هــــەرگـــیـــز دایــــكــــــم نــــــابـــــــــــوورم، نەیهێشت بەخۆشەویستەكەم بگەم  

 

سڤیل: محەمەد قادر- سۆران

"هەرگیز دایكم نابوورم، ئەو ژیانی لێ تاڵ كردم و منی كردە مێڤانی كەسەری خەزان"، ئەم قسانە هی كچێكی شۆخ، بەڵام دەروون شلەژاو و دڵ پڕخەمی ئەو شارەیە، فرمێسكی كەسێكی داماو، خۆشەویستی بۆ كوڕێك بەناوی (رابەر) هزر و دڵی داگیر كردبوو.
ئەو دەیگوت "هەمیشە بەدوای كەسێك دەگەڕام كە وەك (رابەر) دڵدارم بێت و منی خۆشبوێت، چونكە ئەو هێندە میهرەبان بوو، كە گوێبیستی گرفتەكانم دەبوو، تەژی چاوەكانی فرمێسك دەبوو، هەر بۆیەش ناوی منی نابوو (فرمێسك)، بەڵام چ جۆرە خۆشەویستێك (رابەر) ئەو كوڕە تەمەن (25) ساڵییە بوو، ئامادەبوو لەپێناو مندا هەموو كارێكی قورس ئەنجام بدات، ئەو منی زۆر خۆشدەویست، ساتێك بێ یەكتری نەدەحەواینەوە، ئەو رۆژانەی نیگەران و بەخەم بووم، هەمیشە دڵنەوایی دەدامەوە، بیرم نایەت بۆ یەكجاریش لێم توڕە بووبێت".
ئەو كچە خەفەتبارە ئاهێكی قووڵی هەڵكێشا، پێدەچوو یادەوەری تاڵی بیر بێتەوە، ئەو كە هەمیشە ئۆباڵی ئەو بەیەكتر نەگەیشتنەی خۆی و دڵدارەكەی بۆ دایكی دەگەڕاندەوە، بەدەنگێكی هێدی و پڕ لەگریان، لەسەر قسەكانی بەردەوام بوو و گوتی "چەندەها بەسەرهات و یادەوەری شیرینم لەگەڵ (رابەر) هەیە، بەڵام تەمەنی ئەو یادەوەریانە وەك گەڵایەكی زەرد لەپایزێكی خەماوی وەران، بەسەرهاتی تاڵی و دابڕانی ئەو خۆشەویستەم، لێرەوە دەستیپێكرد، كە دوای 3 ساڵ خۆشەویستی لەنێوانماندا، رۆژێكیان (رابەر) پێی گوتم، كاتی ئەوە هاتووە خوازبێنیت بكەم و ژیانی هاوسەریمان پێك بهێنین، منیش رازی بووم، چەند كەسێكی خزمی ناردە ماڵەوەمان بۆ خوازبێنی، هەمیشە چاوەڕێی رۆژێكی وابووم، قەت بیرم لەوە نەدەكردەوە، كە دایك و باوكم بەم خوازبێنیە رازی نەبن، چاوەڕێ بووم، ماڵەوە رازی بن، بەڵام نەدایكم و نەباوكم رازی نەبوون، ئەوان گوتیان كچەكەمان هێشتا منداڵە، كاتی شووكردنی نەهاتووە، ئەم قسەیەش تەنیا بۆ ئەوە بوو، كە من بەخۆشەویستەكەم شاد نەبم، من نەمدەزانی دایكم لەدڵی خۆیدا كوڕێكی دەوڵەمەندی بۆ دیاری كردووم، هەر بۆیەش دایكم رێگری شووكردنی من بوو لەگەڵ (رابەر)، هەمیشە دەیویست من واز لە (رابەر)ی خۆشەویستم بهێنم، ئەو دەیویست من شوو بە (بەشدار) بكەم، زۆر هەوڵیدا و هەمیشە قسەی سوكی لەبارەی (رابەر)ی تاقە خۆشەویستم پێ دەگوتم، بۆ ئەوەی لەپێش چاوم بكەوێت و منیش وازی لێبێنم".
ئەو كچە دەڵێت "بەڵام ئەوە شتێكی مەحاڵبوو بەلای منەوە، بۆیەش جارێكی دیكە داوام لە (رابەر)ی خۆشەویستم كرد، كە دووبارە بهێنە خوازبێنیم، ئەویش جارێكی دیكە كەسوكارەكەی نارد بۆ ماڵی باوكم، هەرچەندە باوكم ئەم كوڕەی پێ باشبوو، بەڵام دیسان دایكم هێنان و بردنێكی زۆری كرد و رازی نەبوو، هێندە بێزاری كردم و قسەی سەیر سەیری لەدوای (رابەر) دەكرد، كە وام لێهات، كەم كەمە ئەوم لەپێش چاو كەوت، ئەم دووركەوتنەوەیە بەسوودی (بەشدار) و دایكم تەواوبوو، ئەو و دایكم منیان فریودا، بەناچاری بوومە خۆشەویستی (بەشدار)ی درۆزن، خۆشەویستی ئەو لەناخی دڵەوە نەبوو، كاتێ (رابەر) بەوەی زانی و چەند جاریش منی لای (بەشدار) بینی، بەناچاری وازی لێ هێنام، چونكە بەقسەی دایكە زۆردارەكەم هەڵخەڵەتام و خۆشەویستەكەم كردە قوربانی سامان و ماڵی دونیا".
كچەی ناموراد، بەردەوامی بەچیرۆكەكەی خۆی دا و گوتی "كاتێ (رابەر) منی بەوجۆرە دەبینی كە لەگەڵ بەشدار بەیەكەوە قسەمان دەكرد، رەنگی زەرد هەڵدەگەڕا و فرمێسك بەچاوەكانی دەهاتە خوارەوە، چونكە بێوەفایی لەو بەدوور بوو، تەنها فریودراو من بووم، كە دایكم بێڕەحمانە و دوور لەسۆز و خۆشەویستی، من و ئەوی لێكدابڕاند، ئەوەش بوو بەهۆكارێك كە (رابەر)ی بێچارە بەناچاری كچێكی دیكەی خواست و بەبێ خۆشەویستی كردیە هاوسەری ژیانی و منیشی بۆ (بەشدار)ی درۆزن و نیازپیس بەجێهێشت".
فرمێسك، بەئاخێكی قۆڵ و چاوی پڕ لەفرمێسكی، هاتە سەرباسی خۆشەویستە دیاریكراوەكەی دایكی و گوتی "دوای دابڕانم لە (رابەر) و پەیوەندیكردنم بە (بەشدار) ژیانم بوو بەدۆزەخ و دووچاری گیروگرفت بوومەوە، ئەوە لەكاتێكدا كە بەقسەی دایكم بوایە، دەبوا بەپارە و سامانەكەی خۆشگوزەران بوومایە، كەچی بەداخەوە رۆژێك (بەشدار) بێشەرمانە بەخوشكێكی لەخۆم بچوكتری گوتبوو، دەمەوێت خۆشەویستیم لەگەڵدا بكەیت، خوشكەكەشم بەمنی گوت، هەر شێت بووم، پێم سەیر بوو ئەو كوڕەی كە خۆی بەخۆشەویستی من پێشان دابوو، چۆن دەتوانێ ئێستا لەگەڵ خوشكم پەیوەندی خۆشەویستی ببەستێ، بەڵام لەسەرەتاوە پێموابوو كە خوشكەكەم درۆی لەگەڵ كردووم، بۆیە گوێم پێی نەدا و قسەشم پێی گوت، كەچی دووبارە جارێكی دیكە پێی گوتم، كە ئەو كوڕە وازم لێناهێنێ، ناچاربووم بە (بەشدار)م گوت ئایا شتی لەو جۆرە هەیە؟ ئەویش زۆر بێ شەرمانە گوتی، بەڵێ خوشكەكەت لەخۆت جوانترە، واز لەتۆ دەهێنم و پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئەو دەبەستم، بەبیستنی ئەم وشانە هۆشم نەما و دەروونم شلەژا، هەرچەندە ئەو بەسەرهاتەم بەدایكم راگەیاند، بەڵام تازە لەدوای چی كە بەدبەختی و چارەڕەشی كردم. لەكۆتایش (بەشدار) كچی مامی خۆی خواست و ژیانی هاوسەری لەگەڵ پێكهێنا، منیش تەنیا بەخۆم و خەمەكانمەوە ماومەتەوە و پەشیمانم لەوەی كە بەقسەی دایكم هەڵخەڵەتام".
تێبینی: "ئەمە بەسەرهاتی راستەقینەی كچێكی دانیشتووی شاری سۆران بوو، بەڵام لەبەر گرفتی كۆمەڵایەتی خوازیار بوو كە ناوی خۆی و كەسەكان بەخوازراوی بنووسرێن".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com