|
سڤیل:
هەولێر
بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی (بزاڤی ژیان بۆ
داكۆكیكردن لەگەنجان) كە (لەبارەی رەوشی
كۆمەڵایەتی و زانستی گەنجانی زانكۆ - زانكۆی
سەلاحەدین- هەولێر وەك نموونە) ئامادەی كردووە
و لە 10/8/2010 بڵاوی كردۆتەوە، لە 40/12%ی
قوتابیانی زانكۆی سەلاحەدین بڕوانامە لە
مەعریفە و زانست بە گرنگتر دەزانن.
لەراپۆرتێكی 20 لاپەڕەیی رێكخراوی بزاڤی ژیان،
كە لەسەر رەوشی كۆمەڵایەتی و زانستی قوتابیانی
زانكۆی سەلاحەدین ئامادەی كردووە، لەبارەی
ئیستغلالكردنی قوتابیانی كچ لەلایەن
مامۆستاكانیانەوە، تێیدا هاتووە كە
"مامۆستایانی پیاوی زانكۆ بەخراپ كەڵك
لەپیشەكەیان وەردەگرن بۆ ئارەزووە
شەهواتییەكان و تەنانەت لەنێو خودی حەرەمی
زانكۆش، كرداری سێكسی لەلایەن مامۆستاوە لەگەڵ
كچە قوتابی یان كارمەندی ئافرەت ئەنجامدراوە"،
دەشڵێت "دەرئەنجامەكانی بەدواداچوونی
ئەنجامدراویش ئەم زانیاریانە پشتڕاستدەكەنەوە،
گەنجانی زانكۆ بەرێژەی (22،41%) هەستیان
بەوەكردووە كە مامۆستای پیاو قوتابی كچ
ئیستغلال دەكات، بەڵام ئەوەی جێی تێبینیە
كچانی قوربانی ئیستغلال، لەبەر دەستگرتن
بەئابڕووی خۆیانەوە، پەردەپۆشی ئەوە دەكەن، كە
ڕووبەڕووی دەبنەوە و ئامادەنین رێوشوێنی
پێویست بگرنەبەر".
هەر لەنێو زانكۆی سەلاحەدین، راپۆرتەكەی بزاڤی
ژیان، دیاردەیەكی دیكەی كۆمەڵایەتی خستۆتە
بەرباس و لەبارەی (مامۆستا و خواستنی كچە
قوتابی) دەڵێت "لیستێك ناوی ئەو مامۆستایانەی
زانكۆ و كۆلێژە جۆربەجۆرەكانی لەبەردەستدایە
كە لەگەڵ كچە قوتابی خۆیاندا هاوسەرگیریان
كردووە و زۆربەی ئەو هاوسەرگیریانەش پێشوەختە
بەپەیوەندیەكی سۆزداری تێپەڕبووە، مامۆستاكان
بەزۆری دوو ئەوەندەی كچە قوتابیەكان تەمەنیان
هەیە و لەنێویاندا هەیە جگە لەو كچەی
خواستویەتی ژنی دیكەشی هەیە".
لەو بارەیەوەش، سەرۆكی پێشووی زانكۆی
سەلاحەدین، دكتۆر (محەمەد سدیق خۆشناو)،
بەتوندی رەتی ئەوە دەكاتەوە كە مامۆستا كچە
قوتابی خۆی بخوازێت و دەڵێت "بەشتێكی زۆر
ناشرین و ناپەسەندی لەقەڵەم دەدەم"، لەنێو
راپۆرتەكەدا هاتووە، كە وەك (بزاڤی ژیان)
ویستویانە لەو بارەیەوە بۆچوونی سەرۆكی ئێستای
زانكۆی سەلاحەدین، دكتۆر (ئەحمەد دزەیی) یش
وەربگرن، بەڵام ناوبراو ئامادە نەبووە لەم
بارەیەوە هیچ قسەیەك بكات.
راپۆرتەكەی بزاڤی ژیان، تیشك دەخاتە سەر
(بڕوانامە و مەعریفە و فێربوون) لەزانكۆی
سەلاحەدین و دەڵێت "بەگوێرەی بەدواداچوونی
ئەنجامدراو، رێژەی (12،40%)ی گەنجانی زانكۆ،
بڕوانامە لەمەعریفە و فێربوون بەگرنگتر
دەزانن، كە ئەمە بۆخۆی بەڵگەیەكی حاشاهەڵنەگرە
لەسەر دابەزینی ئاستی زانستی لەنێو گەنجانی
زانكۆدا، ئەمەش لەكاتێكدایە كە رێژەیەكی گەورە
لەبودجەی وڵات بۆ زانكۆ خەرج دەكرێت".
هەر لەو راپۆرتەدا، سەبارەت بەبڕی تێچووی
خەرجییەكانی زانكۆی سەلاحەدین، ئەوەش ئاشكرا
دەكات و دەڵێت "بەپێی ئەو زانیاریانەی كە
لەسەرۆكی ئێستای زانكۆی سەلاحەدین وەرگیراون،
بەدەرماڵە و تێچووەكانی بەشەناوەخۆیی و خەرجی
وانەوتنەوە و خەرجییەكانی دیكەوە، مانگانە هەر
قوتابیەك نزیكەی (3500) دۆلار خەرجییەتی، واتا
هەر قوتابییەك تا چوار ساڵەكەی خوێندن تەواو
دەكات، نزیكەی بڕی (17000) دۆلار خەرجییەكانی
لەسەر حكومەت دەكەوێت".
|