|
سڤیل:
هاوكار محێدین
كاتژمێر 11ی سەر لەبەیانی رۆژی 12/8/2010 دوو
كەس بەبەر چاوی هاوڵاتیان و پیاوانی پۆلیس،
لەناو جەرگەی شاری دهۆك، بەساتۆر (سیكارد) و
دەمانچە هێرش دەكەنە سەر پیاوێك و چەند مەترێك
ئەولاتری دادگای دهۆك دەیكوژن و بەرەو شوێنێكی
نادیار رادەكەن. پۆلیسی پارێزگای دهۆكیش،
رایدەگەیەنێت كە ئەو پیاوە بەنیازی
ئامادەبوونی لەدادگا هاتۆتە دهۆك و ئەوانەی
كێشەیان لەگەڵی هەبووە، كوشتوویانە،
سەرچاوەكەی پۆلیس هێما بۆ ئەوەش دەكات، كە
گەڕان و سوڕان بەدوای تاوانبارەكان بەردەوامە
و دواجار دەسگیر دەكرێن.
جەمیل محەمەد، كە رووداوەكەی ئەو رۆژەی ناو
بازاڕی دهۆكی بەچاوی خۆی بینیوە، بۆ (سڤیل)
گێڕایەوە، كە پیاوە كوژراوەكە دوای شەڕێكی
ماوە كورتی لەگەڵ ئەو دوو كەسەدا، چەند
ساتۆرێكی بەركەوتووە و دواجار توانیوێتی
بەبرینداری خۆی لەبەر دەستیان قورتار بكات و
رابكا. جەمیل دەڵێت "پیاوەكە بەرەو ناو بازاڕ
و لای دادگا هەڵهات، بەڵام لەسەری ئەو شەقامەی
كە دەچێتەوە دادگای دهۆك، دوو كەسەكە
بەبەرچاوی خەڵك و ژمارەیەك پۆلیس كە لەو ناوە
وەستابوون، ئەوجارە بەدەمانچە هێرشیان كردە
سەری و بەچەند گوللەیەك كوشتیان، بەڵام
لەهەمووی سەیرتر ئەوەبوو كە ئەو دوو بكوژە
بەرۆژی رووناك و بەبەرچاوی پۆلیسەكان رایانكرد
و خۆیان ونكرد".
هەر لەناو بازاڕی دهۆك، شایەدعەیانێكی دیكە كە
نەیویست ئاماژە بەناوەكەی بكرێت، هێمای بۆ
ئەوەكرد، كە رووداوەكە هەموو چەند خولەكێكی
خایاند و بەرنامە بۆ دارێژرابوو، ئەو
بەتەوسەوە گوتیشی "بەڕاستی كوشتنی كەسێك
بەساتۆر و دەمانچە، لەو قەرەباڵغییە و
لەبەردەمی پۆلیس و پیاوانی حكومەتیش بكرێت،
ئازایەتیەكی زۆری دەوێت"، ئەو پیاوە
سەرسوڕمانی خۆشی لەدەسگیر نەكردنی دوو كەسەكە
دەربڕی و گوتی "چۆن دەبێت بەبەرچاوی پۆلیس
هەموو ئەو شتانە ئەنجام بدرێن و دواتریش بڵێی
تاوانبارەكان بۆ شوێنێكی نادیار رایانكردووە".
عەقید (نەوزاد زەكی) بەڕێوەبەری بەدواداچوون و
تاوان، لەبەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای
دهۆك، سەبارەت بەكوژرانی ئەو پیاوە لەناو
جەرگەی شاری دهۆك، بۆ (سڤیل) ئەوەی خستەڕوو كە
ئەو دوو بنەماڵەیە دانیشتووی قەزای (ئامێدی)ین
و پیاوە كوژراوەكە لەدوای زێدەڕۆییكردنی لەسەر
كەسێك، دەسگیر دەكرێت و دواتر بەكەفالەت ئازاد
دەكرێت. گوتیشی "ئەو كێشەیە بۆ دووساڵ بەر
لەئێستا دەگەڕێتەوە و رۆژی رووداوەكەش، پیاوە
كوژراوەكە بەنیازی ئامادەبوونی لەدادگا هاتۆتە
دهۆك و بكوژەكانیش بەمەبەستی تۆڵەسەندنەوە
لەناو شار بۆی لەبۆسە دانیشتوونە و
كوشتوویانە".
نەوزاد زەكی، ئەوەشی خستەڕوو، كەوا كەسە
كوژراوەكە بەهۆی ئەو خوێنە زۆرەی كە لە لەشی
هاتۆتە دەرەوە، تووشی نەزیفبوون هاتووە و
لەدوای گەیاندنی بۆ نەخۆشخانە گیانی
لەدەستداوە، ئەوەشی گوت كە "لەدوای لێدانی
چەقۆكان، سێ گوللەشیان لێداوە، كە سەرەتا
تەنها یەك گوللەی بەرملی كەوتووە، بەڵام كە
دواتر ویستویەتی خۆی بگەیەنێتە بنكەی پۆلیس،
لەرێگادا كەوتووە و بكوژەكانیش چوونەتە سەری و
دوو گوللەی دیكەشیان لێداوە و كوشتوویانە".
ئەو عەقیدەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس دهۆك، دەڵێت
"كاتێكیش پۆلیس دەگەنە شوێنی رووداوەكە
بكوژەكان خۆیان لەناو خەڵك وندەكەن و بەرەو
شوێنێكی نادیار رادەكەن، بەڵام تائێستا
لێكۆڵینەوەكان بەردەوامە و لەهەوڵی
دەسگیركردنی دوو تاوانبارەكەین".
عەقید (نەوزاد زەكی) ئاماژەی پێكرد كە بەپێی
زانیاریەكانی ئەوان، ئێستا تاوانبارەكان
بەنیازن بە ئارەزووی خۆیان، خۆ رادەستی پۆلیس
بكەن، چونكە بەوتەی ئەو، تاوانبارەكان لەدوای
تۆڵەسەندنەوەیان هەست بەئاسوودەیەكی زۆر دەكەن
و ئێستاش ئامادەن كە هەر بڕیارێك لەدادگاوە
دەربچێت، ئەوان قبووڵی بكەن.
|