|
سڤیل: هەولێر
بەپێی ئاماری ئەنجوومەنی دادوەری كوردستان، لە
6 مانگی رابردووی ئەمساڵدا، واتا لە 1/1/2010
تاوەكو 31/6/2010 لەسەرجەم دادگاكانی باری
كەسی لەهەولێر و دەوروبەری 3636 داوا هەبووە
كە تاوەكو ئێستا 2770 داوا یەكلاكراوەتەوە،
لەسلێمانیش لەكۆی 4629 داوا تاكو ئێستا 2667
داوا یەكلاكراوەتەوە. هاوكات لەپارێزگای دهۆك
و دەوروبەریش لەكۆی 964 داوا 757ی
یەكلابۆتەوە.
هەر لەو ئامارەی ئەنجوومەنی دادوەری هاتووە،
كە لە 6 مانگی رابردوو، لەهەولێر و دەوروبەری
7609 حالەتی مارەبڕین هەبووە و لەسلێمانی 6518
و لەدهۆك 4527 و لەگەرمیانیش 2779 حالەتی
مارەبڕین هەبووە. سەبارەت بەرێپێدان بەهێنانی
ژنی دووەمیش، هەولێر 16 حالەت و سلێمانی 15 و
دهۆك 13 و گەرمیانیش 91 حالەتی ژنهێنانی
دووەمی هەبووە لە 6 مانگی رابردوودا. هەر لەو
ئامارەشدا لەبارەی "پەسەندكردنی مارەبڕینی
دەرەكی" هاتووە كە هەولێر 853 حالەت و سلێمانی
409 و دهۆك 225 و گەرمیانیش 56 حالەتی تێدا
هەبووە.
بەپێی زانیاریەكانی ناو ئەو ئامارەی
ئەنجوومەنی دادوەری، 857 حالەتی تەڵاقدان
لەهەولێر هەبووە و لەسلێمانیش 1028 حالەت و
دهۆكیش 293 حالەت، لەكاتێكدا كە هیچ ئاماژەیەك
بۆ ناوچەی گەرمیان نەكراوە كە لە 6 مانگی
رابردووی ئەمساڵدا رێژەی تەڵاقدان تێیدا بەچ
شێوەیەك بووە.
جێگەی ئاماژەپێكردنە، كە ئەوەی لەئاشكراكردنی
ئاماری دادگاكانی باری كەسی لەهەرێم لەماوەی 6
مانگی رابردوو، شوێنی سەرنج بێت، بەپێی
ئامارەكە لەزۆربەی شار و شارۆچكەكانی
كوردستان، رێژەی داوای تەفریق (جیابوونەوە)
لەلای ئافرەتان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی
كردووە، بۆ نموونە لەشاری سلێمانی و دەوروبەری
لە 6 مانگی رابردوو، لەبەرامبەر 1028 حالەتی
تەڵاقدان كە لەلایەن پیاوانەوە تۆمار كراوە،
1213 حالەتی تەفریقیش هەبووە لەلایەن ژنانەوە.
|