|

مەحمود ئەسعەد فەتاح ئاغای سەرۆك عەشیرەتی
هەركی، ئەندامی خولی پێشووتری پەرلەمانی
عێراق، لەسەر لیستی هاوپەیمانی كوردستان،
لەساڵی 1954 لەگوندی (میراخوڕ)ی سەر بەناحیەی
پیرمام لەدایك بووە، قۆناغی سەرەتایی هەر
لەگوندەكەی خۆیان خوێندووە و قۆناغی ناوەندی و
ئامادەیشی لەهەولێر و پیرمام و رواندز و
شارۆچكەی خانە لەئێران و قەزای (شەترە)ی سەر
بەپارێزگای (ناسریە) لەخوارووی عێراق
تەواوكردووە. دەرچووی ساڵی 1981 كۆلێژی
كشتوكاڵی بەغدایە. لەبارەی هەندێ وردەكاری نێو
عەشیرەتی هەركی، لەمەڕ ئەسعەد ئاغای هەركی و
دوولەتبوونی عەشیرەتەكە و هۆكاری مردنی
لاوكبێژی كورد (كاوێس ئاغا) و چەند پرسێكی
دیكە، لەماڵەكەی خۆی لەگوندی (دڕەش) وەڵامی
پرسیارەكانی (سڤیل)ی دایەوە.
سڤیل: محەمەد گۆران
سڤیل: بۆچی عەشیرەتی هەركی لەسەردەمی ئەسعەد
ئاغای باوكت، یەكگرتووتر بوون لەئێستاكە؟
مەحمود ئاغا: باوكم یەكێك بوو لەو سەرۆك
عەشیرەتانەی هەركی كە ناوبانگێكی زۆری
دەركردبوو، ئەو ناو دەركردنەشی بۆ چەند
خەسلەتێكی شەخسی خۆی دەگەڕێتەوە. باوكم لەساڵی
1926 ئەویش هەر لەگوندی (میراخوڕ) لەدایكبووە،
تا پۆڵی 6ی سەرەتای خوێندبوو، بەڵام
شارەزاییەكی باشی لەزمانی عەرەبی و فارسی
هەبوو بەخوێندنەوە و نووسین. یەكێك
لەخەسلەتەكانی باوكم ئەوەبوو، كە زۆر بەدڵسۆزی
كاری بۆ عەشیرەتەكەی خۆی دەكرد. ئاستی
رۆشنبیری بەجۆرێك بوو، دەیزانی كە چۆن مامەڵە
لەگەڵ هەموو رووداو و پێشهاتەكان بكات،
سەرەڕای ئەوەش هەستێكی نەتەوایەتی بەرزی
هەبوو، كە لەوەیان لەفەتاح ئاغای هەركی باوكی
سوودمەند ببوو. باوكم یەكێك بوو لەئەندامەكانی
حیزبی هیوا و پاشتریش پەیوەندی بەشۆڕشی
ئەیلولەوە كرد و ئەندامێكی هەرە چالاكی شۆڕش
بوو، خانووەكەی خۆی لەهەولێر كردبووە بارەگای
سەرەكی پارتی، هەتا سیستەمی قیادەكردنی ئەو،
نەك وەك ئاغایەكی تاكڕەوی دیكتاتۆربێت،
ئاغایەكی دیموكراتی زۆر ئاسایی بوو
لەكارەكانیدا. لەسەر ئەو هەڵوێستانەی، پاش
شۆڕشی ئەیلول بەتایبەتی و لەساڵی 1961
بەولاوە، كە بەهەموو شێوەیەك هاوكاری شۆڕشی
كرد، زۆر خەڵك بووە دژی، جا نەوەك تەنها لەناو
حكومەت، بەڵكو لەناو خۆمانیش خەڵكێك كەیفی پێی
نەدەهات، بەردەوام دەچوون لەلای حكومەت
زمانیان لێدەدا و ئەمن و ئیستیخباراتی سەربازی
و موخابەراتیان لێ هاندەدا، بەتایبەتیش لەدوای
1966 كە مام جەلال و ئەوان چوونەوە ناو
حكومەت، دژایەتیەكە توندتربوو، ئێمە ببووینە
واجیهەی پارتی كە ملمڵانێی ئەوانمان دەكرد
لەناو هەولێر، گەیشتە رادەیەك كە كەمینێكیان
بۆ باوكم دانایەوە لەبەغدا بۆ ئەوەی تیرۆری
بكەین، بەڵام ئەو رۆژە مامێكم لەبەغدا هەمان
جلی باوكمی لەبەر دابوو و وایانزانیبوو كە
ئەوە، لەشەقامی رەشید لەویان دا و باوكم بەبەر
نەكەوت. هەر لەساڵی 1966 هەتا بەیانی 11ی
ئازاری ساڵی 1970 باوكم چاوی بەهەولێر نەكەوت،
تا (حەمەدەمین فەرەج) وەكو پارێزگاری هەولێر،
لەوێ بوو، لەدوای ئەو مێژووەش هەر چاودێری
دەكرا، بۆیە بەناچاری ماڵی بردە (قەسرێ) و
لەوێ دانیشت.
سڤیل: ئێستا براگەورەی هەركیان كێیە؟
هەستناكەن دوای نەمانی باوكت، ئەو تاك
مەرجەعییەی جاران لەناو هەركیان نەماوە و
بۆشاییەك دروستبووە؟
مەحمود ئاغا: ئەگەر بەدیاریكراوی بگەڕێینەوە
بۆ ساڵانی 70 تا 74 كە بەیانی 11ی ئازار درا،
هەركیەكان هەمووی لەناو شۆڕش بوون، ئەو
بۆشاییەی كە تۆ باسی دەكەیت، لەدوای نەمانی
باوكم دروست نەبوو، هۆكارێكی دیكەی هەبوو.
لەدوای نسكۆی 75 كە ئێمە هەموو ئاودیوی ئێران
بووین، ئەوسا (مەحێ) هەركی هەیە، كە ئەویش هەر
خزمی ئێمەیە و بەپشت ئامۆزاینە و دەبێتە
كوڕەخاڵی باوكیشم، ئەوان هاتنە هەولێر و بەگەڵ
حكومەت كەوتن، برایەكی مەحێ لێرە دانیشت و
بووە ئاغای هەركیەكانی ئێرە. ئێمە ساڵ و نیوێك
لەئێران ماینەوە، دواتر كە هاتینەوە ساڵ و
نیوێكیش نەفی باشووری عێراق كراین و هەر لەوێش
باوكم وەفاتی كرد، كە هاتینەوە ئێرەش ئەوان
حوكمڕانی ناوچەكەیان دەكرد، هۆكارەكەشی
ئەوەبوو كە دەسەڵات لەگەڵ ئەواندابوو و دژی
ئێمەبوو، جا ئەو بۆشاییە لەو كاتەوە پەیدابوو.
بەڵام سوپاس بۆ خوا، ئێمە ئەو كاتەش كۆڵمان
نەدا و بەرگریمان لەخۆمان و خەڵكی خۆمان
كردووە. بەدیاریكراویش لەساڵی 1977
پەیوەندیمان كردەوە بەخواڵیخۆشبوو (ئیدریس
بارزانی) و بارودۆخەكەی خۆمان لەبەرامبەر
حكومەت بۆ شیكردەوە، چونكە ویستمان
بەخانەوادەوە دووبارە پەیوەندی بەشۆڕش
بكەینەوە، وەڵامی ناردەوە و گوتی، بەهەر
شێوازێك كە دەتوانن، خۆتان بپارێزن، چونكە
ئەگەر توانیتان لەوێ بمێننەوە، دەتوانن
دووبارە بەكەڵكی ئێمەش بێنەوە. ئەوكاتەش ئەوان
بەپاڵپشتی حكومەت بڕیارێكیان دەركرد كە ئێمە
هەموومان لەگوندەكان دەربكرێین و بەناچاری
لەناو هەولێر نیشتەجێ بكرێین، بەڵام كە دواتر
برایەك و ئامۆزایەكم پەیوەندیان بەشۆڕشەوە
كرد، حكومەت ناچاربوو فەرمانی نیشتەجێكردنی
بەزۆری ئێمەی لادا.
تاراپەڕین بارودۆخەكە بەوجۆرە بوو، ئەوجارە
ئەوان لەگەڵ حكومەت رۆیشتن و گەڕانەوە بۆ
موسڵ، ئێمەش هاتینەوە و دووبارە كۆنتڕۆڵی
تەواومان بەسەر خەڵكەكەی خۆمان كردەوە، بۆیە
ئێستا ئەو بۆشایی و بەڕەڵاییە نەماوە. وەكو
سەرۆك عەشیرەتیش، ئێستا ئەوانەی ئەوبەریش،
بەری بادینان، ئەگەر ئیشێكیان هەبێت، دێنە لای
من و بەپێی توانا منیش هاوكاریان دەكەم.
سڤیل: لەكێشەی ئەو 26 گوندەی ناوچەی گۆرانەتی،
كە ئێستا هەركیەكانی موسڵ هاتوونەتە ناو
قەلعەی ئاكرێ و داوای ئەو گوندانە دەكەنەوە،
گوایە كاتی خۆی موڵكی ئەوان بووە، تۆ تاچەند
هەركیەكان بەخاوەن هەق دەزانیت؟ بۆچوونی تۆ بۆ
چارەسەركردنی كێشەكە چییە؟
مەحمود ئاغا: كێشەی ئەو گوندانە بڕێك ئاڵۆزە،
ئەو كێشەیە دوو رووی هەیە، رووەكان چینە؟
هەندێ لەو گوندانە پێشتر هەركی لێبووە، ئینجا
چ بەحوكمی ئەوەی كە خاوەنی مەڕوماڵات بوونە و
بەر لەشەستەكان لەوێ نیشتەجێ بوونە و
بەتێپەڕبوونی كات خانوویان دروست كردووە و
بوونەتە گوند، ئەوە دیوێكی مەسەلەكەیە. بەشێكی
دیكە لەو هەركیانە، لەدوای نسكۆی ساڵی 1975 كە
ئێمە ئاودیوی ئێران بووین، ئەو هەركیانە لەگەڵ
حكومەت لەموسڵەوە لەگەڵ ئاغاكانیان هاتنە ئەو
شوێنانەی كە ئەو وەختە كەسی لەسەر نەبوو،
یاخود زەوی كشتوكاڵی بوون، حكومەت بەیاسای
نیشتەجێكردنی عەشایر، زەویەكانی بەسەر
دابەشكردن و لەوێی نیشتەجێكردن، هەندێك
موڵكیشیان بەخۆیان كڕی لەو خەڵكەی كە ئەوكاتە
لەوێ بوون. لەدوای راپەڕینیش، ئەوانە دووبارە
بەگەڵ حكومەت كەوتنەوە و چوونەوە موسڵ.
لەدوای ساڵی 2003 كە كۆتایی بەڕژێمەكەی سەدام
حوسێن هات، پاش ئەوەش توندوتیژی لەموسڵ
دەستیپێكرد، ئەوان ئێستا دەیانەوێت بگەڕێنەوە
سەر ئەو گوندانەی كە پێشتر لێی بووینە، بەڵام
ئێستا ئەو گوندانە چۆڵ نەماون و خەڵكی دیكەی
لەسەرە، جا ئەو خەڵكە لەوانەیە كاتی خۆی كە
نسكۆ بوو، پێشمەرگە بووە و ئەوێی جێهێشتبێت و
پاشتر گەڕابێتەوە سەر موڵكی خۆی، یا لەوانەیە
نەفی كرابێت یا دەركرابێت و دواتر گەڕابێتەوە،
بەڵام خەڵكێكیش كە ئێستا لەسەر ئەو گوندانە
دانیشتووە ئەسڵەن خەڵكی ناوچەكە نەبووە، كە
گوندەكان چۆڵبووە و خانووی هەركیەكان بەتاڵ
بووە، ئەویش بۆخۆی چووە لێی دانیشتووە. بۆیە
تائێستا ئەو كێشەیە بەهەڵواسراوی ماوەتەوە،
هەركییەكان داوا دەكەن بگەڕێنەوە سەر
گوندەكانی خۆیان، بەبۆچوونی منیش زۆر ئەستەمە
كێشەكە بەو شێوەیە چارەسەربكرێت، چونكە ئەگەر
3000 ماڵی هەركی لەچاوەڕوانی گەڕانەوەیانن بۆ
ئەو شوێنانە، ئەوا 3000 ماڵی دیكەش وا لەوێ
دەژین و ئەی ئەوان بچن بۆ كوێ؟.
بۆیە ئەگەر بڵێی من گوندەكان دەدەمەوە
هەركییەكان، دەبێت چارەسەری ئەو ماڵانەش بكەیت
كە ئێستا لەسەر گوندەكانن، لەبەر ئەوە كێشەكە
دوو ڕووی هەیە، بۆ كامە لای دەچیت، لاكەی
دیكەش چارەسەری پێویستە، بەڵام بەبڕوای من
چارەسەرییەكە هەر بەحكومەت دەكرێت و ئەو دەبێت
تەداخول بكات، بۆیە منیش زۆرجار بۆچوونی خۆم
لەو بارەیە خستۆتەڕوو و پێشمگوتوون، كە
چارەسەری كێشەكە نە بەو شێوەیە دەبێت، كە ئێمە
وەكو هەركی داوای دەكەین، نە بەو جۆرەش دەبێت
كە كێشەكە هیچ چارەسەرییەكی بۆ نەدۆزرێتەوە.
ئەو كێشەیە دەبێت بەجۆرێك یەكلایی بكرێتەوە كە
هەردوولا پێی رازیبن.
سڤیل: بەبۆچوونی تۆ ئەگەر بەشێك لەو هەركیانەی
كە خاوەن هەقن، بگەڕێنەوە سەر شوێنەكانی
خۆیان، هەركی و گۆران، دەتوانن بەیەكەوە لەسەر
ئەو گوندانە بژین؟
مەحمود ئاغا: بۆ ناتوانن؟ ئەگەر نیەت پاك بێت،
دەتوانن. ئەگەر مرۆڤ بەس هەموو شتێكی بۆخۆی
نەوێت، بۆ نابێت، دەكرێت. ئێستا ئەو شوێنەی كە
ئێمە لێی دەژین، لەبنچینەدا درێژكراوەیی
ناوچەی زرارەتی و گەردیاتییە، بەڵام بڕۆ گوندی
(بەربیان) 50 ماڵی لێیە، 25 ماڵ هەركییە و 25
ماڵ گەردییە، ئەو گوندانەی دیكەی دەوروبەرمان
هەمووی بەو شێوەیە، باشە بۆ ئێمە دەتوانین
بەیەكەوە بژین، بەڵام ئەوان ناتوانن؟ بۆ ئەو
گوند و شارانەی ئێمە هەمووی یەك نەتەوە و
عەشیرەتە؟ نەخێر هەموو تێكەڵە.
بۆیە ئەگەر پێشتریش دوژمنداری و خوێنداریەك
هەبووبێت، ئەوا هەمووی سولح كرا و ماوەی
بەسەرداچوو و بۆتە بەشێك لەرابردوو، ئێمە
دەبێت بەدوای شتی نوێ دابگەڕێین و هەموو
كێشەیەكیش قابیلی چارەسەركردنی هەیە.
سڤیل: ئەی ئێستا لەگەڵ عەشیرەتی زراری
پەیوەندیتان چۆنە؟
مەحمود ئاغا: لەگەڵ ئەوان ئێستا هیچ
كێشەیەكمان نییە و ئاسان نییە لەپەیوەندی و
هاتوچۆ.
سڤیل: كاوێس ئاغای لاوكبێژ هەركی بووە و هەر
لەگەڵ بنەماڵەی ئێوەش ژیاوە، بەم دواییە
كتێبێك بڵاوكرایەوە، تێیدا هاتووە گوایە بەر
لەمردنی، قەوانێكی بڵاوكردۆتەوە و هێرشی
كردۆتە سەر ئینگلیز، بۆیە بەر لەبڵاوبوونەوەی
قەوانەكە ئینگلیز كوشتوویەتی، ئەوە راستە؟
مەحمود ئاغا: ئێمەی هەركی سێ تیرەینە (سیدا-
مەنداو- سەرهاتی) كاوێس ئاغا لەبنەچە سیدایە،
بەڵام بنەماڵەیەك لەناو ئێمەدا هەیە پێیان
دەڵێن (ناوی) كاوێس ئاغا خوارزای ئەوانە و
زیاتر لەگەڵ ئەوان ژیاوە، بۆیە زۆر لەعەشیرەتی
ئێمە وا دەزانن كاوێس ئاغا لەبەرەبابی
ناوییەكانە، بۆیە ئەو هەر لێرە لەهەولێر لەگەڵ
ئێمە ژیاوە و ماوەیەكیش لەشەقڵاوە ژیاوە و هەر
لەوێش ژنی هێنا. بەر لەوەفاتكردنیشی وەسیەتی
كرد لەگوندی (هەرشەم) بینێژن، بۆیە ئێستا
گۆڕەكەی هەر لەو گوندەی سەرووی ئێمەیە.
كاوێس ئاغا كە نەخۆش كەوت، ئەوكاتە لەماڵی
ئێمەبوو لەمیراخوڕ، بەنەخۆشی بەدارەبەست
هێنایانەوە گوندی هەرشەم و هەر بەنەخۆشیش مرد،
بۆیە بەخودای ئەو قسانە هیچ ئەساسی نییە كە
دەڵێن ئینگلیز كوشتوویەتی، ئێمەش گوێمان لەو
قسانە بووە. بەحەقیقەت ئێمە خۆمان بەخاوەنی
كاوێس ئاغا دەزانین، چونكە لەگەڵ ماڵی ئێمە
هەڵسایە و دانیشتووە و ژیاوە، وردەكاریەكانی
زیاتر لەلای ئێمەیە، بەخوای نەئینگلیز و نەكەس
كوشتوویەتی، بەنەخۆشی مرد.
|