پرۆژەیەكی كوردستان لەناو 27 وڵات خەڵاتی یەكەم وەردەگرێت  

 

 

سڤیل:



دوای ئەوەی پرۆژەكەیان لەناو 27 پرۆژەی دیكە لەكوردستان بەباشترین دەردەچێت و هەر بەهەمان پرۆژەش بەشداری لە "پرۆژەی راهێنانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەماكانی یەكسانی جێندەری" لەوڵاتی سوێد بۆ ماوەی مانگێك و وڵاتی مەغریب ماوەی 15 رۆژ دەكەن، لەناو 27 وڵات پرۆژەكەی كوردستان پەسەند دەكرێت و خەڵاتی یەكەمی پێدەبەخشرێت.
بەپرۆژەی (بەختەوەری بۆ هەمووان) كە لەلایەن (هودا سابیر زەنگەنە) و پرۆژەی (راهێنانی كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچوونی توندوتیژی و بەشێك لەو پۆلیسانەی كە لەو بوارە كاردەكەن) كە لەلایەن (ئاری رەفیق)ەوە، ئامادە دەكرێت، وەكو پرۆژەیەكی كوردستانی بەشداری لەپرۆژەی راهێنانی نێودەوڵەتی لەسەر بنەماكانی یەكسانی جێندەری، لەوڵاتی سوێد دەكەن و دوای خولێكی 1 مانگی چڕوپڕ و شیكردنەوەی پرۆژەكە بەلایەنە تیۆرییەكەی، دەگەڕێنەوە كوردستان و بەدوای ئەمەش، پاش 5 مانگ، ئەوجارەیان بۆ تاوتوێكردنی پرۆژەكان بەشێوەیەكی پراكتیكی، دەگەڕێنەوە وڵاتی مەغریب و بەشداری لەخولێكی دیكەی 15 رۆژی دەكەن و سەرئەنجام پرۆژەكەی كوردستان لەناو هەر 27 پرۆژەكەی دیكە پلەی یەكەم بەدەست دەهێنێت.
هودا سابیر، ئەندامی بۆردی راوێژكاری لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان، كە هاوكات بەپرۆژەی (بەختەوەری بۆ هەمووان) بەهاوبەشی لەگەڵ (ئاری رەفیق) بەشداری لەو پرۆژە نێودەوڵەتییە كرد، ئاماژەی بەوەكرد كە پاڵنەری سەرەكی بەشداریكردنیان لەو پرۆژەیە، بەهۆی (مەهاباد قەرەداغی)یەوە بووە و دەڵێت "مەهاباد قەرەداغی، نزیكەی 27 فۆرمی هێنایە كوردستان و لەسەر هەر سێ پارێزگاكەی هەرێم دابەشی كرد، بۆیە دواجار تەنها دوو پرۆژە لەناو ئەو 27 پرۆژەیە هەڵبژێردران، ئەویش پرۆژەكەی من بوو، كە ئەوكاتە لە (ڕێكخراوی كۆمەڵەی ئەمەریكی- كورد) بووم و بەناوی ئەوانە بەشداریم كرد، لەگەڵ پرۆژەكەی (ئاری رەفیق) كە ئەو كاتە بەڕێوەبەری گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتان بوو، لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ".
سەبارەت بەپرۆژەكەی خۆی (هودا سابیر) هێمای بۆ ئەوەكرد كە سەرەتا بەچاپگەیاندنی كتێبێك دەستپێدەكات و دواتر زنجیرەی دیكەی بەدوا دادێت كە یەكێك لەوانە كتێبێكە دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەكردنی جەستەیی و دەروونی كچ لەگەڵ كوڕ و بەپێچەوانەوەش، دەڵێت "ئەمە بۆ قۆناغی ناوەندییە، بەڵام تائێستا نەچۆتە بواری جێبەجێكردنەوە".
زۆربەی ئەو وڵاتانەی كە بەشداربوون لەپرۆژەكەدا، لەبواری "یەكسانی جێندەری" بەشێكی زۆریان لەپێشەوەی كوردستانن، بەڵام پرۆژەكەی كوردستان یەكەمی بەدەستهێنا، بۆ ئەمە (هودا سابیر) گوتی "لەقۆناغی یەكەم كە لەوڵاتی سوێد ئەنجام درا و ماوەی مانگێكی خایاند، ئێمە باشترین رۆڵ و پابەندبوونمان هەبوو، لەچۆنیەتی جێبەجێكردنی پرۆژەكانی خۆماندا، هەروەها لەدوای گەڕانەوەمان بۆ كوردستان، ئەوەش گرنگە كە تاچەند گۆڕانكاری دەكەیت و پابەند دەبیت پێوەی، بۆیە ئەوان كە بەدواداچوونیان كرد لەقۆناغی دووەم كە هەڵسەنگاندنە، پێوەرەكان بەدیار كەوتن، هیچ یەكێك لەپرۆژەكانی دیكە لەئاست قووڵی پرۆژەكانی ئێمە نەبوو".
هودا سابیر، ئێستا هاوشان لەگەڵ دكتۆر (بەشیر حەداد) و (یوسف عوسمان حەمەد) ئەندامی بۆردی راوێژكاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەدواداچوونی توندوتیژی دژ بەئافرەتانە و دەڵێت "كێشەی خوێنداری هەبووە كە ماوەی 22 ساڵە چارەسەر نەكراوە و ئێمە لەو ماوەیە چارەسەرمان كردووە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com