عـــارەقخۆرەكـانی ناو پەرێز... گەنجە مەشروبخۆرەكان دوای نەمانی بەهـاریش واز لە خواردنەوەی دەرەوە ناهێنن  

 

 

سڤیل: هەولێر

سیروان لەسەر پارچە كارتۆنێكی دانیشتبوو، بە دەستێك خەریكی كردنەوەی عەلاگەیەكی رەشبوو، بەدەستەكەی تری بە مۆبایلەكەی قسەی دەكرد، دەنگی زیاد لەپێویست بەرز دەكردەوە، دیار بوو وەسفی شوێنەكەی بۆ هاوڕێیەكی دەكرد، بە پێكەنینەوە دەیوت "بۆ نایەی؟ وا لەپشت عەنكاوەین، لەنادی پەرێزین، وا دەست پێ دەكەین، جێگایەكی زۆر خۆشە". دیار بوو هاوڕێیەكەی ئەحواڵی یەكێكی تری لێ دەپرسی، سیروانیش بە دڵنیاییەوە وەڵامی دەدایەوە، "ئا ئەحمەدیشم لەگەڵ دایە، برادەرانی تریش دێن، ئەحمەد چۆتە لای ئەو دراوسێیەمان خوێ بێنێ، مەترسە مەبەستم لەدراوسێ كۆمەڵێك گەنجی ترە و لەپەنا سەیارەكەی خۆیان لەنزیك ئێمە دەخۆنەوە".
ئەو شوێنەی سیروان بە گاڵتەوە پێی دەیگوت "نادی پەرێز" ئەوە پشت شارۆچەكەی عەنكاوەیە، لەسەر رێگای بەحركە و پیرزینە، كات دەمە و مەغریب بوو، جیا لەئۆتۆمبێلەكەی سیروان كە لەپەنای دانیشتبوون، چەندین ئۆتۆمبێلی تر بە پەرتوبڵاوی لەناو دڕكە زەردەكان وەستابوون، خاوەنەكانیان دەیانخواردەوە، لەراستیدا ئەوەی ئەوان ناویان ناوە پەرێز، پەرێز نییە، بەڵكو دڕك و داڵی چەند گردێكی بچووكە، ئەوان لەوێ دەخۆنەوە، سیروان كاتێك باسی هەڵوێستی خەڵكی دەكرد، بە یادگاری ناو دەبرد، دەیگوت "ئەو خەڵكانەی بەلامان تێدەپەڕن، چەندین هەڵوێستیان دەربارەی نادی پەرێز هەیە، مادام حكومەت قسە ناكات، ئێمەش وەك یادگاری سەیری تێڕوانینی خەڵكەكە دەكەین". سیروان یەكێك لەو یادگارییانەی گێڕایەوە و گوتی "شەوی نەورۆزێك كۆمەڵێك برادەر دەمانخواردەوە، ئەوكات وشكەساڵی بوو، بەڵام كاتی سەعات نۆی شەو بارانێكی نەرم باری ئێمەش مەست بووین، بۆیە دەستمان كرد بە شایی، لێرە ئازادی، بە ئارەزووی خۆت هاوار بكە، ئەوەش یەكێكە لەتایبەتمەندییەكانی ئێرە، ماڵێك ئەو كات لەنزیك جادە بوو، دوكانی پەنچەرچیان هەبوو، كوڕێكی گەنج لەوماڵە هات و نزیكمان بۆوە، لە دوورەوە گوتی حەزم لەشاییە، كاتێك هاتە پێشەوە بینی برادەری ئێمە لەسەرچۆپی بیرەی لەدەستە، گەڕایەوە گوتی نایەم، ئێمەش گوتمان وەرە برا خۆشە شاییمان لەگەڵ بكە، گوتی نایەم ئەو شتە پیسەتان لەدەستە". سیروان هێشتا قسەی ئەو كوڕە بە جوانتر دەزانێ لەكەسانی تر، بۆیە دەیگوت "ئەو كوڕە گەنجە بە پێچەوانەوە دڵی زۆر خۆشكردین، لەلامان وەستا، بەڵام كەسانێك هەن بە خێزانەوە بە لامان رەت دەبن، تەنها ئێمەیان لە تاریكی لێدیارە، جنێو دەدەن، سەریان لەسەیارە دەردەهێنن، دەڵێن ها عارەقخۆرینە، تەنانەت وتویانە سەگبابینە".
سەرباز پیاوێكی تەمەن 40 ساڵەیە، شوفێری تاكسییە، بە توڕەبوون قسەی دەكرد، دەیگوت "ئێستا بەڕەلایی زۆر بووە، خەڵك ئەگەر عارەقخۆر بێت، با بچێ لەنادییەكان بخواتەوە، بۆ لەناو پەرێز و لەسەرجادەكان، ئەوە دیاردەیەكی ناشرینە، شوێنەكەش پیس دەكەن، جاران لەهەولێر ئەو دیاردەیە نەبوو". سیروان نكۆڵی لەوە ناكات كە شوێنەكە زۆر پیسبووە، بەڵام خواردنەوەی سەرجادەكە بە دیاردەیەكی نوێ نازانێ و دەڵێ "ئەو دیاردەیە نوێ نییە، من دەزانم جاران لەهەولێر سەر قەبرستانەكان عارەق خوراوەتەوە، لەگردەكەی قالینج ئاغا خوراوەتەوە، چەند هونەرمەندێك هەبوونە، هاتونەتە پشت عەنكاوە هاوینان لەوێ خواردنەوەیان داناوە، تەنانەت ئێستاش بە نوكتە باس دەكرێت ئەو هونەرمەندانە پەلەمێزیان هێناوە، شەو درەنگانێك تەشریبیان لێرە دروستكردووە، بەڵام ئەو كات لاچەپ بووە، هاتوچۆ وەك ئێستا نەبووە، بەڵام ئێستا سەیارە زۆرە، ئەوانەی دەخۆنەوە لێرە سەیارەیان زۆرە، ئەوانەی تێپەریش دەبن، هەردەم هاتوچۆ هەیە".
سیروان باسی لەو هۆكارانە كرد، كە وایان لێدەكات لەناو ئەو دركوداڵە بخۆنەوە، سیروان گوتی "هۆكاری سەرەكی پارەیە، تۆ ئەگەر لە نادی دابنیشی، یەك دونیا مەسروفت دەچی، بیرە لەنادییە هەرزانەكان بە دوو هەزارە جگە لەخزمەت، بەڵام لەعەنكاوە دوو دانە بیرە بە هەزار و حەفسەد دینارە، جیاوازییەكە زۆرە، هەموو شتێك بكڕی بۆ خواردنەوە، ئەوا ناكاتە دە هەزار". خاوەن نادیەكی هەولێر باسی لەوە دەكرد، كە ئەگەر پارەی خزمەت نەبێت كەس لە نادیەكان ئیش ناكات، ئەو گوتی "خزمەت وەردەگرین بۆ ئەوەی پارەی كرێكارەكانمان دابین بكەین، زۆربەی كرێكارانمان ئیزدین، مەسیحی و موسڵمان كار ناكەن، ئیزدییەكان بە پارەی كەم كار دەكەن، رۆژانە 3 -5 هەزار دینار وەردەگرن، بەڵام پارەكەی تریان لەسەر خزمەتە، چەند كار زۆر ببێت بۆ ئەوان باشترە، بەڵام بە گشتی بازاڕی نادییەكان كەم بۆتەوە". ئەو كاتەی سیروان قسەی دەكرد، بە پێكەنینەوە سەیری پیاوێكی سوارماتۆری كرد، كە پەلە دەڕۆیشت، عارەقخۆرەكانی بەجیدەهێشت، سیروان گوتی "ئەوە پاسەوانە لە یەكێك لەنادییەكان، دۆستایەتی لەگەڵ عەرەقخۆرەكان هەیە، دەزانێ ئەمڕۆ هەینییە زۆربەی عارەقخۆرەكان ناچنە نادی، بۆیە هاتووە لێرە سەر لە برادرەكانی دەدا، ئەویش نادی بەجێهیشتووە".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com