|
سڤیل:
رزگار كۆچەر
رۆژی 10/8/2010 گەنجێك لەناحیەی (كەسنەزان)ی
سەر بەشاری هەولێر، بەهۆی نەخۆشی دەروونی پەنا
بۆ خۆكوشتن دەبات. بەر لەئەنجامدانی كارەكەشی،
برا بچووكەكەی كە دەیەوێت رێگری بكات
لەخۆكوشتنی برا گەورەكەی، ئەویش گوللەیەكی بەر
دەكەوێت و بریندار دەبێت.
هەموو ئەو هاوڕێیانەی كە ئەو رۆژە لەبەردەم
ماڵەكەی (ك) كۆببوونەوە، باسیان لەرەوشتبەرزی
ئەو گەنجە دەكرد، زۆربەشیان بەسەرسوڕمانیەوە
باسی ئەو كاتەیان دەكرد، كە هەواڵی خۆكوشتنی
(ك) پێ گەیشتووە، چونكە وەك خۆیان دەڵێن ئەو
كوڕە زۆر ئومێدی بەژیان هەبووە. خزمێكی نزیكی
(ك) كە نەیویست ناوەكەی خۆی ئاشكرا بكات، بەم
شێوەیە باسی روداوەكەی كرد و گوتی "ماڵی ئەوان
لە (كەسنەزان)ەو ئەو كوڕە خۆی پیشمەرگەیە
لەناوچەی زیارەت، ماوەیەك دەچووە دەوام و چەند
رۆژێكیش لەماڵەوە دەمایەوە"، ئەو خزمەیان كە
بەزۆر قسەی بۆ دەكرا، گوتیشی "ك، هیچ كێشەیەكی
كۆمەڵایەتی نەبوو، هیچ كەسێكیش نە لەماڵەوە و
نە لەدەوروبەر توڕەی نەكردووە، مەسەلەكە تەنها
ئەوەبوو كە هەر خۆی ماوەیەكە تووشی دڵتەنگی
ببوو، بۆیە ئەو كاتەی كە ئەو كارەساتەشی بەسەر
خۆی هێنا، رووداوەكە بەكتوپڕی بوو"، ئەو خزمەی
(ك) لەبارەی ساتی خۆكوشتنەكەی (ك) دەڵێت "بەبێ
ئەوەی هیچ شتێك بووبێتە هۆكاری توڕەبوونی،
لەناكاو بەدەمانچە گوللەیەكی لەسەری خۆی داوە،
هەرچەندە برا بچوكەكەی زۆری هەوڵداوە كە ئەو
كارە نەكات، بەڵام بەبێ ئەوەی بتوانێت رێگری
لێبكات، گوللەیەكش بەر ئەو كەوتووە، بۆیە
لەدوای گواستنەوەی تەرمی براكەی، ئێستا ئەویش
لەنەخۆشخانەیە و لەژێر چاودێری پزیشكی دایە".
سەبارەت بەوەی كە ئاخۆ ئەو گەنجە كێشەیەكی
دیاریكراوی هەبێت و لەخانەوادەكەی شاردبێتەوە
یا پێشتر هەوڵی خۆكوشتنی دیكەی دابێت و سەری
نەگرتبێت، ئەو خزمەی (ك) دەڵێت "من زۆر لەم
خانەوادەیە نزیكم، نەمبیستووە ئەوان كێشەی
تایبەتیان هەبێت یان پێشتر (ك) هەوڵی خۆكوشتنی
دابێت، تەنها ئەوەندە دەزانم كە ماوەیەكە (ك)
تووشی دڵتەنگی هاتووە و ناوناوەش دڵتەنگییەكەی
زیاتر بووە، تادواجار بەهۆی ئەو خەمۆكییە
زۆرەی كە هەیبووە، كۆتایی بەژیانی خۆی
هێناوە".
سەرچاوەیەك لەپۆلیسی كەسنەزان، لەدوای
رووداوەكە بە (سڤیل)ی راگەیاند، كە ئەوان پاش
ئەوەی روداوەكە روویداوە گەیشتوونەتە شوێنی
رووداو و لەئەنجامیش بۆیان دركەوتووە كە
روداوەكە خۆكوشتنە و قوربانیەكەش گەنجێكی
پێشمەرگەیە لەناوچەی زیارەت. بەپێی راپۆرتی
پزیشكی داد، (ك) بەدەمانچەیەكی جۆری تاریق
گوللەیەكی لەخۆ داوە و كۆتایی بەژیانی هاتووە.
ئەو سەرچاوەیەی پۆلیسی كەسنەزان، باسی لە
برابچوكەكەی (ك)یش كرد، كە دوای ئەوەی هەوڵێكی
زۆری داوە، كە براكەی خۆی نەكوژێت، سەرئەنجام
گوللەیەكیش بەر ئەو كەوتووە و ئێستا لەژێر
چاودێری پزیشكی دایە.
سەبارەت بە بەلێكۆڵینەوەكانی پۆلیسیش لەبارەی
هۆكاری روداوەكە، سەرچاوەكەی پۆلیسی كەسنەزان،
ئاماژەی بەوەكرد كە لەلێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان
دەركەوتووە كە قوربانییەكە كێشەی لەگەڵ هیچ
كەس نەبووە، بەڵكو بەهۆی دڵتەنگی و نەخۆشی
دەروونی خۆیەوە، ئەم كارەساتەی بەسەر خۆی
هێناوە.
جێگەی ئاماژە پێكردنە، كە ئەمساڵ لەهەر سێ
شاری هەرێمی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لەگەنجان
بەچەند جۆرە شێوازێك پەنایان بردۆتە بەر
خۆكوشتن، دواجاریش زۆربەی زۆری هۆكارەكان بۆ
خەمۆكی و كێشە كۆمەڵایەتیەكان گەڕێندراوەتەوە.
|