رەئوف دوای 2 مانگ لەجیابوونەوەی لەگەڵ هاوسەرەكەی، خۆی دەخنكێنێت  

 

 

سڤیل: رزگاركۆچەر



پاش ئەوەی دوو رۆژ لەكارەكەی نابینرێت، هاوڕێكانی ناچار دەبن پۆلیس ئاگادار بكەنەوە تابزانن رەئوفی هاوڕێیان چی بەسەر هاتووە. دوای ئەوەش كە پۆلیس دەرگای ماڵەكەی دەشكێنن و دەچنە ژوورەكەی لەگەڕەكی ئازادی شاری هەولێر، دەبینن خۆی بەپەتێك هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە.
رەئوف خەتیبی پاش ئەوەی چەند ساڵێك پێشمەرگەی یەكێ لەحزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبێت، دواجار لەشاری هەولێر لەگەڵ كچێك كە ئەویش كوردی رۆژهەڵاتی كوردستانە، دەبنە هاوسەری یەكتر، كه بۆ ماوەی 7 ساڵ لەگەڵ یەكتر دەگوزەرێن.
رەئوف وەك هاوڕێكانی باسی لێوە دەكەن، گەنجێگی رۆشنبیر و دەستڕەنگین بووە، ئەو بێجگە لەوەی كە لەبواری نوسین و نەخشەسازی شارەزابوو، زۆرجار كاریكاتێر و هەندێ كات شیعریشی دەنووسی. بێجگە لەمەش، رەئوف فەرمانبەری یەكێ لەفەرمانگەكانی وەزارەتی رۆشنبیری حكومەتی هەرێم بووە، وەك هاوڕێكانی باسی دەكەن كوڕێكی هێمن و لەسەرخۆ بووە. سەبارەت بەهۆكارەكانی خۆخنكاندنی یەكێ لەهاوڕێكانی كە نەیویست ناوی خۆی ئاشكرا بكات، گوتی "رەئوف چەند مانگێك پێش ئێستا بەرەزامەندی هەردوولایان، لەهاوسەرەكەی جیابۆوە، بۆیە لەو كاتەوە تووشی حالەتێكی دەروونی زۆر خراپ ببوو، تەنانەت زۆرجار وا نیشانی دەدا كە هیچ ئومێدی بەژیان نەماوە".
سەبارەت بەوەی ئاخۆ هیچ جارێك رەئوف باسی خۆكوشتنی لای هاوڕێكانی كردووە، ئەم هاوڕێیەی دەڵێت "راستەوخۆ باسی نەكردووە، بەڵام جارێك یەكێ لەدەمارە خوێنبەرەكانی خۆی بڕی، بەڵام زوو بەكارەكەی زانرا، بۆیە ئەوكات چارەسەری بۆ كرا، ئەمەش هەوڵێك بوو بۆ خۆكوشتن"، هاوڕێكەی رەئوف، گوتیشی "چەند رۆژێك پێش ئێستا، رەئوف نەهاتە سەركارەكەی، ئێمەش تەنها ئەوندەمان دەزانی كە رەئوف خانوێكی لەنزیك مزگەوتی گەورەی ئازادی بەكرێ گرتووە، بۆیە ئەو رۆژە پێمان وابوو نەهاتنی رەئوف شتێكی ئاسایی نییە، چونكە ئەو كوڕە زۆر مولتەزیم بوو لەدەوامكردن، بۆیە بنكەی پۆلیسی ئازادیمان ئاگادار كردەوە، ئەوانیش پاش بەدواداچوون بۆیان دەركەوت كە رەئوف خۆی خنكاندووە".
سەبارەت بەم رووداوە، نەقیب (هیمداد) ئەفسەری بنكەی پۆلیسی ئازادی، دەڵێت "پاش ئەوەی هاوڕێكانی رەئوف لەدیار نەمانی هاوڕێكەیان ئێمەیان ئاگادار كردەوە، رەزامەندی دادوەرمان وەرگرت بۆ ئەوەی دەرگای ماڵەكەی بكەینەوە، كاتێك چووین بۆ ئەو خانووەی كە رەئوف لەگەڕەكی ئازادی بەكرێی گرتبوو، بۆمان دەركەوت ئەو كوڕە خۆی بەپەت هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوشار، موقەدەم (شوان عەبدولقادر) لەبارەی خۆخنكاندنی رەئوف دەڵێت "بەپێی زانیاریەكانی ئێمە، ئەو كوڕە لەدایكبووی ساڵی 1982 ە، چەند مانگێك دەبێت لەسەر كێشەیەكی كۆمەڵایەتی لەخێزانەكەی جیابۆتەوە، بۆیە لەماوەی رابردوو لەبارودۆخێكی نەفسی زۆر خراپ ژیاوە، چەند جارێك هەوڵی خۆكوشتنی داوە، كاتێكیش ئێمە دەرگای ماڵەكەمان شكاند، بۆمان دەركەوت كە خۆی خنكاندوە".
خزمێكی نزیكی ئەو ژنەی كە پێشتر هاوسەری رەئوف بووە، باسی كێشەكانی نێوان رەئوف و هاوسەرەكەی كرد و گوتی "نزیكەی 7 ساڵ رەئوف و ئەو كچەی خزممان، هاوسەری یەكتر بوون، بەڵام بەهۆی لێك تێنەگەیشتن و هەندێ گرفتی دیكە جیابوونەوە، بەڵام ئێمە وەك خانەوادە هەمیشە پەیوەندیمان لەگەڵ رەئوف هەبوو، هیچ كێشەیەكیشمان لەگەڵی نەبوو، بۆیە خۆكوشتنی بەم شێوە تراژیدیایە، زۆر خەمباری كردین".
سەبارەت بەهەوڵەكانی رەئوف بۆ گەڕانەوەی هاوسەرەكەی، ئەو خزمەی (ش) هاوسەری پێشووی رەئوف، دەڵێت "چۆن پێش دوو مانگ لێك جیابوونەوە، بەم شێوەیە پەیوەندیان نەما، بەڵام رەئوف وەك باسی دەكرد هەمیشە چاوی لەدوای (ش) بوو، تاپەیوەندیان چاك بێتەوە، بۆیە خەمی زۆری دەخوارد".
پاش ئەوەی تەرمی رەئوف گەیەندرایە نەخۆشخانە و پشكنینی پزیشكی دادوەری بۆ كرا، وەك چۆن پۆلیس پێشبینی كردبوو، بەهەمان شێوە دەركەوت، كە رەئوف رۆژێك پێش دۆزینەوەی تەرمەكەی خۆی خنكاندووە و پاشانیش تەرمی رەئوف لەشارۆچكەی جەژنیكان شاردرایەوە.


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com