئاشتی كۆمەڵگای پیرزینی نزیك شاری هەولێر، دوو ماڵە دراوسێ لەسەر كۆتر دەبێتە شەڕیان و سەرئەنجام پیاوێك بەناوی (عەبدولرەزاق كەریم محەمەد) كە خاوەنی پێنج منداڵە، دەكوژرێت و دوو براشی بەناوەكانی (ئەمیر كەریم) و (بێستون كەریم) لەگەڵ كوڕە خەزورێكی بێستون بەناوی (نەجات عیسا عەزیز) زۆر بەسەختی بریندار دەبن و رەوانەی نەخۆشخانەی ئێمرجینسی شاری هەولێر دەكرێن. وەك كەسوكاری بریندارەكان باسی لێوە دەكەن، رۆژی رووداوەكە ئەوان تا كاتژمێر 4ی بەیانی لەبەر دەرگای نەخۆشخانە وەستاون و چاوەڕێی ئەنجامی نەشتەرگەرییەكانی ئەوانیان كردووە.
كوژراوەكە و سێ بریندارەكە، كە سێ برا و كوڕە خەزورێكن، هەموویان سەر بەیەك خانەوادەن و ئەو ماڵەشی كە ئەوان شەڕیان لەگەڵ كردوون، هیچ كوژراو و بریندارێكیان نەبووە و كۆمەڵگای پیرزینیان بەرەو شوێنێكی نادیار جێهێشتووە، بەڵام كەسوكاری كوژراوەكە باس لەبەرپرسێكی سەربازی پارتی بەناوی (ز) دەكەن، گوایە ئەو بەمەفرەزەوە هاتووە و بكوژەكانی لەژێر پاسەوانی خۆیدا بەرەو شوێنێكی نادیار بردووە.
بنەماڵەی خاوەن كوژراوەكە تائێستا پرسەیان دانەناوە و وەك ئەوان ئاماژەی بۆ دەكەن، هەر كەسێكی دیكەش لەشوێنی ئەوان بووایە، پرسەی دا نەدەنا، تاوەكو تۆڵەی خۆی نەكردبووایەوە، رۆژی دوای رووداوەكە، كەسوكاری كوژراوەكە لەبەر دەرگای ماڵەكەی خۆیان وەستابوون و لەچاوەڕوانی هەر رووداوێكی لەناكاو بوون، هیچ یەكێك لەبراكانی (عەبدولرزاق محەمەد)ی كوژراو، كە لەماڵەوە مابوونەوە، ئامادە نەبوون هیچ قسەیەك سەبارەت بەشەڕەكە و كوژرانی برایەك و برینداربوونی دوو براكەی دیكەیان بكەن، بەڵام كەسێكی نزیكی ئەو خانەوادەیە كە هەر چەند مەترێك ئەولاتری ئەوانەوە وەستابوو، بەبێ ئاماژەكردن بەناوەكەی، گوتی "شەڕەكە سەرەتا لەسەر كۆتر بووە و لەنێوان دوو مێردمنداڵ دروستبووە، دواتر برای كوژراوەكە، كە بە بەر دەرگای ئەو ماڵە رۆیشتووە، ئەوان بەچەند كەسێك لێیان داوە، دواتریش كە برایەكانی دیكەی دێنە دەرەوە، لەوان وابێت كە نیازی شەڕیان هەیە، بۆیە دەستیان داوەتە كلاشینكۆف و ئەو ناوەیان هەمووی رشاندووە، ئەوەبوو یەكێك دەكوژرێت و سێیانی دیكەش بریندار دەبن، كە دوانیان برای كوژراوەكەن و یەكێكی دیكەشیان خەزووری یەك لەبراكانە". هەر ئەو كەسە نزیكەی خانەوادەكە، ئەوەشی گوت كە "سەرەڕای ئەوەش، لەدوای تەقەكان كە ئێمە بریندارەكانمان دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانە، یەكێ لەبەرپرسەكانی سوپا بەچەكدارەكانییەوە هاتۆتە ئێرە و نەیهێشتووە كەسێك نزیكی ماڵی بكوژەكە بكەوێتەوە، تاوەكو سەرجەمی ئەو خانەوادەی لەگەڵ خۆیدا بردووە"، ئەو ئاماژە بۆ بكوژەكە دەكات و دەڵێت "ناوی (هـ) ەو كوڕی (س) روونگۆڕییە".
یەكێك لەخاڵەكانی پیاوە كوژراوەكە، كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، ئەویش رۆژی دوای رووداوەكە لەبەر دەرگای ماڵی خوشكەزاكەی وەستابوو، بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو سێ كەسەشی كە ئێستا لەنەخۆشخانەی ئێمیرجینسی هەولێرن، بەتەمای ئەوانیش نەبووین، هەتا كاتژمێر 4ی بەیانی رۆژی دواتر لەپێش ئێمیرجینسی وەستاوین و هەتا یەك لەدوای یەك لەنەشتەرگەری دەرچوونە و خوێنمان داونەتێ"، ئەو خاڵەی كوژراوەكە، گوتیشی "زوڵمێكی وایان بۆ ئێمە هێناوە، مەگەر خوا هەقی ئێمە بكاتەوە، كوژراوەكە خاوەنی پێنج منداڵە و هیچیشی نییە، سێ بریندارەكەش هەموویان خاوەنی ژن و منداڵن و دەسكورتن، بۆیە داواكارین كە حكومەتی هەرێم هەقەكەمان بۆ وەربگرێتەوە".
لەنەخۆشخانەی ئێمیرجینسی هەولێر، هەرسێ بریندارەكە لەسەر سێ قەرەوێلەی لەتەنیشت یەكتری دانرابوون، دوو براكە لەحاڵەتێكی تەندروستی خراپ دابوون، بەڵام خەزورەكەیان برینەكەی لەوان سووكتربوو و لەحالەتێكی تەندروستی مامناوەندی دابوو، (ئەمیر كەریم قادر) كە دوو رۆژ دوای رووداوەكەش هەر وای دەزانی كە تەنها ئەو سێ كەسەیان برینداربوون و پێیان نەگوتبوو كە براكەی كوژراوە، لەحاڵێكی خراپی تەندروستی و بەشێوەیەكی پچڕپچڕ بۆ (سڤیل) قسەی كرد و گوتی "ئەو شەڕە سەرەتا هی ئێمە نەبوو، منداڵ بەشەڕ هاتبوون، خەبەریان دایە ئێمە و گوتیان وەرن لەگەڵ زاواكەتان شەڕە، ئێمەش كە لەكۆڵان سوڕاینەوە، هەر هێندەمان زانی بەبەر گوللەیان داین، ئەمن و ئەو برایەم و كوڕە خەزوورەكەم بریندار بووین و كەوتینە ئێرە".
ئەمیر كەریم، نكۆڵی لەوەشنەكرد كە شەڕەكە سەرەتا لەسەر كۆتر روویدابێت و گوتی "ئەوان هەردووك كۆترباز بوون"، گوتیشی "بەڵام من بۆ ناوبژیوانی چووم و سێ گوللەم بەركەوت"، ئەمیر هەر لەسەر قەرەوێلەكەی لەنەخۆشخانە، هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەشی دەكرد "ئەگەر خوا لێیان خۆشبێت، ئەگینا لێخۆشبوونیان مەحاڵە، چونكە من بۆ ناوبژیوانی چووبووم، خۆ ئێمە دوژمندار نەبووین، با بۆخۆی باش بزانیت، من لەو سەعاتەی لەهەر شوێنێك بیانبینم زەڕبەی خۆم داوێم".
بێستوون كەریم، بەهۆی خراپی باری تەندروستی، نەیتوانی قسەبكات، بەڵام (نەجات عیسا عەزیز) كە كوڕە خەزوری بێستون بوو، ئەویش لەبارەی شەڕەكە بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو ماڵەی دراوسێمان لەناوەخۆیان كێشەیان هەبوو و كۆتریان دزی بوو، ئێمەش كەوتینە ناوبژی و گوتمان با تووشی كێشە نەبین، سەرەتا بێستونی زاوامان چووبووە لایان بۆ ئەوەی كێشەكە گەورەتر نەبێت، بەڵام ئەوان جنێویان بە ژنی زاواكەی بێستون دابوو، ئەوەبوو لەگەڵ ئەو بەشەڕ هاتن و ئێمەش ناوبژی بووین، یەكێك لەوان چوو كلاشینكۆفی هێنا و تەقەی لێكردین، ئێستاش دەڵێن وا هەموویان لەلای بەرپرسێكی سەربازین بەناوی (ز)".
عەبولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، سەبارەت بەكێشەی ئەو دوو ماڵە دراوسێیەی كۆمەڵگای پیرزین، بۆ (سڤیل) گوتی "ئەو دوو ماڵە لەسەر كۆتر بەشەڕ هاتوون و لەو نێوانە چوار كەس بریندار بووینە، كە یەكێ لەبریندارەكان گیانی لەدەستداوە، تۆمەتبارەكانیش رایانكردووە، بەڵام لێكۆڵینەوە بەردەوامە و رێوشوێنی پێویست دەگرینەبەر تاوەكو دوو تۆمەتبارە هەڵاتووەكە دەسگیر دەكرێن".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com