|
دڵسۆز
ماوەتی بەشی هەر گریان بوو،
سەربـــــــــــــــــازیــش لــەسەر چیـا
دەیگوت خۆم هەڵداوێم
سڤیل: محەمەد گۆران
محەمەد شەهدی، ئامادەكار و پێشكەشكاری
بەرنامەی (كێشبڕكێ) لەسەتەلایتی زاگرۆس، بەر
لەباسكردنی ناوەڕۆكی بەرنامەكە كە تائێستا دوو
زنجیرەی لێ پێشكەشكراوە، زنجیرەی یەكەم 13
بەشداربووی پیاو و زنجیرەی دووەمیش كە
گۆڕانكاری تێدا كرا و ئافرەتیش هاتە
مەیدانەكە، بە بەشداربوونی 7 ئافرەت و 9 پیاو
كە 3 مانگی خایاند و هەفتەی رابردوو كۆتایی
پێهات. دەڵێت "یەكەم جارمان بوو كە چووینە سەر
چیای سەفین، قایمقامی شەقڵاوەشمان لەگەڵ
دابوو، من چوومە سەر چیای سەفین، دڵسۆز ماوەتی
لەناوەڕاستی چیاكە بەجێما و نەیتوانی بێتە
سەرەوە، من و دووسێ بەشداربوو گەیشتینە سەرچیا
و گوتم باكۆتایی بەبەرنامەكە بهێنین، كامیرا
راوەستاوە، منیش وا دەڵێم: بەڵێ بینەرانی
بەرێز، ئێستاش وا سێ چوار بەشداربوو گەیشتنە
سەرچیا، تەواوم نەكرد، بووە قیژە و هاتوهاوار!
هەی چیبووە؟ گوتیان وەڵا دڵسۆز لەهۆش خۆی
چووە. ئیدی هەر بەڕاكردن، من لەسەر چیای
سەفین، گەیشتمەوە ناوەڕاستی چیاكە. قایمقامی
شەقڵاوە و یاریدەدەری پزیشكی و هەموومان
دەورەمان لێدا هەتا بەهۆشخۆی هاتۆتەوە. كۆتایی
بەرنامەش خۆ بەنیوەچڵی ناكرێت، دیسان
چووینەتەوە سەرچیا و لەوێ كۆتاییمان
بەپرۆگرامەكە هێناوە و ماندووبوونێكی یەكجار
زۆرمان بینی".
زنجیرەی دووەمی بەرنامەی (كێشبڕكێ) بەبەشداری
16 كەس، كە 9 پیاو و 7 ئافرەت بوون، هەفتەی
رابردوو، لەدوای 3 مانگ لەمەشق و راهێنان،
كۆتایی پێهات، كە لەپیاوەكان (شێرزاد سلێمان)
49 كیلۆی لەكێشی دابەزاند و پلەی یەكەمی
بەدەستهێنا، لەئافرەتەكانیش (دڵسۆز ماوەتی)
بەكەمكردنەوەی 32 كیلۆ، لەرووی كێشەوە پلەی
یەكەمی لەنێو ئافرەتەكان بەدەستهێنا، بەڵام
لەبەر ئەوەی بەرنامەكە بەشێوازی رێژەی
دابەزینی كێش مامەڵە دەكات (هاجەر) ئەگەرچی
كەمتریش لەدڵسۆز كێشەكەی دابەزیبوو، پلەی
یەكەمی بەركەوت.
شێرزاد سلێمان حەسەن، تەمەنی 32 ساڵە و تاكە
بەشداربووی زنجیرەی دووەم بوو، كە توانی
زۆرترین كێش لە لەشی دابگرێت. (شێرزاد) بە 136
كیلۆ چووە ناو بەرنامەكە و دوای سێ مانگ
كێشەكەی بوو بە 87 كیلۆ و 49 كیلۆی كەمكرد.
ئەو بەشداربووە، هۆكاری هێنانە خوارەوەی
زۆرترین كێش لە لەشی بۆ پابەندبوونی
بەڕێنماییەكانی بەرنامەكە دەگەڕێنێتەوە و
دەڵێت "من و سەرباز لەهەموو بەشداربووەكانی
دیكە زیاتر پابەندی كات بووین".
دڵسۆز ماوەتی، كە قەڵەوییەكەی بەهۆكارێك
دەزانێت لەبەردەم كارە هونەرییەكانی، بۆیە
كاتێك محەمەد شەهدی پەیوەندی پێوە دەكات،
راستەوخۆ رەزامەندی نیشاندەدات بۆ بەشداریكردن
لەبەرنامەكە. ئەو لەیەكەم هەفتەی بەرنامەكە 8
كیلۆ و 900 گرام لەكێشی خۆی دادەبەزێنێت،
بەڵام دوای ئەوەی كە بەهۆی بەرنامەكەوە
دەزانێت كۆمەڵێ نەخۆشی هۆڕمۆنی هەیە، ماوەیەك
دادەبڕێت و چارەسەری پزیشكی وەردەگرێت، بەڵام
سەرەڕای ئەوەش (دڵسۆز) لەماوەی ئەو 3 مانگە،
كێشی خۆی لە 180 كیلۆوە دەگەیێنێتە 148 كیلۆ و
32 كیلۆ لەكێشی خۆی دادەگرێت.
دڵسۆز ماوەتی، هەرچەندە لەزنجیرەی دووەم، وەك
خۆی دەڵێت "بەشم هەر گریان بوو"، بەڵام
لەزنجیرەی سێیەمی بەرنامەكەش بەشداری دەكات و
دەشڵێت "ژیلاخان ئافرەتێكی زۆر میهرەبان بوو،
ئافرەتیش هەبوو، نەتدەوێرا سەیری نێوچەوانی
بكەیت. منیش لەگرینۆكەكان بووم، رەنگە زۆركەس
بڵێت دڵسۆز تۆ لەهەموو شوێنێك دەڵێی مریشكی
سەربانی و هەر دەگریت، بەڵام ئەگەر ئەوان وەك
من 180 كیلۆبن، دەتوانن سەركەونە سەرچیای
سەفین، بۆیە من بگریابام باشتربوو لەوەی شەڕ
بكەم"، دڵسۆز، ئێستا لەدوای بەرنامەكە،
بەپێكەنینەوە دەڵێت "كە توڕە دەبووم، هیچم
نەدەوت، تەنها دەمگوت محەمەد شەهدی ئەوجارە
بێی بۆ ماڵمان سەرت دەشكێنم".
محەمەد شەهدی، فیكرەی بەرنامەكە بۆ (زەهاوی
سنجاوی) لەسەتەلایتی زاگرۆس دەگەڕێنێتەوە و
ئاماژەی پێدەكا كە لەزنجیرەی یەكەم لەدوای
ماندووبوونێكی زۆر ئینجا توانیویانە 13 پیاو
بدۆزنەوە، چونكە خەڵكی نەهاتوونە بەدەم
بەرنامەكەوە، یەكەم كەسی ئەو زنجیرەیەش،
توانیوێتی 42 كیلۆ لەكێشی كەم بكاتەوە، شەهدی
دەڵێت "هەر كەسێك ئەگەر بتوانێت 10 كیلۆ
لەكێشی كەم بكاتەوە، ئەوە دەتوانێت لەزۆربەی
نەخۆشییەكان خۆی بەدوور بگرێت"، لەبارەی
زنجیرەی دووەمیش، كە دوو گۆڕانكاری ریشەیی
تێداكرا، هەم بەرنامەكە لەنێوشار گواسترایەوە
بۆ چیاكانی كوردستان، هەم لەڕووی بەشداربوونی
ئافرەتانیش كە لەزنجیرەی یەكەم، بەشداربووەكان
تەنها پیاو بوون، لەزنجیرەی دووەم 7 ئافرەت
بەشداریان كرد. شەهدی لەبارەی جلوبەرگی
بەشداربووەكانەوە، دەڵێت "هیچ جلێكی وەرزشی
لەبازاڕ نییە كە وەبەر بەشداربووان بكات، بۆیە
جلەكانمان بەقوماش كڕی و بۆمان دوورین".
ژیلا كەریمی، كە سەرەتا كێشەكەی 95 كیلۆبوو
ئێستا تەنها 72 كیلۆ كێشیەتی، لەنێو
ئافرەتەكان پلەی دووەمی بەدەستهێنا و لەماوەی
ئەو 3 مانگە توانی 23 كیلۆ لەلەشی دابگرێت.
ژنە راگەیاندنكار (ژیلا كەریمی) دەڵێت "من
پێشتر زۆرم هەوڵدا كە كێشم بێنمە خوارەوە،
ئەوانەی كە لەنزیكەوە ئاگاداری ژیانی من بوون،
دەزانن چ كارایەكم كردووە لەرێجیم و
وەرزشكردن، بەڵام دەركەوت كە ئەو شێوازەی من
هەڵەبوو، چونكە تەنها لەرێگەی بەرنامەی
كێشبڕكێ توانیم بگەم بەو كێشەی كە خۆم حەزم
پێیدەكرد".
ژیلا كەریمی، هێما بۆ ئەوەش دەكات كە
بەشداربوونی ئەوان وەكو ئافرەت، لەدوای خۆیان
گڕوتینی بەئافرەتانی دیكەش بەخشیوە و دەڵێت
"ئەم تێكەڵ بوونەی ئێمە و راكردنمان لەگەڵ
پیاوان، بووە هۆی ئەوەی كە ئێستا ئافرەتێكی
زۆر بەیانیان لەپاركی گەورە رابكەن"، ژیلا باس
لەساتە خۆشەكانی خۆی لەنێو بەرنامەكە دەكات و
دەڵێت "هەمیشە دوای ماندووبوونێكی زۆر داوایان
لەمن دەكرد كە لاسایی بەشداربووەكانی دیكە
بكەمەوە"، دواتر هاتە سەرباسی باخەوانەكەی نێو
پارك و گوتی "باخەوانەك لەپارك، پایسكلێكی
پێبوو سندووقی پشتەوەی پڕكردبوو لەرادیۆ و
كەلوپەل، هەركاتێك كە دەگەیشتینە بەرامبەر
ئەو، بەمنی دەگوت باجی هەڵبڕە و پایسكلەكەت
هەڵگرە، پایسكلەكەی كردبوو بەهی من".
سەبارەت بەزنجیرەی سێیەمیش، محەمەد شەهدی
دەڵێت "هەر لەئێستاوە زیاتر لە 120 كەس
پەیوەندیان پێوە كردووم، ئیدی وا بڕیارە كە 10
پیاو و 10 ئافرەتیش هەڵبژێرین، بەتایبەتی
ئەوانەی كە لەگەڵ بارودۆخی بەرنامەكە
دەگونجێن، مەرجی ئێمەش تەنها ئەوەیە كە
پیاوەكان لە 120 كیلۆ زیاتربن و ئافرەتەكانیش
لە 90 كیلۆ كەمتر نەبن".
تائێستا هەموو بەشداربووەكانی بەرنامەی
(كێشبڕكێ) خەڵكی هەولێر و دەوروبەر بووە، بۆ
هۆكاری بەشدارنەبوونی خەڵكی شارەكانی دیكەی
كوردستان، شەهدی دەڵێت "ئەگەر خەڵكی شوێنانی
دیكە بەشداربن، دەبێت ئۆردوگایەكیان بۆ
بكەینەوە، یەكەم شت، كۆمەڵگای ئێمە هێندە
كراوە نییە، كە چەند ژن و پیاوێك بێنینە ناو
بینایەك. دووەم، بەرنامەكە كە ماوەی 3 مانگە،
هەموو كەسێك ناتوانێت بەشداربێت و واز
لەئیشوكاری خۆی بهێنێت".
ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەكە، هێما بۆ
ئەوە دەكات كە حالەتە ناخۆشەكانی زۆرتر بووە
لەكاتە خۆشەكانی، دەڵێت "كەسێك كە دەیەوێت
كێشی كەم بكاتەوە، زۆرجار تووشی حالەتی
هەڵچوون دەبێت، كاك (سەرباز)مان لەگەڵ دابوو،
زۆرجار لەسەرچیا دەیگوت خۆم هەڵداوێم"، شەهدی،
ئاماژە بۆ بەسەرهاتێكی هەم خۆش و هەم ناخۆشی
خۆی لەیەكێ لەبەرنامەكان دەكات و دەڵێت
"چووینە ناوچەی سەركەپكان لەرانیە، چیاكە زۆر
دورودرێژ بوو، نزیكەی 3 كاتژمێر و نیو، بەڕێوە
بووین تاگەیشتینە سەرچیاكە، دووسێ چاوساغی
ناوچەكەشمان لەگەڵ دابوو، لەكاتی گەڕانەوە،
گوتم ئەوە چاوساغ و راهێنەریان لەگەڵە و من و
یەك دوو بەشداربوو بەڕاكردن هاتینە خوارەوە،
ئیدی مەپرسە بەشداربووەكان، لەسەر چیاكە
رێگایان لێ هەڵەببوو، لەجیاتی بێنە خوارەوە،
زیاتر بەچیاكە سەردەكەوتن. خۆشییەكەی لەوە
دابوو كە كێشی زیاتریان كەم كردبۆوە، بەڵام كە
سەیری نێوچاوانت دەكردن، هەمووی گرژی پێوە
دیاربوو، وابزانم ئەو رۆژە دوعایەكی زۆریان
لێكردبووم!".
ئەركان محەمەد فەقێ، بەشداربوویەكی دیكەی
زنجیرەی دووەمی بەرنامەی (كێشبڕكێ) بوو،
(ئەركان)ی تەمەن 32 ساڵ، بەر لەبەرنامەكە 119
كیلۆ كێشی بوو، بەڵام لەماوەی ئەو 3 مانگە
توانی 28 كیلۆ لەكێشی دابگرێت و خۆی بگەیێنێتە
91 كیلۆ، دەڵێت "یادگاری زۆر خۆشمان بۆ بەجێما
لەو بەرنامەیە، كاك سەربازمان لەگەڵبوو،
فەقیرەی زۆر بێزاربوو لەقەڵەوییەكەی خۆی،
بەردەوام گلەیی هەبوو، زۆرجار لەسەر چیای
دەیگوت من نایەمە خوارێ، برادەرێكی دیكەشمان
لەگەڵبوو بەناوی خالید، ئەویش زۆر خۆشبوو،
وەختەكەمان بەو بەڕێوە دەچوو و بەبێ ئەو
نەدەحەواینەوە".
ئەركان، ئەوەشی دركاند كە ئەو گلەیی زۆری
لەبەرنامەكە هەبوو، وەكو ئەو دەڵێت "جیاوازی
زۆر دەكرا لەنێوان بەشداربووەكان، راهێنەرەكەش
هیچ پابەندبوونێكی نەبوو بەكاتەوە و ئەویش
بەتەنها خەتاكە لەخۆی نەبوو، ئەمە جگە لەوەی
كە عونسوریاتیم لەناو بەرنامەكە هەستپێدەكرد و
دۆست و ناسیاو فەرقی هەبوو لەگەڵ نەناسیاو".
مامۆستای ئاینی (موحسین حەسەن مەجید)ی تەمەن
39 ساڵ، ئەویش بەكێشی 150 كیلۆ بەشداری
لەبەرنامەكە كردو لەو 3 مانگە توانی 30 كیلۆ
لە لەشی دابگرێت و خۆی بگەیێنێتە 120 كیلۆ،
ئەو مامۆستا ئاینییەی ئەوقافی دەوروبەر دەڵێت
"هیچ شتێك بێ كەموكورتی نابێت، بۆیە منیش
گلەییم هەبوو، بەڵام ئەو گلەییانە نابێتە
هۆكارێك كە بەشداری لەبەرنامەكە نەكەیت".
مەرجی بەرنامەی (كێشبڕكێ) بەجۆرێكە، كە سەرەتا
هەموو بەشداربوویەك، بەڵێننامەی پێ پڕ
دەكرێتەوە، كە ناتوانێت تاكۆتایی هاتنی
پرۆگرام واز بهێنێت، تەنها بەمەرجێك ئەگەر
پزیشكی بەرنامەكە بڵێت، ئەم بەشداربووە
وازهێنانی لەبەشداریكردنی باشترە و كاریگەری
خراپی بۆ سەر تەندروستی دەبێت. هەر لەنێو
بەرنامەكەش هەموو بەشداربوویەك بەرنامەیەكی
خۆراكی لەلایەن مامۆستا (سەردار ئیسماعیل) و
(ئەحمەد رامبۆ) بۆ دادەنرێت. شەهدی دەڵێت "بۆ
هەموو جارێك ئامبۆلانسەك و یاریدەدەری پزیشكیش
بەجانتایەك داودەرمان لەگەڵمان دەهاتە سەرچیا،
ئەو پزیشكە ئەگەر كێشی زیادبا، لەهەمووان
زیاتر كێشی دادەبەزی، چونكە بەس جانتاكەی كێشی
15 كیلۆ بوو".
محەمەد شەهدی، لەساڵی 1966 لەشارۆچكەی (خانە)
لەرۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە، راهێنەر و
ناوبژیوانی نێودەوڵەتی زۆرانبازییە. تائێستا
چەندین بەرنامەی وەرزشی لەسەتەلایتی زاگرۆس
ئامادە و پێشكەشكردووە، كە سەرەتا بەبەرنامەی
(وەرزشی بەیانیان) لەسپێدەی كوردستان
دەستیپێكرد و دواتریش بەرنامەی (یاری و شادی)
بۆ ماوەی 4 ساڵ پێشكەشكرد، ئینجا بەرنامەی
(بەهێزترین پیاوانی كوردستان) و دوابەرنامەشی
(كێشبڕكێ) بوو، دەڵێت "زۆربەی زۆری
نەخۆشییەكان، سەرچاوەكەی قەڵەوییە، بۆیە
دەكرێت بەبەرنامەیەكی باش بۆ ژیان، دەربازبین
لەقەڵەوی".
|