|
   
مەریوان عومەر
دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 10 رۆژ بەسەر
رووداوەكە، هێشتا كاریگەری ئەو كارەساتە
جەرگبڕەی بەسەر هاوڕێكانی هات بەقورسی بە
رووخساریەوە دیار بوو، لەودیو چاویلكە
باریكەكەیەوە، كە لەگەڵ رووخساری دەموچاوی
گونجابوو، خەمێكی قوڵ لەچاوەكانی و تۆنی
خەمناكی دەنگی هەستی پێ دەكرا، هەناسەیەكی
قوڵی هەڵكێشا و دەستی بە گێڕانەوەی رووداوەكە
كرد. جوانڕۆ گەنجێكی باڵابەرز و رێكپۆشە،
قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێژی دەرمانسازیە.
ئەو ئێوارەیە وەك ئەوەی بۆ كۆمەڵێك یادگاری
تاڵ و ناخۆش بگەڕێـتەوە، كە وەك خۆی دەڵێ
"هەرگیز بیرناچنەوە"، سەری داخست و بە
حەسرەتێكی زۆرەوە باسی لەو گەشتە كرد، كە چوار
لەنزیكترین هاوڕێكانی بەرەو پیری مەرگ برد.
سەفەری مەرگ
جوانڕۆ ئاوا دەستی بەگێڕانەوەی رووداوەكە كرد
"رۆژی 23/7 لەگەڵ چوار لەنزیكترین هاوڕێكانی
كۆلێژم (عەلی مامەند، سێبوور خدر، لاوەند
عەبدولڕەحمان، هۆشمەند سدیق) بە (BM)ەكەی
لاوەند بە رێگای كەركوكدا بۆ سەردانی پرسەی
كچە هاوڕێیەكی خۆمان بەرەو سلێمانی
بەڕێكەوتین، كەمێك دوای ئێمە سێ هاوڕێی ترمان
بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری (سەنتافی –هۆندای)
بەدواماندا هاتن. گروپێكی زۆر گونجاو بووین بە
یەكەوە، لاوەند شۆفێر بوو، من لەپێشەوە و عەلی
و هۆشمەند و سێبووریش لەدواوە دانیشتبووین،
بەدرێژایی رێگاكە تا نزیك بازیان، من چاوم
بەسەر گێچی خێرایی ئۆتۆمبێلەكەوە بوو، بەڵام
ئێمە خێرا نەدەڕۆیشتین".
نێوانی چەند خولەكێك لەگەڵ مەرگدا
جوانڕۆ و هاوڕێكانی لەنزیك (بازیان)
لەبەنزینخانەیەك دەوەستن، لەوێ سێ هاوڕێكانی
تریشان پێیان دەگەن. "ئێمە پێنج كەس بووین
لەناو (بی ئێم)ەكە، هاوڕێكانی ترمان 3 كەس
بوون، زۆر داوام لە هەریەكە لەعەلی و سێبوور و
هۆشمەند كرد، كە یەكێكیان بچێتە نێو (هۆندا)كە
و لای سێ هاوڕێكەی ترمان"، بەڵام وەك ئەوەی
قەدەر چارەنوسی هەرچواریانی بە یەكەوە
بەستبێتەوە، هیچ كامیان رازی نابن بچنە نێو
ئۆتۆمبێلەكەی تر، "بە ناچاری من لێیان
جیابوومەوە و چوومە لای سێ هاوڕێكەی ترم.
تەنیا 4-5 خولەكی خایاند، تا من لە (بی
ئێم)ەكەوە چوومە نێو (هۆندا)یەكە، ئەوان پێش
ئێمە بەرێكەوتنەوە، بەقسەكردنەوە كەمێك
خافڵاین تا لەناكاو شۆفێرەكەمان هاواری لێ
هەستا، هەموومان تەماشای بەردەمی خۆمان كرد،
100 مەترێك لەبەردەمی خۆمانەوە تەنیا
تەپوتۆزێكی خەستمان بینی، شۆفێرەكە شێوا و
ئۆتۆمبێلەكەمان چەند جارێك ئەمبەر و ئەوبەری
جادەكەی كرد و تایەیەكی تەقی و دواجار
خواڕەحمی كرد، لەنێوان هەردوو سایدەكە
گیرسایەوە و وەرنەگەڕاین".
ئەو دیمەنانەی بیر ناچنەوە
لەپێچكردنەوەیەكی جادەكەدا، لەشوێنێك نزیك
لەبازیان، ئۆتۆمبێلێكی جۆری (تۆیۆتا-كامری)
وەرگەڕابوو، شۆفێرێكی تر بۆ بەهاناوەچوونیان
پیكەبەكەی لەسەر جادەكە وەستاندبوو، بەشێوازێك
كە كارەساتێكی جەرگبڕتری لێكەوتەوە. ئۆتۆمبێلە
(بی ئێم)ەكەی (لاوەند و هۆشمەند و عەلی و
سێبوور) بەدیمەنی ئۆتۆمبێلە كامریە
وەڕگەڕاوەوە غافڵ دەبن، تا كۆنتڕۆڵی
ئۆتۆمبێلەكەیان لەدەست دەدەن و خۆیان بە
سوچێكی پیكەبەكەی سەرجادەكەدا دەكێشن و لەگەڵ
خۆیاندا بەرەو دیوی دەرەوەی جادەكە راپێچی
دەكەن. جوانڕۆ لەگێڕانەوەی رووداوەكە بەردەوام
بوو و گوتی "ئێمە لەئۆتۆمبێلەكە دابەزین،
نەماندەزانی ئۆتۆمبێلی كێیە وای بەسەرهاتووە،
یەكێك لەهاوڕێكانم چووە لای رووداوەكە و بە
پەلە و پەشۆكاوییەكی زۆرەوە گەڕایەوە و هاواری
دەكرد (حەریقەكە بێنن سەیارەكەی لاوەندە).
لەدوورەوە بینیمان دواوەی (BM)ەكە گڕی گرتووە،
بەبیستنی ئەو هەواڵە هەموومان كاس بووین و
شڵەژاین، بۆ حەریق گەڕاین نەماندۆزیەوە،
نەماندەزانی دەبێ چی بكەین، دەرگاكانی (بی
ئێم)ەكەی لاوەند نەدەكرانەوە، بەر لەوەی
ئاگرەكە زیاتر پەرە بستێنێت، چەند كەسێك
لەشوێنی رووداوەكە بە هەرجۆرێك بوو دەرگایەكی
ئۆتۆمبێلەكەیان كردەوە و (هۆشمەند)یان دەرهێنا
كە نیوەی جەستەی سووتابوو، ئەوانی تر لەنێو
ئۆتۆمبێلەكە هیچ جوڵەیەكیان نەبوو، بە هۆی
پوشوپەڵاشی ئەو شوێنەش، ئاگرەكە بەخێرایی
گڵپەی سەند و تەواوی (BM)ەكە و دوو
ئۆتۆمبێلەكەی تریشی گرتەوە، ئەو ناوە بووە
پارچەیەك لەئاگر، كەس نەیدەتوانی
لەئۆتۆمبێلەكە نزیك كەوێتەوە، بەبەرچاوی
ئێمەوە هاوڕێكانمان دەسووتان و هیچ
دەسەڵاتێكیشمان نەبوو. ئۆتۆمبێلەكەیان بووە
پارچە ئاگرێك، ناوە ناوە گڵپەیەكی گەورەتری
دەسەند و بە زەبری سوتێنەری ئاگرەكە جامەكانی
دەتەقین. من بەتەواوەتی كاس ببووم، ئێستا هەست
دەكەم ئەوكات نیوەبەئاگا بووم، وەك خەونێك
دێتەوە بەرچاوم كە پاشتر دوای ماوەیەك چۆن
ئۆتۆمبێلی ئاگركوژێنەوە هات و بەهۆی سووتاوی و
گەرمی جەستەیان، پۆلیس بە دار تەرمەكانیان
دەرهێنا. هەست دەكەم لەگەڵ رووداوەكە دەسبەجێ
شۆفێرەكە (لاوەند) و (عەلی) كە لەپێشەوە
دانیشتبوون گیانیان لەدەست دابێت و پاشان
سووتابن، چونكە خۆیان نەبەستبووەوە، من
نەمتوانی بچمە سەر تەرمەكان و چاوم بەرایی
نەدا، چەند خولەكێك پێشتر دەستمان لەملی یەكتر
دابوو و لەهەولێرەوە بە قسەی خۆش پێكەوە
هاتبووین، ئێستا بچمە سەر تەرمەكانیان كە
ببوون بە خەڵوز".
كارەساتێك كە هەمووانی تاساند
دوای رووداوەكە تەرمی هەرسێ قوتابی جوانەمەرگ
(عەلی و سێبوور و لاوەند) رەوانەی پزیشكی دادی
سلێمانی دەكرێن و پاشان دەگوازرێنەوە هەولێر و
بەخاك دەسپێردرێن. (هۆشمەند)یش رەوانەی
ئیمێرجێنسی سلێمانی و پاشان هەولێر دەكرێت.
بەڵام ئەمیش رۆژێك دوای بەكۆتاهاتنی تازیەی
هاوڕێكانی و چوار رۆژ دوای رووداوەكە، بە هۆی
سەختی سووتانەكەی، بەهەمان شێوەی سێ هاوڕێكەی
گیانی لەدەست دا.
جوانڕۆ ئەو ئێوارەیە جلێكی رەشی پۆشیبوو و
ریشێكی تەنكی هێشتبووەوە، لەگەڵ رۆچوونی
زیاتریشی بە ناخی رووداوەكاندا، خەمی قوڵتر
لەرووخساری دەردەكەوت، چاوەكانی دەبریسكانەوە
و بەدەنگێكی هێمن و دڵی پڕەوە گوتی "لەهەموو
شتێك ناخۆشتر بۆ ئێمە، ئەوە بوو كاتێك
لەپزیشكی دادی سلێمانی بەهۆی سووتانی زۆری
جەستەكانیان نەیانتوانی بیانناسنەوە، بانگی
ئێمەیان كرد، بچین تەرمەكانیان جیا بكەینەوە،
من دیسان نەمتوانی بچم، هاوڕێكانم چوون،
(عەلی)یان بە ددانەكانی و (لاوەند)یان بە
پێڵاوەكانی ناسیەوە، (سێبوور) هیچ نیشانەیەكی
ئەوتۆی ناسینەوەی پێوە دیارنەمابوو، بەڵام
بەناسینەوەی دووەكەی تر ئەمیشان دەستنیشان
كرد".
لەگەڵ تەنگەتاوی و جەرگبڕی رووداوەكانی ئەو
رۆژە، ئاگاداركردنەوەی كەسوكاری ئەو گەنجە
جوانەمەرگانەش خەمێكی تری هاوڕێ شپرزە و
شڵەژاوەكانیان بوو. جوانڕۆ بە تۆنی خەمناكی
دەنگەكەی لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو "من گوتم
كە من ناتوانم پەیوەندی بە كەسەوە بكەم، من
ناتوانم خەبەری مەرگیان بە كەسوكاریان
بگەیەنم. هەرچۆنێك بوو لەرێگای خزمەكانیانەوە
كەسوكاریمان ئاگادار كردەوە. من لەو ماوە
كەمەدا سەدان تەلەفۆنم لەهاورێ و كەسوكاری خۆم
و هاوڕێكانمەوە بۆ هات، نەمدەتوانی وەڵامی كەس
بدەمەوە".
لەدەستدانی هەرە نزیكترین و باشترین
هاوڕێ
"دوای رووداوەكە كە بە كاروانێكی نزیكەی 70-80
ئۆتۆمبێلیەوە گەڕاینەوە بۆ هەولێر، لەبازگەی
كەركوكی هەولێر حەشاماتێك لەهاوڕێی و مامۆستای
زانكۆ و كەسوكار و خزم و ناسیاو
لەچاوەڕوانیماندا بوون. من 3 شەو نەمتوانی
بچمە ماڵەوە، لەگەڵ هاوڕێكانی ترمان، كە
سێبووریمان بە یەكتر دەهات، شەوانە پێكەوە
لەبەشی ناوخۆیی دەماینەوە. من هەرە باشترین و
نزیكترین هاوڕێكانی ژیانی خۆمم لەدەستدا،
ئەوان لەهەرە باشترین و زیرەكترین قوتابیەكانی
ئەو قۆناغە بوون، گوڵبژێری هاوڕێكانم بوون".
لەو رووداوە دڵتەزێنەدا سێ قوتابی قۆناغی
چوارەم و قوتابیەكی قۆناغی پێنجەمی كۆلێژی
دەرمانسازی جوانەمەرگ بوون و لەئۆتۆمبێلە
(BM)ەكەدا سووتان. وەك جوانڕۆ وەسفی هاوڕێكانی
دەكات، "(عەلی) گەنجێكی چوارشانەی رەنگ جوان و
سوور و سپی بوو، كوڕێكی زۆر سەخی و دڵگەورە و
دڵسۆز بوو، هەمیشە حەزی بە سیفات و هەڵسوكەوتی
پیاوانە و تەسبیح و مەجلیسی پیاوانە دەكرد،
زۆر زۆر لێم نزیك بوو، كەسێكی زۆر راستگۆ بوو،
رۆژێك پێشتر لەكۆلێژ پێكەوە دەمانخوێند و
باسمان لەوە دەكرد، كە چۆن دوای دەرچوونمان
دەرمانخانەیەك پێكەوە دابنێین. (لاوەند)
كەسێكی هەمیشە رووخۆش و دەم بە خەندە بوو، دڵی
بە دونیا و كۆلێژ و خوێندنەكەی زۆر خۆش بوو،
بەردەوام پێدەكەنی و دانەكانی بەدەرەوە بوون.
(سێبوور) لەخانەوادەیەكی خاوەن 36 شەهیدی
گوندی شێخ وەسانی خۆشناوەتیە، زۆر بچووك بووە
كە باوكی بەر هەڵمەتی كیمیابارانەكە كەوت و
شەهید بوو، لەبەرئەوەی تاكە كوڕی دایكی بوو،
ناوی (سێبوور)ی لێنابوو، بەو ئومێدەی رۆژێك
پێبگات و ببێتە مایەی سێبووری بۆ دایكی.
(هۆشمەند) گەنجێكی باڵابەرزی رێكپۆش بوو،
ساڵێك لەپێش ئەوانی ترەوە بوو و قوتابی قۆناغی
پێنجەمی كۆلێژی دەرمانسازی بوو، تەنیا ساڵێكی
مابوو كۆلێژ تەواو بكات.
|