سڤیل چیرۆكی كوشتنی یاریدەدەرە پزیشكیەكە ئاشكرا دەكات  

 

سڤیل: غەفور هیرانی



هەفتەی رابردوو لەسنووری قەزای رانیە، زنجیرەیەك رووداوی كۆمەڵایەتی بەخۆیەوە بینی، یەكێكیان خنكانی منداڵێك بوو بەپەتی جۆلانە، یەكێكی دیكەش خۆخنكاندنی پیاوێكی بەساڵاچوو بوو لەچوارقوڕنە كە دەگوترێ كێشەی دەروونی هەبووە. هەر لەو ماوەیەشدا مامۆستایەكی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی رانیە لەئاوی دەربەندی رانیە، بەمردووی دۆزرایەوە و باسیش لەوە دەكرێت كە كەسێك كوشتبێتی، چونكە برینی گەورە كەوتبۆوە سەریەوە، بەڵام تائێستا وردەكارییەكانی رانەگەیەنراوە و پۆلیس لەلێكۆڵینەوە دایە.
دواهەمین رووداوی كۆمەڵایەتش كە خەڵكی ناوچەكەی تووشی شۆك كرد، كوشتنی یاریدەدەرێكی پزیشكی بوو لەشارۆچكەی حاجیاوای سەر بە رانیە، ئەو یاریدەدەرە بزیشكییە دوای لەشەودا لەماڵەكەی خۆی دەچێتە دەرەوە دیار نامێنێت، بەڵام دواتر بۆ بەیانیەكەی بەسەربڕاوی و جەستەیەكی شێواوەوە كە بەچەقۆ سەری لەجەستەی جیا كرابۆوە و چاویشی هەڵكۆڵدرابوو، تەرمەكەی لەنزیك شارۆچكەكە دەدۆزرێتەوە.
رزگار رەسوڵ، كە هاوكات مامۆستایە، لەبەردەم ئەو مزگەوتەی كە پرسەی براكەی لێدانرابوو، لەسەر چۆنیەتی ئەم رووداوە بۆ (سڤیل) دوا و گوتی "رێبواری برام، لەسەعات هەشت و نیوی شەوی 15/8 تەلەفۆنێكی بۆ دێت و داوای لێ دەكرێت دەرمانخانەكەی بكاتەوە بۆ ئەوەی كانولایەكیان بۆ ببەستێ، بەڵام هەر دوای 20 خولەك دیار نامێنێت و تەلەفۆنەكەی دادەخرێ. ئێمەش سەرەتا ئاسایشمان لەرووداوەكە ئاگادار نەكردەوە، چونكە وامانزانی دێتەوە، بەڵام كە چەند كاتژمێرێك تێپەڕی و نەهاتەوە، ناچاربووین پۆلیس و ئاسایش لەوە ئاگادار بكەینەوە، ئەوەبوو بۆ سبەی لەدەرەوەی حاجیاوا تەرمەكەیمان دزۆیەوە كە (26) چەقۆی لێدرابوو. ئەمە جگە لەوەی كە سەری لەلاشەی جیا كرابۆوە و چاوێكیشی دەرهێنرابوو، كە بەڕاستی بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە كوشتبوویان". رزگار گوتیشی "تەرمی رێبواری برام، لەناو سفرەی نان خواردن پێچرابۆوە و فڕێدرابوو".
رێبوار رەسوڵ، دەرمانخانەكەی بەناوی (یاد) بوو، لەتەنیشت ماڵەكەی خۆیانەوەیە داینابوو، رزگاری برای ئاماژە بەوە دەكات، كە ژنێك بەبیانووی چارەسەركردنی پزیشكی تەلەفۆنی بۆ كردووە و هاتۆتە لای، هەروەك رزگار دەڵێت "ئەویش بەشداربووە لەم تاوانە و ئێمە دەیناسین، چونكە لەتەمەنی هەرزەییدا لەگەڵ رێبواری برام یەكتریان خۆشویستووە".
دوو رۆژ دوای ئەم رووداوە، پۆلیس توانی چوار كەس بەتۆمەتی دەست هەبوون لەتاوانەكەدا دەستگیر بكات، كە لەناویاندا سێ ژن و پیاوێك هەیە. قایمقام و پۆلیس لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا كە تایبەت بەم رووداوە بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن بەستیان قایمقامی رانیە (عەلی حەمەد وسو) رایگەیاند كە "چوار كەس بەپێی یاسا دەستگیركراون، كە بریتین لەسێ ژن و یەك پیاو، هەر ئەمڕۆش كەشفی دەلالە بۆ چۆنیەتی ئەنجامدانی كارەكە كراوە".
قایمقامی رانیە وێڕای دەستخۆشی لەخەڵكی دەڤەرەكە و دەزگاكانی ئاسایش و پۆلیس بۆ هاوكاریكردنیان لەئاشكراكردنی ئەم گروپە، ئەوەشی گوت كە "بەهۆی ئەم رووداوە ترس لەناو خەڵك بڵاوببۆوە، كە ئەمە پەیوەندی بەدەستێكی سیاسی یان تیرۆرستیەوە هەبێت، بەڵام ئەمە بۆ خەڵك رادەگەیەنم كە ئەم رووداوە هیچ پەیوەندیەكی بەململانێی سیاسیی و تیرۆرەوە نییە، بەڵكو ئەمە بەهۆی كێشەیەكی كۆمەڵایەتییەوەیە و لەهەموو دونیاشدا ئەمجۆرە كێشانە روودەدەن".
رزگاری برای رێبوار، سەبارەت بەدەستگیركردنی ئەم چوار كەسە و ئەو دەنگۆیانەش كە باس لەدروستبوونەوەی پەیوەندی تازە لەنێوان رێبوار و ئەو ئافرەتە دەكەن، گوتی "چوار كەس لەو ماڵە گیراون، واتە ماڵی باوكی ئەو ژنەی كە لەرابردوودا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ رێبواری برامدا هەبووە، ئەوان دانیان ناوە بەتاوانەكانیان، بەڵام ئێمە پێمانوایە تەنها هەر ئەو چوار كەسە نین، بەڵكو زیاترن، لەبەرئەوەی ئەو كارەی بەرامبەر براكەم كراوە بەژنان ناكرێت، بەڵام تائێستا ئەو ژنە ئاشكرایان ناكات".
لەسەر دروستبوونەوەی پەیوەندی ئەو دوانەشدا (رزگار) رەتیكردەوە، كە پەیوەندی لەنێوانیاندا دروست بووبێتەوە، ئەو دەڵێت "ئەو قسەیە راست نییە، كە دەڵێن ئەوان پەیوەندییان لەگەڵ یەكتری ماوە، چونكە رێبواری برام كاتی خۆی ئەگەر ویستبای بیخوازێت بەكچی دەیهێنا، تەنات یەكجاریش داخوازی نەكرد، تائەوان پێی نەدەن، ئیدی بۆچی دوای ئەوەی شوو دەكاتە، پەیوەندی لەگەڵ گرێ دەداتەوە؟ نەخێر، رێبوار دواتر ژنی بەدڵی خۆی هێناوە كە ئێستا حەملی هەیە و چوار مانگە سكەكەی"، رزگار، هەر لەبارەی براكەی ئەوەشی گوت كە "ژنەكەی خۆی لەچاوی خۆی خۆشتر دەویست، ئەو كچەش تەمەنی 12 ساڵ نەدەبوو، كە مێردی كردووە، رێبواری برام كەسێكی رۆشنبیر و تێگەیشتوو بوو، قەت باوەڕی بەو جۆرە پەیوەندیانە نەبوو، تائەوان بڵێن لەسەر ئەمە وامان لێكردووە. لەوەش گرنگتر، ئەم كچە شووی بەكوڕێك كردووە، كە رێبوار لەچاوی خۆی خۆشتری دەویست".
براكەی رێبوار تائێستاش بڕوای بەلێدوانەكانی دەزگا حكومییەكان نەهاتووە و دەڵێت "ئێمە سەرمان سوڕماوە كە ئەوان بۆچی و لەسەرچی ئەو كارە دڕندانەیان بەرامبەر رێبوار كرد، لەسەر ئەم قسانەش لەحاكمم پرسی گوتی لەفەحسكردنی رێبواردا هیچ شتێكی وای تێدا نەبوو، كە بیسەلمێنی ئەم كاری خراپی لەگەڵ ئەم ژنەدا ئەنجام دابێ، كەچی ئەم ژنە گوتوویەتی دەستی بۆمن هێناوە". سەبارەت بەوەش كە دەگوترێ ئەو ماڵەی ئەو كارەیان دەرهەق بەبراكەی كردووە، خزمی خۆیانە، رزگار رەسوڵ دەڵێت "ئێمە خزمایەتیەكمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام دوورە و تەنها لەرێگەی ژنانەوەیە، بەڵام ئێمە و ئەوان لەگەڵ یەكتری دراوسێین و دراوسێش لەخزم لەپێشترە، كەچی ئەو كارەیان بەرامبەرمان كرد". سەبارەت بەبۆچوونی خزم و كەسوكاری ئەو ماڵەش، لەدوای رووداوەكە، رزگار دەڵێت "هەموو خزم و كەسوكارەكەی هاتونەتە لای ریشسپیانی ئێمە و گوتوویانە، ئێمە ئەو ماڵە بەهیچی خۆمان نازانین و قەتیش ئەو ژنانەمان ناوێتەوە و ئامادەش نین بەرگرییان لێبكەین، هەر كاتێكیش ئێمەتان بینی سەردانمان كردن و لێمان پرسین، ئێوە ئەوكات كێشەتان لەگەڵ ئێمەدا هەبێت، ئەوان نووسراویشیان بۆمان كردووە كە هیچ لایەك ژنەكانی خۆیان نەوێتەوە لەو كەسانەی كە دەستیان لەم تاوانەدا هەبووە، ئەوان ئێستا بەخێزانێكی خراپ سەیریان دەكەن و هیچ پەیوەندیەكیان پێكەوە نەماوە".
ئەو برایەی رێبوار ئەوەشی بە (سڤیل) گوت كە "ئەو ژنەی براكەمی لەسەر كوژرا، لەزیندان گوتوویەتی من بۆیە ئەم كارەم كردووە، چونكە دەستی بۆ من هێناوە و منیش بەرچەقۆم داوە، ئەم قسەیەش هیچ راستی تێدانیە و نەهیچ كەس و تەنانەت حاكمیش باوەڕی پێناكات، چونكە لەتوانای ژنێكدا نییە كە بەتەنیا ئەم كارە بكات و ئەمەش پاساوێكی ناڕاستە".
رێبوار رەسوڵ، تەمەنی (30) ساڵ بوو، یاریدەدەری پزیشكی بوو لەنەخۆشخانەی حاجیاوا و دەرمانخانەیەكی لەتەنیشت ماڵەكەی خۆی كردبۆوە، شەوی 15/8 كاتژمێر هەشت و نیوی هەمان شەو، لەدەرمانخانەكەی خۆی لەلایەن چەند كەسێكەوە دەڕفێنرێ و بۆ رۆژی دواتر تەرمەكەی بەشێوێندراوی لەنزیك شارۆچكەی حاجیاوای نزیك رانیە دەدۆزرێتەوە، بەو هۆیەوە ئێستا چوار كەس كە سێیان ژنن، لەگەڵ پیاوێكدا كە هەمووشیان ئەندامی یەك خێزانن، بەتۆمەتی دەستهەبوون لەو كارەدا، دەستگیر كراون و دانیان بەتاوانەكەیاندا هێناوە.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com