لە قوشتەپە بەهۆی ژنبەژنە دەبێتە شەڕە تەقە  

 

 

سڤیل: كاوە شێخانی


دوای ئەوەی چەند ساڵێك لەمەوبەر، دوو بنەماڵە كە یەكیان دانیشتووی ناحیەی (قوشتەپە) و ئەوەی دیكەیان سەر بەقەزای (مەخمور)ە، بەیەكەوە ژنبەژنی دەكەن، ئێستا یەكێ لەو ئافرەتانە داوای تەڵاق دەكات و بەو هۆیەوەش كەسوكاری هەردوولا دەبێتە ناخۆشیان و سەرئەنجام دەسڕێژی لەیەكتری دەكەن. پۆلیسێكی هاتوچۆ كە برای یەكێ لەو ئافرەتانەیە زۆر بەسەختی بریندار دەبێت و دەگوازرێتەوە نەخۆشخانە، هاوكات لەدوای روداوەكە پۆلیسی قوشتەپە، دوو كەس دەسگیر دەكەن و فەرمانی دەسگیركردنیش بۆ دوو كەسی دیكە دەردەكەن.
وەكو كەسێكی نزیك لەبنەماڵەی (م.ج) كە دانیشتووی ناحیەی (قوشتەپە)یە، ئاماژەی بۆ دەكات، ئەو بنەماڵەیەی قوشتەپە چەند ساڵێكە ژنبەژنیان لەگەڵ بنەماڵەیەكی مەخمور كردووە و ئێستا هەریەك لەئافرەتەكان خاوەنی چەندین منداڵن، بەڵام بەوتەی ئەو، ئێستا زاواكەی (م.ج) كە ناوی (ف)ە و ماڵی لەمەخمورە، كچەكەی ئەوانی هێناوەتەوە قوشتەپە و بەنیازی لێكجیابوونەوەن لەگەڵ هاوسەرەكەی دا، بۆیە وەك ئەو دەڵێت "روداوەكە لەوەوە دەستیپێكرد، كە مامۆستا (س) داوای لەبراكەی كرد، كە ئەویش خوشكەكەی ئەوان تەڵاق بدات و رەوانەی مەخموری بكاتەوە، بەڵام براكەی كە ناوی (هـ)ە، جگە لەوەی دەسبەرداری هاوسەرەكەی خۆی نابێت، هێرش دەكاتە سەر باوكیشی و لێی دەدات".
ئەو كەسە نزیكەی ماڵی (م.ج) كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت، گوتیشی "دوای ئەوەی (هـ) لەباوكی دەدات، مامۆستا (س) تەقە لە (هـ)ی برای دەكات و لەكۆڵی دەكاتەوە، بەبێ ئەوەی (هـ) هیچ یەكێ لەگوللەكانی بەركەوێت، بەڵام كێشەكە دوای ئەوە گەورەبوو كە تەلەفۆن بۆ (ب) دەكەن و ئاگادار دەكرێتەوە كە براكەی لەباوكی داوە، هاوكات (هـ) تەلەفۆن بۆ ماڵە خەزورانی لەمەخمور دەكات و ئەوانیش دەگەنە قوشتەپە".
كاتژمێر 4:30ی ئێوارەی 9/8/2010 دوای ئەوەی (د) و (ف) كە هەردووكیان برای (ف) ن، لەمەخمورەوە دێنە قوشتەپە و (ب)یش دەگەڕێتەوە ماڵەوە، (د)بەكلاشینكۆف 5 گوللە لەبیلال دەدات و بەدوای ئەویش (ف) بەدەمانچە گوللەیەكی دیكە لە (ب) دەدات و هەردوو تۆمەتبارەكە بەرەو شوێنێكی نادیار رادەكەن و (بیلال محەمەد جەعفەر) كە پۆلیسی هاتوچۆیە لەبەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی كۆیە، دەگوازرێتەوە نەخۆشخانەی ئێمیرجینسی شاری هەولێر.
بیلال محەمەد، لەنەخۆشخانەی ئێمیرجینسی شاری هەولێر، كە ئێستا لەبارێكی تەندروستی یەكجار خراپ دایە و تائێستا شەش بوتڵ خوێنی تێكراوە، بۆ (سڤیل) گوتی "كێشەكە لەوەوە دەستیپێكرد كە خوشكەكەی من دەڵێ ئەوان مەسروفم ناكێشن و لەگەڵم خراپن، بۆیە ئێستا هاتۆتە ماڵەوە و داوای جیابوونەوە دەكات، باوكم و براكەشم، بە(هـ)ی برام دەڵێن، مادام ئەوان كچی ئێمەیان ناوێت، دەبێت تۆش كچەكەی ئەوان تەڵاق بدەیت، بەڵام (هـ) دەڵێت من هیچ عەیبم نییە لەگەڵ ژنی خۆم و تەڵاقی نادەم".
سەرچاوەیەك لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ناحیەی قوشتەپە، راستەوخۆ لەدوای روداوەكە بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە ئێستا مامۆستا (س) بەهۆكاری تەقەكردن و (ه)یش بەهۆی داوایەك كە باوكی لەدژی تۆماری كردووە و تۆمەتباری دەكات بەوەی كە لێی داوە، دەسگیر كراون. هاوكات ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی قوشتەپە گوتیشی كە "د" و "فە" كە تۆمەتبارن بەتەقەكردن و برینداركردنی بیلال، ئێستا بەرەو شوێنێكی نادیار رایانكردووە و پۆلیسی قوشتەپە فەرمانی دەسگیركردنی بۆ دەركردون و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی مەخموری كردووە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com