6 كەس لە دهۆك بەهۆی تۆپێكی یاری كردنەوە دەخنكێن  

 

لە ماوەی 7 مانگ 17 كەس دەخنكێن و دهۆكیەكانیش باوەڕیان بە غەواسەكانی خۆیان نەماوە

سڤیل: دهۆك




لەماوەی 7 مانگی رابردوودا، تەنها لەپارێزگای دهۆك و دەوروبەری، 17 كەس خنكاون، لەكاتێكدا لەساڵی رابردوو، لەو ماوەیەدا ژمارەی قوربانیەكان تەنها 5 كەس بوو. عەقید (سلێمان عزدەین)، پێش ئەوەی قسە لەسەر ژمارەی ئەو كەسانە بكات كە لەسنوری بادینان خنكاون، باسی چەند رووداوێكی دڵتەزینی كرد كە تەنها لەم دوو رووداوە 9 هاوڵاتی خنكان و بوونەتە قوربانی.
یەكێ لەو رووداوانەی كە وەك بەرێوەبەری بەرگری شارستانی بەكارەسات ناوی دەبات، چەند مانگێك پێش ئێستا لەگوندێكی نزیك (فیشخابور) روویداوە، ئەویش دوای ئەوەی منداڵێك بەدوای تۆپێكەوە دەكەوێت و پاشتر دەكەوێتە ناو ئاوەكە، برایەكی هەوڵی رزگاركردنی دەدات و پاشان مامێكی هەوڵی رزگاركردنی دوو برازاكەی دەدات و هەر بێئاكام دەبێت، سەرئەنجام 6 كەس لەخانەوادەیەك لەدوای یەك دەخنكێن و دواتریش تەرمەكانیان لەلایەن ئەو تیمە مەلەوانە دەردەهنێرێت، كە لەبەرگری شارستانی دهۆك تەنها بۆ ئەم مەبەستە دامەزراون.
بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دهۆك باسی رووداوی خنكانی سێ برا لەزاخۆ دەكات، كە ئەوانیش هەر سێكیان بەدوای یەكتر و بەمەبەستی رزگاركردنی برایەكیان دەكەونە ناو ئاوەكە و پاشانیش هەمان تیم پاش دوو رۆژ گەڕان و سوڕان تەرمەكانیان لەئاوەكە دەردەهێنن.
عەقید (سلیمان) رێژەی خنكان لە 7 مانگی ئەمساڵ لەگەڵ 12 مانگی ساڵی پار بەسێ هێندە دادەنێت و هەموو هۆكارەكانیش بۆ نەزانین و شارەزا نەبوونی قوربانیەكان لەمەلەكردن دەگەڕێنێتەوە. سەبارەت بەو تیمەی كە ئەركی رزگاركردن و دەرهێنانی تەرمی قوربانیانی خنكاوی لەئەستۆیە، بەرێوەبەری بەرگری شارستانی دهۆك، دەڵێت "تیمەكەمان لە 8 بنكە پێكهاتووە و زۆربەی زۆری ئەوانەی لەم تیمە كار دەكەن لەبەغدا بۆ 3 مانگ خولێكی راهێنانیان دیوە، كە تێیدا بەشێوەیەكی زۆر پرۆفیشنال مەشق و راهێنانیان لەسەر بەلەم سواری و غەوس و فریاكەوتنی میللی و كۆمەڵێ راهێنانی دیكە، كردووە.
عەقید سلێمان، نیگەرانی خۆی لەهەندێ رووداو دەردەبڕێ و دەڵێت "لەگەڵ ئەوەی تیمەكەی ئێمە تابڵێی شارەزان بەتایبەتی تیمی غەواس لەئاكرێ و زاخۆ، بەڵام زۆرجار خانەوادەی هەندێ لەقوربانیان لەبری ئەوەی پشت بەتیمەكەی ئێمە ببەستن، كەچی لەپەرۆشی خۆیان، بۆ دەرهێنانی تەرمەكە دەچن لەموسڵ و لەكەركوك غەواس دەهێنن"، بۆیە وەك بەرێوەبەری بەرگری شارستانی دهۆك، دەڵێت "شتیكی ئاساییە ئەگەر بچن لەبەغداش غەواس بێنن، بەڵام ئەوان نازانن كە ئەوەی تیمەكەی ئێمە دەیكات، هەمانكاریشە كە غەواسەكەی بەغدا یان موسڵ دەیكات".
عەقید سلێمان، بێجگە لەروداوی خنكان، باسی روداوەكانی ئاگركەوتنەوەش دەكات، كە بەهەمان شێوەی رووداوەكانی خنكان، ژمارەی ئاگركەوتنەوەكان لەمساڵ 3 بەقەدەر ساڵی رابردوو دادەنێت و دەڵێت "ئەمساڵ خنكان و سوتان بەرێژەیەكی زۆرتر لەساڵی رابردوو زیادی كردووە"، هەر لەو كاتەشی كە بەڕێوەبەری بەرگری شارستانی دهۆك، قسەی بۆ (سڤیل) دەكرد، هەواڵی سوتانی پاوان و دارستانەكانی زنجیرە چیای (زاویتە)ی پێگەیشت، كە دواتر لەرێگای تەلەفۆن (عەقید سلێمان) پێیڕاگەیاندین كە پاش ماندووبونێكی زۆر و بۆ ماوەی دوو رۆژ و دوو شەو، ئینجا توانیویانە كۆنترۆڵی ئاگرەكە بكەن.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com