|
سڤیل:
هاوكار محێدین
پیاوێكی تەمەن 29 ساڵ، لەناو بازاڕی شاری
دهۆك، ژنەكەی خۆی بەبەر گوللە دەدات و بەرەو
شوێنێكی نادیار رادەكات. لەدوای تۆماركردنی
سكاڵاش لەلایەن ژنەكەیەوە لەدادگای تاوانەكانی
دهۆك، دادگا بەبێ ئامادەبوونی تۆمەتبارەكە
(غیابی) پیاوەكەی بەشەش ساڵ حوكم دا.
پاش ئەوەی پیاوەكە كە ناوی (ج.ج) هاوسەرەكەی
پێشووی كە لەگەڵ براكەی لەناو بازاڕ بەسەیارە
دەسوڕێنەوە، دەداتە بەر گوللە و خۆی وندەكات،
ژنەكە لەدادگا داوای لەسەر تۆمار دەكات و رۆژی
دادگاییەكەش بەئامادەبوونی (سڤیل) لەبەردەم
دادوەر گوتی "دوای دوو ساڵ لەژیانێكی پڕ قەهر
و ناخۆشی، زانیم كە چیدی لەگەڵ ئەو پیاوە
ناتوانم وەكو ژن و مێرد بژین، بۆیە بەڕێگەی
یاسا داوای جیابوونەوەم كرد و لەیەكتری
جیابووینەوە، بەڵام ئەو پاش ئەوەش هەر وازی لێ
نەهێنام، تاچەند رۆژێك لەمەوبەر كە خۆم و
براكەم بەنیازی سەردانیكردنی قەزای شێخان،
بەسەیارە بەڕێكەوتین، بەڵام ئەو كە لەناو
سەنتەری شاری دهۆك و لەناو بازاڕەكە ئێمەی
بینی، دووبارە عەقلی خۆی لەدەستدایەوە و من و
براكەمی بەبەر گوللە دا". ئەو ژنە گوتیشی "جگە
لەگوللەكان، ئەو پیاوە رومانەیەكیشی بەدەستەوە
گرتبوو، بەنیازی تەقاندنەوەی بوو بەمن و
براكەم دا، بەڵام باشبوو كە زوو توانیمان،
خۆمانی لەبەر دەستی قورتار بكەین. بۆیە من
ئێستا داوا دەكەم كە یاسا تۆڵەی من لەو پیاوە
بكاتەوە، كە دوای لەیەكتری جیابوونەوەمان هیچ
پەیوەندییەكی بەمنەوە نەماوە".
لەدوای ئەو، برای ژنەكە هاتە بەردەم دادوەر و
ئەویش سەرباری پشتڕاستكردنەوەی قسەكانی
خوشكەكەی، گوتی "ئەو پیاوە كە گوللەكانی
لەئێمە گرت، مەبەستی ترساندمان نەبوو، بەڵكو
بەنیازی كوشتن ئەو كارەی كرد، چونكە جامی
سەیارەكەم بەهۆی گوللەكان هەمووی هاتە
خوارەوە. دواتر ئەو رومانەیەكیشی بەدەستەوە
بوو گەر هەڵنەهاتباین، ئەویشی پیا
دەتەقاندینەوە"، لەبارەی هۆكاری رووداوەكەش،
ئەو برایەی ژنەكە، بۆ دادوەر گوتی "هەموو
هۆكارە ئەوەیە، كە خوشكەكەم چیدی ئامادە نەبوو
بەدیاریەوە دابنیشێ و خۆی بەتەڵاقدان دا، بۆیە
ئەویش بەنیازی تۆڵەسەندنەوەیە".
رۆژی دادگاییەكە، چوار شایەد لەدادگا، لەدوای
سوێندخواردنیان، قسەكانی ئەو خوشك و برایەیان
بۆ دادوەر پشتڕاستكردەوە، كە ئەوان
رووداوەكەیان بەچاوی خۆیان بینیوە، كە چۆن ئەو
پیاوە ئەوانی (خوشك و براكە) گوللەباران
كردووە و رومانەیەكیشی بەدەستەوە بووە و نیازی
تەقاندنەوەی هەبووە.
دادگاییكردنەكەی تۆمەتبار، بەشێوەیەكی غیابی
بەڕێوەچوو، چونكە راستەوخۆ و لەدوای رووداوەكە
ئەو بەرەو دەرەوەی وڵات رایكردبوو. هەروەك
كەسێكی نزیك لەتۆمەتبار، لەدەرەوەی دادگا بۆ
(سڤیل) ئاشكرای دەكات، كە پیاوەكە راستەوخۆ
لەدوای روداوەكە، چۆتە دەرەوەی كوردستان. ئەو
كەسە نزیكەی تۆمەتبار كە نەیویست ناوەكەی
ئاشكرا بكرێت، بۆ سڤیل گوتی "ئەو پیاوە، دوای
ئەوەی كە زانی ژنەكەی پێشووی لەدادگا داوای
لەسەر تۆماركردووە، بەر لەرۆیشتنی ئێمەی
ئاگادار كردەوە كەوا ئەو هیچ گوناهێكی دیكەی
نەكردووە، تەنها بەهۆی ئەو داوایەی ژنەكەی،
كوردستان جێدەهێلێ"، هەر بەوتەی ئەو كەسە
نزیكەی تۆمەتبارەكەش، ئەو داوایەی ژنەكەی بەو
شێوەیە نییە كە ئەو باسی لێوە دەكات.
لەكۆتایی دانیشتنەكەی دادگای تاوانەكانی دهۆك
لەسەر ئەو كێشەیە، دادوەر بەپێی ماددەی 430
لەیاسای سزاكانی عێراقی، تۆمەتبارەكەی بەشێوەی
غیابی، بەشەش ساڵ حوكم دا.
|