ئــــارایشتكردن لــــە مــــــــــــانــــگی ڕەمەزاندا رۆژوو سووك ناكات  

 

سڤیل: كوێستان ڕەشید




ئارایشتكردن بەلای هەندێك لەئافرەتانی كورد بەقەت جلوبەرگ گرنگی پێ دەدرێت، بەڵام بەو پێیەی زۆرینەی میللەتی كورد موسڵمانە، ژنان و كچانی كورد لەمانگی ڕەمەزاندا كەمتر لەكاتەكانی دیكە ئارایشت دەكەن، یاخود هەر نایكەن، بەڵام وەك شارەزایەك لەبواری شەریعەتی ئیسلام ئاماژەی بۆ دەكات، رۆژووگرتنی ئافرەتان، نابێتە رێگری ئەوەی كە ئارایشت نەكەن لەو مانگەدا.
لای هەندێك لەژنان و كچانی كورد ئارایشتكردن یەكێكە لەبنچینەكانی جوانی و بێ ئارایشت ناتوانن كەشخەیی و جوانی خۆیان پیشانی پیاوان بدەن. (كوبرا عەلی) ئافرەتێكی ڕووخۆشی چالاكە لەبوارەكەی خۆیدا، باسی لەوەكرد كە هەتا ئێستا هیچ كەس بەبێ ماكیاژ لەدەرەوەی ماڵ نەیدیوە، تەنانە لەمانگی ڕەمەزانیشدا هەروەكو مانگەكانی دیكە ئارایشت دەكات. ئەو ئافرەتە تەمەن 45 ساڵییە، كە لەیەكێك لەڕێكخراوە بیانیەكاندا كار دەكات، دەڵێت "ڕەنگە بەلاتەوە سەیر بێت، بەڵام من قەت بێ ماكیاژ نەچوومەتە دەرەوە، لەماڵەوەش ئاساییە بەلامەوە، بۆ مێردەكەشمی دەكەم، بەڵام بۆ دەرەوە زیاتر".
كوبرا باسی لەوەشكرد كە بەئارایشتكردن زۆر دڵخۆش دەبێت و لەهەموو بۆنەكانیشدا گرنگی پێ دەدات، گوتیشی "بەڵام بەو شێوەیەش نایكەم كە ئەمڕۆ دەكرێت و خەڵك نەمناسێتەوە". (ژیان محەمەد) تەمەنی 28 ساڵە و پێیوایە پێویست ناكات ئافرەتان ئارایشت بكەن، چونكە بەقسەی ئەو، ڕەگەزی مێینە خۆی لەبنەڕەتدا جوانە، گوتیشی "ئەوانە ئەمڕۆ ئارایشت دەكەن، زۆرتر بۆ سەرنجڕاكێشانی كەسانی دیكەیە، بەتایبەتیش ڕەگەزی نێر". ئەو باوەڕیشی وابوو، ئارایشتكردن بۆتە چاولێكەری و وای لێهاتووە ئەوەی ئارایشت نەكات بەچاوی نارۆشنبیری و نەخوێندەوار سەیر بكرێت، كە لەكاتێكدا مەرج نییە ئەو شتە وابێت، گوتیشی "گرنگە ئافرەتان ناخیان جوان بێت، چونكە ناخ بەمكیاژ جوان ناكرێت".
لەناو قوتابیانی زانكۆ و پەیمانگاكاندا، ماكیاژكردن زۆر بەگرنگتر لەكەسانی ئاسایی سەیر دەكرێت، تەنانەت زۆربەی كچانی زانكۆ و پەیمانگاكان لەناو جانتاكانیاندا ماكیاژ هەڵدەگرن و لەرێستەكاندا بەدزی كوڕانەوە ئارایشتەكانیان تۆخ دەكەنەوە. (جوانە عەلی) تەمەنی 19 ساڵە و خوێندكاری زانكۆیە، ئەو پێیوایە كچانی كۆمەڵگای كوردی، زۆر شارەزاییان نییە لەماكیاژكردندا و دەڵێت "من بۆ خۆم شارەزاییم زۆر كەمە و ناتوانم بڵێم تەواو شارەزام، زۆرتر بەپێی لێهاتنە، ئەو ماكیاژەی لەگەڵ پێستم بێتەوە هەڵی دەبژێرم". ئەوەشی ئاشكراكرد نەك خۆی بەڵكو زۆربەی قوتابیەكانی هاوڕێشی بەهەمان شێوە لەگەڵ گونجانی پێستیاندا ماكیاژ هەڵدەبژێرن، گوتیشی "لەمانگی ڕەمەزاندا زۆر بەكەمی ماكیاژ دەكەم و هەوڵدەدەم هەر بەكاری نەهێنم لەو مانگەدا".
شێنە مەحمود، تەمەنی 24 ساڵە و هەركات ئارایشت نەكات، وادەزانێت شتێكی ونكردوە، ئەو پێیوابوو ئالودەی ماكیاژكردن بووە و گوتیشی "بۆ هەر شوێنێك دەچم لەناو جانتاكەم هەڵیدەگرم، حەز دەكەم بەردەوام بەماكیاژەوە ببینرێم، هەر رۆژێكیش نەیكەم وا هەستدەكەم شتێكم ونكردوە"، دەشڵێت "بۆ زانیاری وەرگرتن، لەسەر چۆنیەتی ئارایشتكردن زۆر موتابەعەی تەلەفزیۆن و رۆژنامە و گۆڤارەكان دەكەم، لەبەر ئەوە شارەزاییەكی باشم پەیدا كردووە و زۆر بەكەمی سەردانی ئارایشتگا دەكەم". شێنە مەحمود، لەڕەمەزانیشدا ناتوانێت ماكیاژ كەمبكاتەوە و 100% دەستی لێ هەڵبگرێت.
كەوسەر فەتاح، یەكێكی دیكەیە لەو ئافرەتانەی كە بڕوای بەماكیاژكردن نییە و گوتی "باوەڕم وایە چۆن دروستكراوم هەر ئاوابم"، ئەو كچە دەشڵێت "بۆچی ئەو ماددە كیمیاییە زیانبەخشانە لەدەموچاوم بدەم و زیان بەپێستی خۆم بگەیەنم". ئەو بەلاشیەوە گرنگ نییە خەڵكی چۆن سەیری دەكەن.
ڕاژان عەبدوڵڵا، خاوەنی یەكێك لەئارایشتگاكانی هەڵەبجەی شەهیدە و لەهەمانكاتدا وانەبێژی ئارایشتە لەیەكێك لەسەنتەرەكاندا، ئەو باسی لەوەكرد كە كچان گرنگ نییە بەلایانەوە باشە یان خراپ، گرنگ ئەوەیە ئەو ماكیاژە هەرزانە، گوتیشی "كچانی ئێمە هیچ لەبارەی ماركە جیهانییەكان، ئەوانەی ئارایشت بەرهەم دێنن، نازانن، هاوڕێكانی چی بەكارهێنا، ئەویش هەروا". ئەو باسی لەوەشكرد هەندێجار كچان ڕەنگی پێڵاو و پشت چاویان یەك ڕەنگ دەكەن و دەشڵێن ئێمە شارەزای ماكیاژكردنین، گوتیشی "هەركەس سەردانی ئارایشتگاكەم دەكات، تەنها ئەوەی دەوێ سپی بێتەوە، ئیدی گرنگ نییە چۆن؟". باسی لەوەشكرد كە لەمانگی ڕەمەزاندا ئافرەتان زۆر بەكەمی ڕوو دەكەنە ئارایشتگاكان و كاریان زۆر كەم دەبێت، دەڵێت "ژنان لەمانگی رەمەزاندا كەمتر لەمانگەكانی دیكە ئارایشت دەكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێك هەیە هەر وەكو مانگەكانی دیكە ماكیاژ دەكات و ڕوودەكاتە ئارایشتگاكان". خاوەنی ئەو ئارایشتگایە گوتیشی "ئافرەتان بەرێژەیەكی فراوان ڕوویان كردۆتە سەنتەرەكانی ئارایشتكردن بۆ چۆنیەتی فێربوونی ئارایشتكردن و قژبڕین و ڕازاندنەوەی بوك". ئەو مامۆستایەی ئارایشت ئەوەشی خستەروو، كە ئاستی زانیاری خانمان لەبارەی ماكیاژكردنەوە زۆر كەمە و هەندێجاریش هەر نیانە، دەڵێت "زۆربەی ژنان نازانن ڕەنگی زستان چۆن دەبێت بكرێت و ڕەنگی هاوین چۆن دەبێت، ئەوان تەنیا سپیكردنەوەیان بەلاوە گرنگە". ئەو شارەزایەی بواری ئارایشتكردن ئەوەشی ئاشكراكرد كە هەندێ لەكۆمپانیاكانی بەرهەمهێنەری ماكیاژ، دەمێكە مافی بەرهەمهێنانیان لێ سەندراوەتەوە، كەچی لای ئێمە بەرهەمەكانیان بەنرخی ئەسڵی دەفرۆشرێت.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئارایشتكردن زیانی بۆ پێست هەیە، بەڵام ئەگەر لەپێكهاتەكەیدا ماددەی زیانبەخش هەبێت خراپترە، ئەو نیگەرانیش بوو لەوەی خانمانی كورد ناتوانن ڕێكخستن لەنێوان ماكیاژەكانیان و جلوبەرگەكانیاندا بكەن، كە تەنانەت هەندێ جار دەبێتە هۆی شێواندنی جوانی ئافرەتان، گوتیشی "هەندێجار كچ دەبینم پێم عەیب نەبێت پێی دەڵێم دەموچاوی بەسابوون بشوات، لەو ئارایشتكردنەی جوانترە".
شاتو حەسەن، قوتابی پەیمانگایە و ماوەی ساڵێكە شووی كردووە، ئەویش باسی لەوەكرد، ئەگەرچی دەشزانێت كە زیانی زۆرە، بەڵام هەر ماكیاژیش دەكات، چونكە هۆگری بووە و وادەزانێت زۆر ناشرینە بێ ئارایشتكردن، گوتیشی "هەرچەندە دەزانم بەسادەیی جوانتریشم و مێردەكەشم هەر حەزی لەسادەیە و زۆر حەز دەكات ماكیاژ نەكەم، بەڵام چەندینجار ویستومە كە تەركی بكەم و نەمتوانیوە". شاتو باسی لەوەشكرد، كە لەمانگی ڕەمەزاندا ئارایشت ناكات، لەبەرئەوەی بەتاوانی دەزانێت و پێیوایە رۆژوەكەی بەتاڵ دەبێتەوە.
مامۆستا (عەبدولكەریم محەمەد حەسەن سەنگاوی)، ماستەر لەشەریعەتی ئیسلام، سەبارەت بەچۆنیەتی ئارایشتكردن و خۆجوانكردنی ئافرەتان لەو مانگەدا، باسی لەوەكرد كە لەمانگی ڕەمەزاندا پێویستە ئافرەتان حساب بۆ پیرۆزی ئەو مانگە بكەن و گوتیشی "ئەو ئافرەتانەی بەرۆژو دەبن باماكیاژ نەكەن، بەڵام ماكیاژكردنیش نابێتە هۆی بەتاڵكردنەوەی رۆژو، هەرچەندە ناڵێم حەڵاڵە، چونكە رۆژوگرتن پێویستە، بەڵام ئەگەر كچێك پێیوابێت ماكیاژەكەی رۆژی بەتاڵ دەكاتەوە، بۆیە بەرۆژو نابێت، ئەوا با بەرۆژو بێت باشترە و ماكیاژەكەشی رۆژوو بەتاڵ ناكاتەوە".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com