|
سڤیل:
شیرین ئەمین- كاوە گەرمیانی
خیانەتی هاوسەری لەزۆربەی كۆمەڵگەكان بوونی
هەیە و كۆمەڵگەی ئێمەیش بەدەر نییە لەو كێشە و
گرفتانەی كە لەم رووەوە رووبەڕووی هەندێ
لەهاوسەران دەبێتەوە، هەر بۆیە بەشێك لەو
ئافرەتانە ئاماژە بەوە دەكەن، هاوسەرەكانیان
ئەگەر خیانەتیان لێ بكەن، ئەوان ئامادەی ئەوە
نابن، هەڵەكە دووبارە بكەنەوە، پیاوانیش جەخت
لەسەر ئەوە دەكەنەوە، كە ئەگەر خێزانەكانیان
خیانەتیان لێ بكەن، ئەوا پەنا بۆ جیابوونەوە
دەبەن.
نیگار ئەحمەد، ژنە خوێندكارێكی پەیمانگای
تەكنیكی كەلارە، تەمەنی 23 ساڵە و ماوەی سێ
ساڵیشە پرۆسەی هاوسەرگیری ئەنجامداوە، نیگار
پیاوان تۆمەتبار دەكات لەخیانەتكردنی هاوسەران
و ئاماژە بەوە دەدات، كە زۆر لەپیاوان بەدڵی
خۆیان زەواج ناكەن، بۆیە ناچارن پەنا بۆ
خیانەت بەرن، ئەو دەڵێت "زۆرجار رەفتاری خراپی
پیاوان بەرامبەر ئافرەتان وا لەئافرەتیش دەكات
پەنا بۆ خیانەت بەرن، هەرچەندە ئەمە تاسەر
ئێسك تاوانباریە بەرامبەر هاوسەرەكانیان".
ناوبراو جەخت لەسەر ئەوەش دەكاتەوە كە ئەگەر
هاوسەرەكەی خیانەتی لێبكات، ئامادە نییە ئەو
هەڵەیە دووپات بكاتەوە، زۆریش دەترسێ
هاوسەرەكەی خیانەتی لێبكات و دەڵێت "هەرگیز
ئامادەی ئەوەم تێدا نییە بەهیچ جۆرێك خیانەت
لەهاوسەرەكەم بكەم، لەكاتێكیشدا گەر خیانەتیشم
دەرهەق بكات، چونكە ئاینی ئیسلام ئەو رەفتارە
ناشیرینە قەبووڵ ناكات".
مەحمەد نەجم، خوێندكارێكی تەمەن 21 ساڵە،
ماوەی ســـــاڵێكە ژیانی هاوسەرێتی
بەخۆشەویستی پێكهێناوە، محەمەد پێیوایە ژیانی
هاوسەری بەخۆشەویستی دروست بكرێت، دەبێتە
هۆكارێك بۆ دوركەوتنەوە لەخیانەتی هاوسەری،
ناوبراو رای وایە كە خیانەتكردن لای پیاوان
سەرچاوە دەگرێت، ئەو دەڵێت "ئەوەش ناگەیەنێت
كە ئافرەتان خیانەت لەهاوسەرەكانیان ناكەن".
باسیش لەوەدەكات ئەگەر هاوسەرەكەی خیانەتی
بەرامبەر بكات، ئەو هەوڵدەدات هۆكارەكەی
بزانێت كە بۆ وای كردووە، گوتی "گەر بزانم
هاوسەرەكەم شوێن ئارەزوو كەوتووە، ئەوكات بێ
یەك و دوو پەنا بۆ جیابوونەوە دەبەم، چونكە
خیانەتكردن كارەسات و تاوانێكی گەورەیە،
دەبێتە هۆی تێكچوونی شیرازەی خێزان".
شادان عومەر، ژنە خوێندكارێكی دیكەی تەمەن 22
ساڵە، ئەویش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە
ئەگەر بزانێت هاوسەرەكەی خیانەتی لێدەكات، لێی
قبووڵ ناكات، گوتیشی "هاوسەرەكەم خیانەتم لێ
بكات، هیچ ئامادەی ئەوەم نییە، هەمان رێچكەی
ئەو بگرم، تەنها بچوكترین خیانەتم بەرامبەر
بكات لێی قبوڵ ناكەم".
ژنێكی دیكە كە خۆی بە (چرۆ) ناساند تەمەنی 28
ساڵە و ژنی ماڵەوەیە، خاوەن سێ منداڵە و وەك
خۆی ئاماژەی بۆ دەكات "ماوەیەكە لەلایەن
هاوسەرەكەیەوە خیانەتی لێدەكرێت"، ئەو ژنە
ئەوەی نەشاردەوە، كە كاتی خۆی لەلایەن
باوكییەوە بەزۆری كوتەك دراوە بەشوو، چرۆ
بەچاوێكی فرمێسك ئاوییەوە بۆ سڤیل دەڵێت
"مێردەكەم شەوانە بەسەرخۆشییەوە دەگەڕێتەوە بۆ
ماڵەوە، بەبەرچاوی منەوە موبایلەكەی
دەردەهێنێت و تەلەفۆن بۆ كچان دەكات، پێمیش
دەڵێت، قسەیش بكەی تەڵاقت دەدەم"، دەربارەی
كاردانەوەی بەرامبەر هاوسەرەكەی، دەڵێت "خودا
باوكم بگرێت كە ئەو زڵمەی بەرامبەرم كرد،
لەبەر منداڵەكانم خیانەتی هاوسەرەكەم قبووڵ
دەكەم".
توێژەری كۆمەڵایەتی (عەباس مەحمود) لەسەر ئەو
پیاو و ئافرەتانەی خیانەت لەیەكتر دەكەن بۆ
(سڤیل) دەڵێت "گوێ نەگرتن لەئازار و كێشەی
ناخی یەكتر و پێ نەدانی مافی ژن و مێردایەتی و
تێرنەكردنی لایەنی سۆزداری و رۆحی و لایەنی
سێكسی، هۆكاری سەرەكین بۆ ئەنجامدانی
خیانەتكرن، بەهەر پاڵنەرێك خیانەتكردن ئەنجام
بدرێت لەرووی سایكۆلۆژیاوە دەچێتە پاڵ
تاوانكاریەوە و لادانە لەبەها ئینسانیەكان و
رێزنەگرتنی ژیانی هاوسەری، بەشێوەیەك كە ئەگەر
بەتەماشا كردنێكی سەیر و قسەكردن بەمۆبایل و
چات كردن و گۆڕینەوەی سۆزیش بێت، هەر بەیەك
شێوە تاوان و لادان حیساب دەكرێت".
|