|
سڤیل:
رزگار رەزا چوچانی-سوید
فەرهاد جیهان میهەن، لەساڵی 1971 لەشاری
مەهاباد لەدایكبووە. لەساڵی 1989ەوە لەسوید
دەژی و دامەزرێنەر و بەرپرسی ناوەندی
كەمئەندامانی كوردە لەسوید. خاوەنی دوو
بڕوانامەی ماستەرە، كە یەكێكیان لەسەر
پەروەردە و دووەمیان لەسەر كولتوورناسییە.
ئێستا لەزانكۆی Södertön لەستۆكهۆڵم لەبەشی
پەروەردە مامۆستایە.
فەرهاد لەدیمانەیەكدا لەگەڵ (سڤیل) لەبارەی
چۆنیەتی خوێندن و پەروەردە لەسوید دەڵێت
"بەپێی یاسا دەبێت هەموو خوێندكارێك خوێندنی
ناوەندی تەواو بكات، واتە (ئیجبارییە)، بەڵام
لەناوەندی بەدواوە بەویستی خۆیانە بخوێنن یان
نا"، بۆ خوێندنی منداڵانی كوردیش لەسوید،
(فەرهاد جیهان) پێیوابوو كە زۆربەی منداڵانی
كورد لەتاراوگە دوای تەواوكردن و فێربوونی
زمانی سویدی خەریكی خوێندن دەبن، دەڵێت "ئەو
منداڵە كوردانەی كە لەسوید لەدایك دەبن،
لەباخچەی منداڵاندا تێكەڵاوی منداڵی سویدی
دەبن و لەگەڵ پەروەردەی سوید رادەهێنرێن".
فەرهاد گرفتی دایك و باوكی كورد لەگەڵ سیستەمی
سوید ئاشكرا دەكات و دەڵێت "سیستەمی پەروەردەی
سوید، هەندێك لەبنەماڵەكانی كوردی نیگەران
كردووە، چونكە بەتایبەتی دایك و باوكەكانیان
بۆخۆیان فێری سیستەمی لەبەركردن بوون، كە
منداڵەكە وەكو توتی كتێبەكە لەبەر بكات، بەڵام
لەسوید ئیستا زۆرتر كاركردن بەگروپە و باسكردن
یان شەرحكردنی وانە، بەشێوەی گروپی دەبێت".
فەرهاد جیهان كە ماستەری لەپەروەردەدا هەیە،
پێیوایە كە ئەو سیستەمی لەبەركردنە وا دەكات
قوتابی دوای تاقیكردنەوەكەی هیچی لەبیر
نەمێنێتەوە و لایەنە ئیجابییەكانی سیستەمی
گروپی لەپەروەردەدا بەچەند خاڵێك بۆ (سڤیل)
باس دەكات كە بریتین لە "منداڵەكان فێری كاری
هاوبەش و هاوكاریكردن بەیەكتر بن، فێری گفتوگۆ
و دایەلۆگ دەبن وەكو تاكێكی دیموكرات،
فێردەبن كە بیروباوەڕی جیاواز هەیە و تاكەكان
مافی خۆیانە كە پارێزگاری لەبیروبۆچوون و
روانگەی خۆیان بكەن".
بۆ بەشداری منداڵانی كورد لەسوید لەخوێندندا،
ئەم مامۆستا كوردە ئەوەی خستەڕوو كە "لەساڵانی
پێشوودا زۆر كەم منداڵی كورد دوای خوێندنی
ئامادەیی دەچوون بۆ زانكۆ، دەتوانم بڵێم لەم
10 ساڵەی دواییدا گەلێك منداڵی كوردی سویدی
دەستیان دایە خوێندن لەزانكۆكانی سوید دا،
پێشتر دوای ناوەندی دەكەوتنە ناو كاركردن و
كەمتر هەوڵیاندەدا بۆ خوێندن لەزانكۆكاندا،
بەڵام ئێستا گەلێك زۆرن. بەتایبەتی ئێستا
خوێندكارێكی زۆر بۆ مامۆستایی دەخوێنن و دەبن
بەمامۆستا لەخوێندنگاكانی سوید لەداهاتوودا".
گوتیشی كە "ئەم مامۆستا نوێیانە دەتوانن
گۆڕانكاری لەسیستەمی پەروەردەی سوید بكەن.
دیارە مامۆستاكانی سوید نازانن و ناتوانن كە
بەچ شێوەیەك هەڵسوكەوت بكەن لەگەڵ ئەو
منداڵانەی كە لەوڵاتانی شەڕدا هاتوون و شەڕیان
بینیوە، كەسی نزیكیان لەشەڕدا كوژراوە. ئەم
منداڵانە پێوستیان بەیارمەتی تایبەت هەیە، بۆ
ئەوەی كە بتوانن لەخوێندنەكەیان سەركەوتوو
بن".
فەرهاد جیهان لەبارەی سیستەمی پەروەردەی سویدی
كە ئێستا باس لەجێبەجێكردنی دەكرێت
لەكوردستان، رای جیاوازتر لەوانەی هەیە كە لەو
بارەیەوە لەكوردستان قسەیان هەبووە، ئەو دەڵێت
"من نازانم تاچەند سیستەمی پەروەردەی سوید
لەكوردستان بەرێوە دەچێت. پێموایە هەڵەیە و
ناكرێت كە سیستمی پەروەردەی وڵاتێكی دیموكراس
و سیكولاریزمی وەكو سوید كۆپی بكرێت لەهەرێمی
كوردستانێكی ئیسلامیدا و بتواندرێت جێبەجێ
بكرێت. هەرچەند خاڵی خراپ لەسیستەمی پەروەردەی
سویددا نابینم، چونكە سیستەمی پەروەردەی سوید
هەموو هەوڵی ئەوەیە كە منداڵ وەكو تاكێكی
ئازاد، یەكسان و دادپەروەر، بەبیری سەربەخۆ،
بەبیرێكی رەخنەگرانە، رێزنان لەبیروڕای جیاواز
و دیموكرات پەروەردە بكات".
فەرهاد بەجیا لەوەی كە ماستەری لەبواری
پەروەردە و كولتوورناسیدا هەیە، ناوەندی
كەمئەندامانی كوردیشی لەسوید دامەزراندووە،
لەبارەی دامەزراندنی ناوەندەكەش، دەڵێت "من
لەساڵی 2002 دا ناوەندی كەمئەندامانی كوردم
لەسوید دامەزراند. كاری ناوەندی كەمئەندامان
لەسوید پێدانی زانیارییە لەسەر مافی
كەمئەندامان، هۆشیاركردنەوە و یارمەتی
بەكەمئەندامانە كە لەسوید دەژین و پێوستیان
بەرێنمایی هەیە. ئێمە هەتا ئێستا 2 پرۆژەی
گەورەمان هەبووە".
فەرهاد جیهان دووەم پرۆژەی بریتی بووە
لەنوسینی كتێبێك، كە لەكۆتایی ساڵی ٢٠٠٧
كتێبێكی لەنووسینی خۆی و بەزمانی سویدی لەسەر
ژیان و ماف و گرفتەكانی حەڤدە خێزانی كوردی
نیشتەجێی سوید، كە منداڵ و مێرمنداڵی
كەمئەندامیان هەیە، چاپ كردووە بەناوی (Dörren
ska vara (öppen för alla) واتا ”دەرگاكان
دەبێ بۆ هەمووان واڵا بێت” و ئێستا لەزانكۆی
Södertön لەستۆكهۆڵم كتێبەكەی وەك وانە
دەوترێتەوە.
جیهان كە وەك چالاكوانێكی مافەكانی
كەمئەندامانیش لەسوید كاردەكات، ئاشكرای دەكات
كە لەگەڵ ئەوەی خانەوادەیەكی زۆری كورد
كەمئەندامی منداڵەكانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان
بەكار دەهێنن، بەڵام هەبوونی ئەو منداڵانەیان
پێ قبوڵ ناكرێت و دەڵێت "زۆر بنەماڵەی كورد
هەیە، كە هەتا ئیستا پێیان قبوڵ ناكرێ، منداڵی
كەمئەندامیان هەیە و هەندێك بنەماڵە هەن، كە
بەئاشكرا منداڵی خۆیان دەشارنەوە". دەشڵێت
"بنەماڵە هەیە كە من زیاتر لە 20 ساڵە
دەیناسم، بەڵام هەتا ساڵی رابردوو نەمزانیبوو
كە منداڵی كەمئەندامی هەیە. كەس ئەم منداڵەی
لەگەڵ دایكی نەدەبینی. لەسوید مافی
كەمئەندامان بەپێی یاسا پارێزراوە، بەڵام ئەم
بنەماڵانەی كە منداڵەكانیان دەشارنەوە مافی
ئەم منداڵانە زەوت دەكەن. هەروەها هەندیك
بنەماڵە هەن كە منداڵە كەمئەندامەكانیان بەكار
دەهێنن، بۆ ئاسانكردنی ژیانی خۆیان". چونكە
وەكو ئەو گوتی "مافی هەبوونی یارمەتیدەر واتە
personlig assistans زۆر بنەماڵە لەرێگای
ئەوەی كە یارمەتیدەرە بۆ منداڵە كەمئەندامەكەی
موچەی خۆیان بەدەستدەهێنن، بێئەوەی كە كاری
پێوست بۆ منداڵەكەی بكات. ئەو بنەماڵانە
شەڕەكەیان بۆ منداڵەكەیان نییە، كە
كەمئەندامە، بەڵكو شەڕی ئەوان بۆ بەدەستهێنانی
پارە و موچەی خۆیانە. یان لەسوید پارە دەدەن
بۆ كڕینی سەیارە، بەپێی یاسا سەیارەكە هی
منداڵەكەیە، بەڵام لەناو كوردەكان كەمترین كات
بۆ منداڵەكە بەكاردەهێندرێت. لەسوید منداڵی
كەمئەندام زۆر مافی هەیە، بەڵام پێویستە
بنەماڵەكان توانایان هەبێ بەدوای مافی
منداڵەكانیان بكەون".
فەرهاد جیهان رەخنەی توندی لەخێزانە كوردەكانی
ئەوروپا هەبوو، كە بە كەمی سەیری منداڵەكانیان
دەكەن لەحاڵەتی كەمئەندامی و گوتی "هەندێك
بنەماڵە هەن، كە كەرەسەی تایبەت بۆ
منداڵەكانیان وەرناگرن و یان كەسێكی گەورە خۆی
كەرەسە وەرناگرێ و یان هەڵناگرێ لەبەرئەوەی
كە هەڵگرتنی كەرەسەكە وا دەكات، كە
كەمئەندامێكەی دەركەوێ یان كەمئەندامێكەی
ببینرێت. لەناو كوردەكانی ئەوروپا بەتایبەتی
لەسوید لەبنەماڵەی سەركردەی سیاسی حیزبەكان
هەتا رۆشنبیر، نوسەر، مامۆستا و نەخوێندەوار
هەیە، كە شەرم دەكات منداڵی كەمئەندامی خۆی
بهێنێتە ناو خەڵك و زۆرجار منداڵی كەمئەندام
بەچاوی بەزەیی، سكپێسوتان و بەدبەخت سەیر
دەكرێت لەلایەن بنەماڵەكەی خۆیەوە، هەموو
كارێكی بۆ دەكەن. ئەو یارمەتیدانەش كاریگەری
خراپی هەیە لەسەر منداڵە كەمئەندامەكە.
|