|
سڤیل:
هەولێر
كچێكی تەمەن 16 ساڵ، دوای ئەوەی داوایەك لەسەر
باوكی كە دكتۆرە لەكۆلێژی ئەندازیاری زانكۆی
سەلاحەدین، تۆمار دەكات و بەتۆمەتی
تەحەروشپێكردنی سێكسی تۆمەتباری دەكات،
باوكەكە دەسگیر دەكرێت و بەڕێوەبەرایەتی
پۆلیسی هەولێریش هەبوونی داواكە
پشتڕاستدەكاتەوە.
هاوكات پارێزەرێكی راوێژكار، ئاماژە بەوە
دەكات كە ئەگەر هاتو باوكەكە تۆمەتەكەی لەسەر
ساغبكرێتەوە، گومان دەكرێت كە بە 10 ساڵ
زیندانی بكرێت. توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش هێما بۆ
ئەوە دەكات، كە زۆرجار كچان بەهۆی پۆشینی
جلوبەرگ و هەلسوكەوتی نەشیاویان تاڕادەیەكی
زۆر كاریگەری نەرێنیان دەبێت لەسەر وروژاندنی
سێكسی باوك و براكانیان.
عەبدولخالق تەلعەت، بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر،
هەبوونی داواكەی ئەو كچە 16 ساڵییە كە باوكە
دكتۆرەكەی تۆمەتبار دەكات بەتەحەروشپێكردنی
سێكسی، پشتڕاستكردەوە و بۆ (سڤیل) گوتی
"لەدوای ئەوەی كچەكە داوای لەسەر باوكی
تۆماركرد، باوكەكە دەسگیر كرا و ئێستا
رێوشوێنی یاسایی لەبەرامبەر گیراوەتەبەر"، ئەو
بەڕێوەبەرەی پۆلیسی هەولێر، بۆ (سڤیل) ئاشكرای
دەكات، كە "باوكەكە دكتۆرە لەكۆلێژی
ئەندازیاری زانكۆی سەلاحەدین و هەفتەی رابردوو
بەهۆی ئەو داوایەی كچەكەی دەسگیركراوە و
لەدوای تەوابوونی لێكۆڵینەوەكان رەوانەی دادگا
دەكرێت"، گوتیشی "كچەكە تەمەنی 16 ساڵە و
ئێستا چۆتەوە ماڵەكەی خۆیان".
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی
توندوتیژی دژ بەئافرەتان لەهەولێر، سەرباری
پشتڕاستكردنەوەی هەبوونی وەها كێشەیەك، بەڵام
بەپاساوی تەواونەبوونی لێكۆڵینەوەكان، ئامادە
نەبوو زانیاری زیاتر بدات.
پارێزەری راوێژكار (حوسامەدین سەرداری) بۆ
شیكردنەوەی كێشەكەی ئەو مامۆستایەی زانكۆ،
لەرووی یاساییەوە، هێما بۆ ئەوە دەكات كە
ئەگەر هاتوو بەڵگەی سەلمێنەر لەبەردەستدابوو
كە باوكەكە تەحەروشی سێكسی بەكچەكەی كردبێت،
گومان دەكرێت كە دادگا باوكەكە بە 10 ساڵ
زیندانی بكات. روونیشی كردەوە كە بەپێی مادەی
385 لەیاسای سزاكانی عێراقی، هەر كەسێك ئەگەر
دەستدرێژی سێكسی بكاتە سەر یەكێ لەمەحارمەكانی
وەك دایك و خوشك و كچ و پوور، یا بەرەزامەندنی
ئافرەتەكەش بووبێت، بەڵام ئەگەر هاتوو دواتر
ئافرەتەكە پەشیمان ببێتەوە و داوا تۆماربكات،
ئەوە بكەری كارەكە بەماوەی 3 مانگ تاوەكو 10
ساڵ، بەپێی بارودۆخی داواكە، زیندانی دەكرێت،
بەڵام ئەوەشی گوت كە "ئەگەر هاتوو دوای كارە
سێكسییەكە ئافرەتەكە سكی بوو، یا پەردەی كچێنی
زەرەرمەندبوو، یاخود تووشی نەخۆشییەكی جنسی
بوو، سزاكە توندتر دەبێت".
بۆیە وەكو ئەو پارێزەرە هێمای بۆ دەكات، لەو
كێشەیەی مامۆستاكەی زانكۆی سەلاحەدین، بەهۆی
ئەوەی كچەكە تەمەنی نەبۆتە 18 ساڵ و كارەكەش
بەزۆر كراوە، "بۆیە سزاكەی ئەو باوكە لە 10
ساڵ زیندانیكردن كەمتر نابێت"، گوتیشی "یاسا
تەنها سەیری كەسەكە دەكات و گوێ بەوە نادات كە
ئاخۆ مامۆستای زانكۆیە یا خزمەتگوزاری
فەرمانگەیەكە".
توێژەری كۆمەڵایەتی (ستار باقی) ئاماژەی پێكرد
كە لادانی سێكسی لەو شێوەیە، لەدوای
راپەڕینەوە خەریكە دەبێتە دیاردە، دەڵێت
"ئەوەش بۆ كۆمەڵێك هۆكاری دەروونی و
كۆمەڵایەتی دەگەڕێتەوە، ئەو كەسانە یا ئەوەتا
تێربوونی سێكسیان بەخۆوە نەدیوە، یاخود
بایەخیان پێنەدراوە، لەحالەتی سێیەمیش، رەنگە
ئەوپەڕی ئازادیان بۆ فەراهەم بووبێت و
نەیانزانیبێت ئازادییەكە بەشێوەیەكی باش
بەكاربهێنن".
ستار باقی، هێمای بۆ ئەوەشكرد، كە ئەو كەسانەی
پەنا بۆ پەیوەندی سێكسی لەو شێوەیە دەبەن،
خودان دەروونێكی تێكشكاون و دەڵێت "بۆ
قەرەبووكردنەوەی ئەوەی كە لەرابردوو لەدەستی
داوە، پەنا بۆ كارێكی لەوجۆرە دەبات و پێیوایە
كە ئەمە دەروازەی رزگاربوونیەتی"، بەڵام
ئەوەشی گوت كە "زۆرجار كچان بەهۆی هەڵسوكەوتی
نەشیاویان، كاریگەری دەخەنە سەر باوك و برا و
دەیانوروژێنن، بەمەش پەنا دەبرێتە بەركارێكی
ناشایستە لەرووی كۆمەڵایەتی و ئاینییەوە".
|