رێبین لە ئاوی گەلی دەخنكێ  

 

 

تاقیكردنەوەكانی خولی دووەم ئەنجام نادات

سڤیل: هەولێر


قوتابیەكی قۆناغی یەكەمی كۆلێژی زانست لەزانكۆی سەلاحەدین، دوای سێ رۆژ لەگومبوونی لەئاوەكەی تاڤگەی گەلی عەلی بەگ، بەخنكاوی دەدۆزرێتەوە و بەپێی راپۆرتی پزیشكی دادیش، هۆكاری گیان لەدەستدانەكەی، خنكانی لەئاوەكەدا بووە.
رێبین نەجات، لەدایكبووی ساڵی 1990ی شاری هەولێرە و ئەمساڵ لەقۆناغی یەكەمی كۆلێژی زانست دەیخوێند، ئەنجامی تاقیكردنەوەكانیشی وەرگرتبووەوە و دوو وانەی بۆ خولی دووەم مابووەوە. رێبین، سەر لەبەیانی رۆژی 4/8 لەگەڵ چەند برادەرێكی بۆ گەشتكردن روو لەتاڤگەی (گەلی عەلی بەگ) دەكەن و هەر ئەو رۆژەش لەكاتژمێر 3:30 ئێوارە، تەلەفۆنێك بۆ (نەجات نورەدین) كە دەكاتە باوكی قوتابییە خنكاوەكە دێت و ئاگادار دەكرێتەوە بەونبونی كوڕەكەی لەئاوی گەلی، ئەو دەڵێت "لەماڵەوە بووم تەلەفۆنێكیان بۆ كردین، كوڕە گچكەكەم هەڵیگرت، گوتی ئەوە دەڵێن رێبین كەوتۆتە ناو ئاو و بزر بووە، دوای بیستنی ئەو هەواڵە، ئێمە نزیكی كاتژمێر 5:30 گەیشتینە ئەوێ و خەڵكێكی زۆر كۆببۆوە، ئەو ناوە پڕبوو لەپۆلیس و ئاسایش و غەواسیشی لێبوو، ئەو رۆژە تاخۆرئاوابوون، نەماندۆزیەوە، دوای سێ رۆژ ئینجا تەرمەكەیمان دۆزیەوە".
ئەو باوكە، باسی ساتی دۆزینەوەی كوڕەكەی دەكات و دەڵێت "بەیانییەكەی سەعات 7:30 تەرمەكەی كەوتە سەر ئاوەكە و نزیك بەسەد مەتر لەشوێنی خنكانەكەی گرتمانەوە، دەتگوت خەوتییە لاشەكەی تێك نەچووبوو"، باوكەكەی ئەو كوڕە خنكاوە كە ریشی لەتاو نەمانی كوڕەكەی هێشتبۆوە، دەربارەی ئەو جلەی كە كوڕەكەی پێوە دۆزراوەتەوە، گوتی "شۆرتێك و فانیلەیەكی عەلاگەی لەبەربوو، هیچ ئاسەوارێكی ئەشكەنجەم نەبینی، بۆیە گومانیش لەكەس ناكەم، چونكە برادەرەكانی زۆرباش بوون". دایكی رێبین، تائەو رۆژەی كە ئێمەش چووینە ماڵەكەیان، هەرگیز باوەڕی نەدەكرد كوڕەكەی خنكابێت، گوتی "ئەو كاتەی خەبەریان دامێ، باوەڕم نەدەكرد كوڕەكەم خنكابێت، بەڵام دواتر كە پیاوەكەم و خزمەكانمان رۆیشتن و تاشەویش نەگەڕانەوە، ئەوكات زانیم شتەكە راستە"، دایكی رێبین هیچ گومانێكی لەسەر برادەرەكانی كوڕەكەی نییە و دەڵێت "تەنانەت ئەگەر بڵێن پاڵیشیان پێوەناوە بۆ ناو ئاوەكە باوەڕناكەم، چونكە برادەرەكانی زۆرباش بوون". بەڵام ئەو دایكەی كوڕە خنكاوەكە، گلەیی لەحكومەت دەكرد، بەوەی كە پێویستە بەربەستێك دابنێت لەبەردەم ئاوەكان و گوتی "حەقە حكومەت خەمێك لەو گەنجانە بخوات. بەو كوڕەی من، ئەمساڵ ئەوە 13 كەس بخنكێت. خۆ دەبێت حكومەت بەربەستێك یان ئاگاداریەك دابنێت، چونكە هەموو كەس وەكو یەكتر شارەزا نییە لەو ئاوانە".
هیمداد جەوهەر، كە دەكاتە خاڵی رێبین، لەبارەی خنكانی خوارزاكەی و رۆژی دۆزینەوەی تەرمەكەی، گوتی "ئەو كاتەی من چووم خەڵكێكی زۆر كۆببوونەوە، غەواسیش لەناو ئاوەكە بەدوایدا دەگەڕان، رۆژانە نزیكەی 21 كەس مەلەوانی دەكرد لەئاوەكەدا و بەدوایدا دەگەڕاین، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو". ئەو خاڵەی رێبین گوتیشی "تا دۆزینەوەی تەرمەكە ئێمە شەوانە لەشوێنی رووداوەكە دەماینەوە و دەمانگوت نەوەك تەرمەكەی رێبین سەرئاو بكەوێت، چونكە خەڵكی ناوچەكە پێیان گوتین تاكە رێگە ئەوەیە سیمێكی گەورە لەبەر دەمی ئاوەكە وەك بەربەستێ دابنێن، بۆ ئەوەی تەرمەكە نەڕوات. ئێمەش سیممان وەك بەربەستێك بەكارهێنا لەگەڵ 170 مەتر گوریس بۆ ئەوەی هێزی ئاوەكە، بەربەستەكە تێكنەدات"، بۆیە دوای سێ رۆژ، وەك ئەو گوتی "تەرمەكەمان بینی كە سەر ئاوەكە كەوت، كوڕێكم لەگەڵ بوو چەكێكی پێبوو، گوتم بكە تەقە باخەڵك كۆبیتەوە، ئەویش دەستیكرد بەتەقەكردن و بەوشێوەیە هێنامانەوە".
دوای دوو رۆژ لەهێنانەوەی تەرمەكەی، بەپێی راپۆرتی پزیشكی داد، دەردەكەوێت كە هۆكارەكەی خنكانە بەئاو و هیچ هۆكارێكی دیكە لەپاڵ مەسەلەكەوە نییە، خاڵەكەی (رێبین)یش ئەوە پشتڕاستدەكاتەوە و دەڵێت "پێیان گوتین هیچ گومانێك لەسەر خنكانەكەی نییە و خۆی خنكاوە".


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com