گۆران بۆ سەیران دێت و لە (كانی بی) دەخنكێت  

 

 

سڤیل: رزگار كۆچەر



چەند مەترێك لەدوور ئەو شوێنەی مەلەوانەكان لەدوای تەرمی كوڕەكەی دەگەڕان، مام هیدایەت دوور لەقەرەباڵغییەكە هێدی هێدی دەگریا، لەولاش چەند گەنجێك دەستیان لەدەستی یەكتری گرتبوو، هێواش هێواش لەلایەكی روبارەكە بەدوای تەرمی (گۆران)ی كوڕە گەورەی مام هیدایەت دەگەڕان.
مام (هیدایەت)ی باوكی گۆران بەسەر و ریشێكی نەتاشراو، پاش ئەوەی داوای لەخزمانی كرد هەوڵێكی بۆ بدەن بۆ ئەوەی لە (دوكان) چەند غەواسێك بێنن، تا بەدوای تەرمی كوڕەكەی بگەڕێن، دووبارە بەچاوی بەگریانەوە خۆی لەقەرەباڵغییەكە جیاكردەوە و خەیالێكی قوڵی بۆ ئەو شوێنە بردەوە كە گۆران تێیدا خنكابوو، پاشتر گوتی "ئێمە دانیشووی كەركوكین، نازانم چی گۆرانی هێنا ئەم رووبارە تا تەرمەكەشی نەدۆزینەوە"، ئەو دەڵێت "گۆرانی كوڕم پێشمەرگەبوو، ئەم هەینییە لەسەر داوای ماڵی خەزورانی هاتە سەیران، چونكە زۆر نابێت ژنی هێناوە. ئەوا بۆ دوو رۆژە من و خزمانی لەكەركوكەوە هاتووین، بۆ سەر ئەم رووبارە تاتەرمەكەی بدۆزینەوە، بەڵام هەموو هەوڵەكانمان بێ سوود بووە، چونكە مەلەوانی باش و غەواس لەم شوێنە نین".
یەكێ لەماڵە خەزورانی گۆران كە نەیویست ناوەكەی بڵێ، گوتی "من و گۆران پاش ئەوەی نانمان خوارد، بۆ چەند خولەكێك لەكەنار رووبارەكە خۆمان تەڕكرد، كاتێكیش من خەریكبووم منداڵەكان لەئاوەكە دووربكەمەوە، گۆران دیار نەما و ئاوەكە قوتی دا".
كانی بی، ئەو روبارەیە كە چەند سەد مەترێك لەشارۆچكەی تەقتەق دوورە، كەسێكی دانیشتووی نزیك ئەم روبارە، دەڵێت "ئەم هەفتەیە ئەوا پێنجەم رووداوی خنكانە". سەردار، ئەو كوڕەی لەنزیك روبارەكە شینایی كردووە، دەشڵێت "ئێستا بەچاو وادیارە روبارەكە زۆر تەنكە، بەڵام وانییە، چونكە خاوەن غەسالەكان زۆر بێ بەرنامە قوڵایی لەناو رووبارەكە دروستدەكەن، كاتێكیش خەڵكی مەلە دەكات، هەستبەوە ناكات كە روبارەكە بەم شێوەیە قوڵە، بۆیە لەناو ئاوكە بزر دەبێت و دەخنكێت".
چاوەڕوانی مام هیدایەت و خزمانی لەپێناو گەیشتنی تیمەكانی مەلەوانی و غەواس، گرفتێكی دیكە بوو، چونكە وەك خۆیان دەڵێن "دەبێت بەرەزامەندی بەرێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لەدوكانەوە تیمێك بێن، بۆیە جارناجارێ تەلەفۆنێك بۆ تیمەكان دەكەن و ئەوانیش پێیان دەڵێن بەداخەوە روداوەكە لەسنوری ئێمەدا نییە"، خزمانی مام هیدایەت دەڵێن "ئەوە قەدەرە چاوەڕێی روبارەكە دەكەین، تاتەرمەكە لەشوێنێكی دیكە بخاتە سەرئاو".
هەر بەدرێژایی روبارەكە لەكانی رەش، گەنجێكی دیكەی تەمەن 30 ساڵ بەهەمان شێوە، دەكەوێتە ناو روبارەكە و پاش دوو رۆژ تەرمەكەی دەدۆزرێتەوە، لەولاش لەنزیك شارۆچكەی پردێ، كە رۆژانی هەینی گەشتیارێكی زۆر روو لەكەنار روبارەكە دەكەن، گەنجێكی عەرب دەكەوێتە ناو رووبارەكە و ئەویش دەخنكێت.
بەسام، كوڕە گەنجێكی توركمانی پردێیە، بەكوردیەكی شڕ قسە دەكات و دەڵێت "من بەراوەماسی خەریكم، بۆیە مەلەیەكی باش دەزانم، هەر بۆیەش كە روداوێكی خنكان لەم روبارە دەبێت، ئەوا خەڵكەكە پەنام بۆ دەبەن، تا بەدوای تەرمەكەیان بگەڕێم".
بەسام دەڵێت "ئەم هاوینە تائێستا بەخۆم تەرمی چوار هاوڵاتیم دەرهێناوە، كاتێك سیم یا قولاب لەشوێنێك دەدەین، ئەوا تەرمەكە پێوە دەبێت و دەری دەهێنین"، ئێنجا دەڵێت "زۆرجاریش بەبەلەمەكانمان بەخێرایەكی زۆر لەئاوەكە دەدەین تا شەپۆڵی روبارەكان ببێتە هۆكار بۆ جولەپێكردنی تەرمەكە و خستنەسەر ئاوی".
هەر لەو كاتەی ئێمە خەریكی قسەكردن بووین لەگەڵ بەسام، زەنگی تەلەفۆنەكەی لێیدا و مام هیدایەت بوو داوای هاوكاری لێدەكرد بۆ دۆزینەوەی تەرمی گۆرانی كوڕی.
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com