عوسمان بەهۆی پێـنەدانی ئیقامە خۆی دەكوژێت  

 

 

ژنێكی پۆلۆنی و دوو منداڵی دوای خۆی جێهێشت

سڤیل: دڵشاد باڵەكی ــ سۆران


دوای ئەوەی كوڕە گەنجێكی خەڵكی قەزای سۆران، بۆماوەی 10 ساڵ لەوڵاتی بەریتانیا دەگیرسێتەوە و ژیانی هاوسەری بەیەكەوە دەنێت، بەڵام بەهۆی پێنەدانی ئیقامە، لەباڵەخانەیەكی 7 نهۆمی خۆی فرێ دەداتە خوارەوە و گیان لەدەستدەدات، دوای هێنانەوەی تەرمەكەشی كەسوكارەكەی گلەیی لەحكومەتی هەرێم دەكەن.
عوسمان ڕەسوڵ، لەساڵی 1983 لەگوندی (سەران)ی سەر بەقەزای سۆران لەدایكبووە، لەتەمەنی 14 ساڵی ڕووی كردۆتە دەرەوەی وڵات و لەوڵاتی بەریتانیا نشتەجێ بووە. هەر لەبەریتانیا عوسمان ژنێكی پۆلۆنی دەهێنێت و دوو منداڵی لەئافرەتەكە هەبووە، ماوەیەكی زۆر هەوڵی ئەوە دەدات ئیقامەی پێبدرێت، بەڵام لەبەر پێنەدانی ئیقامە ڕۆژی 25/7/2010 لەباڵەخانەیەكی 7 نهۆمی خۆی فرێ دەداتە خوارەوە و ڕۆژی 6/8ی ئەم مانگە لەڕێگەی فرۆكەخانەی سلێمانی تەرمەكەی گەیشتەوە قەزای سۆران و بەخاك سپێردرا.
دایكی عوسمان، وێنەیەكی كوڕەكەی پێبوو دەگریا. سەبارەت بەهۆكاری مردنی كوڕەكەی بۆ (سڤیل) گوتی "ماوەیەك بەر لەئێستا پەیوەندی پێوە كردین و داوای لێكردین (1000) دۆلاری بۆ بنێرین، ئێمەش باری داراییمان ئەوەندە باش نەبوو، بەڵام پارەكەمان قەرزكرد و بۆمان نارد، ئەو پێی گوتین پارەكەی بۆ ئەوەیە تاپارێزەر بگرێت و ئیقامەی پێبدەن. دوای ئەوەی كە پارێزەری گرتبوو، دووبارە (1000) دۆلاری دیكەی داواكرد، ئێمەش پارەی قەرزەكەی دیكەمان نەدابۆوە"، بۆیە وەكو دایكی عوسمان گێڕایەوە "لەتەلەفۆنەكە دەستمكرد بەگریان و بیرم لەوە كردەوە كە ئەمجارە پارە لەكوێ قەرز بكەین، ئەویش دەستیكرد بەگریان، زۆر پاڕاوە گوتی، هەر دەبێ پارەم بۆ بنێرن، ئەوجارەش پارەكەمان بۆ نارد".
وەكو دایكی باسی لێوە دەكات، كە چەند جارێك، عوسمان لەرێگەی تەلەفۆن پێیڕاگەیاندووە كە هیچ ژیانی لەدەرەوە نییە، "نەكاری دەستدەكەوێ و نەخانووشی هەیە". ئەوەشی گوتووە كە لەبەر منداڵەكانی ناتوانێ بگەڕێتەوە، بەڵام لەهەوڵدابووە كە منداڵەكانی بدزێ و بگەڕێتەوە، چونكە وەكو ئەو بۆ دایكی باسكردووە، خێزانەكەی ئامادە نەبووە لەگەڵی بگەڕێتەوە بۆ كوردستان.
دایكی عوسمان بەچاوی پڕ لەگریانەوە دەڵێت "دوای ماوەیەك بەسەر داخرانی تەلەفۆنەكەی، كوڕی برازام ئەویش لەبەریتانیایە، ژمارە تەلەفۆنی ئەو ئینگلیزانەی لابووە كە لەعوسمان نزیكبوونە، ئینگلیزەكان پەیوەندی بەكوڕی برازامەوە دەكەن و پێیدەڵێن، عوسمان لەنهۆمی 7 خۆی فرێ داوەتەوە خوارەوە". بەڵام دوای هێنانەوەی تەرمەكەی، دایكی بەگومانە لەوەی كوڕەكەی خۆی كوشتبێت و دەڵێت "پاش ئەوەی تەرمەكەم بینی، هیچ شوێنێكی دەموچاوی و سینگی نەشكابوو، بۆیە تائێستاش بەتەواوەتی نازانم كە كوڕی من بەچی مردووە".
وەك كەسێكی نزیك لەعوسمان لەوڵاتی بەریتانیا، دەگێڕێتەوە، بەپێی گوتەی پۆلیسی بەریتانی، دوای ئەوەی عوسمان كاتژمێر 6ی بەیانی لەماڵ چۆتە دەرەوە، ئافرەتێك هەواڵی بەپۆلیسەكان داوە و گوتویەتی گەنجێك لەسەر ئەم باڵەخانەیە خۆی فرێ دەداتە خوارەوە، دوای گەیشتنی پۆلیسەكان بۆ شوێنی رووداوەكە، عوسمان بەپۆلیسەكانی گوتبوو (ئێوە لاچۆن من خۆم فرێ دەدەمە خوارەوە) دواتر عوسمان خۆی فرێداوەتەوە خوارەوە.
لەكاتی هێنانەوەی تەرمەكەشی كۆمەڵێك پەناهەندەی كوردی وڵاتی بەریتانیا پارەیان كۆكردۆتەوە، لەگەڵ هەندێك كەسوكاری ئەو گەنجە كە لەبەریتانیان لەسەر ئەركی خۆیان تەرمەكەیان بۆ كەسوكاریان ناردۆتەوە، تەرمەكەشی لەبەریتانیا بۆ عەممان، دواتریش ڕۆژی 6/8 لەڕێگەی فرۆكەخانەی سلێمانییەوە، تەرمەكەی گەیشتۆتەوە قەزای سۆران.
(زریان)ی برای عوسمان، گلەیی لەحكومەت دەكات و دەڵێت "پاش ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا كە فشار بخاتەسەر بەریتانیا بۆ ئەوەی كە ئەو پەناهەندە كوردانەی كە ئیقامەیان نییە، بیانگەڕێننەوە، برای من پەنای بۆ ئەوكارە برد، ئەگینا عوسمانی برام قەت ئەو كارەی نەدەكرد، نەشێت ببوو، نەتێكچووبوو، لەبەر نەدانی ئیقامە، ئەم كارەی كردووە".
 


 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com