|
 
سەركـــــــار دوای 15 خولەك لــــــە جێهشتنی
گوندی دووكەڵە، بە خنكاوی لە گوندی دووگردكان
دۆزرایەوە
سڤیل: محەمەد گۆران
(سەركار)ی تەمەن 17 ساڵ، دوای 15 خولەك
لەجێهێشتنی ماڵەكەیان لەگوندی دووكەڵەی سەر
بەناحیەی قوشتەپەی شاری هەولێر، تەرمەكەی
بەخنكاوی لەحەوزی ماسی ئاغاكەی گوندی
دووگردكان دەدۆزرێتەوە، دایكەكەشی كە دوو كوڕ
و كچێكی دیكەشی بەكارەسات لەدەستداوە،
بەگریانەوە دەڵێت "چیدیكە توانای ژیانم نەماوە
و ساڵی پاریش كوڕێكی دیكەم بەدەستی براكەی
خۆی، بەتاپڕ هەلاهەلا بوو".
سەركار ئەسعەد قادر، كە پێشووتر خوشكێكی بەهۆی
بەركەوتنی بەئاسن گیانی لەدەستداوە و برایەكی
كەوتۆتە ناو بیر و خنكاوە، ساڵی پاریش برایەكی
بەتاپڕ كە برایەكی دیكەی لێیدابوو، مردووە.
هەفتەی رابردوو، لەرۆژی 20/8 خۆیشی لەحەوزی
ماسی دەخنكێت و تەرمەكەی لەگوندی دووكەڵە
بەخاك دەسپێردرێت. سەركار، چوونی باوكی بۆ
مزگەوت، بەهەڵێك دەزانێت تا لەگەڵ خوارزاكەی
بچێتە مەلەكردن، وەكو (ئەسعەد قادر سمایل)ی
باوكی سەركار گێڕایەوە "رۆژی هەینی كاتژمێر
11ی نیوەڕۆ بوو، ئەمن لەو ژوورەی دانیشتبووم،
ئەویش هاتەوە. جا بەمنی دەگوت كاكە، گوتی كاكە
ئەوە دەڵێن، سولفەی عەقاری رادەكێشرێت، ئەگەر
خانوو دەكەیت؟ منیش گوتم، كاكە ئەمن نەعەقاریم
دەوێت و نەخانووش دەكەم. بالیفێكی هێنا و لێرە
سەری بەبالیفەكەی كرد. منیش چووم دەسنوێژم
شووشت، كە هاتمەوە ئەو نەمابوو. بەدایكیم گوت،
ئەی كوا سەركار؟ ئەویش گوتی هیوا (خوارزایەتی)
بانگی كرد، هەندێك حەیوانمان راگرتووە، گوتی،
ئەگەر لەناو حەیوانان نەبێت، ئەوە لەگەڵ ئەو
رۆیشتووە، منیش چوومە لای حەیوانەكان
نەمدۆزییەوە و پاشتر رۆیشتمە لای مزگەوتێ".
لەو ماوەیەی كە باوكی بۆ نوێژكردن دەچێتە
مزگەوت، سەركار و خوارزاكەشی بەمەبەستی
مەلەكردن، بەپایسكل روودەكەنە گوندی
(دووگردكان) هەرچەندە لەڕێگا پایسكلەكەشیان
هەوای دادەبەزێت، بەڵام پایسكلەكان جێدەهێڵن و
ئەو ماوەی كە دەمێنێت بەپێ دەڕۆن. باوكی
سەركار دەڵێت "چوومە مزگەوت و دوو ركات نوێژی
سوننەتم كرد و لەشوێنەكەی خۆم دانیشتم، هەر
لەمزگەوت خزمێكمان كە ناوی (قادری ئەحمەد
خدر)ە، ئەویش دوو ركات نوێژی سوننەتی كرد و
لەتەنیشتە من دانیشت. قادر جەڕەسی تەلەفۆنەكەی
لێیدا و گوێم لێبوو یەكێك پێیگوت، دووسێ
منداڵی دووكەڵەی هاتوونەتە حەوزی ماسیانی
رەحمان ئاغای دووگردكانی و مەلەیان كردووە و
یەكێكیان خنكاوە. هەر لەتەلەفۆنەكەی گوتی
وابزانم كوڕی ئەسعەدییە، كە تەلەفۆنەكەی
تەواوبوو، قادر رووی وەرگێڕا و گوتی، منداڵی
تو كەس بۆ مەلەكردن چووە بۆ لای حەوزی ماسییان
لەدووگردكان؟. گوتم كە هاتم یەكێكمان لەماڵ
نەبوو، راست هەستام".
پاش ئەوەی دەچێتە ماڵەوە، ئەوانیشیان ئاگادار
كردبۆوە، هەر ئەو كاتە هەموویان بەسەیارە
دەچنە گوندی دووگردكان، كە نزیكەی 10 خولەك
بەسەیارە، لەگوندی دووكەڵەی دوورە. باوكی
سەركار دەڵێت "چووینە دووگردكان، پۆلیسی
قوشتەپەی لەوێ بوون و ئەوانەی لەگەڵ سەركاری
مەلەیان كردبوو، پۆلیس دەسگیری كردبوون و
ئەوانیان سواری سەیارەی كردبوو، مەیتەكەش هەر
لەناو ئاوێ بوو، یەك دووانێك چوونە ناو ئاوەكە
و پێیان دەرنەهات، چونكە حەوزەكە 3 مەترونیو
قووڵە، دواتر یەكێ لەپۆلیسەكان خۆی فڕێدایە
ناو ئاوەكە و تەرمەكەی سەركاری دەرهێنا".
ئەسعەد قادر، سەرەڕای شوكرانەبژێری بۆ خوا،
دەڵێت "ئەوە چوار منداڵم ئاوا بڕوا، ساڵی پار
كوڕێكی دیكەم كە ناوی (شەوگار) بوو، هەر
براكەی خۆی ساچمەی لەدەست دەرچوو، بەر سینگ و
ملی كەوت و ئەویش رۆحی دەرچوو. بەر لەگوند
تێكچوون، كوڕێكی دیكەم ناوی (نزار) بوو، ئەویش
تەمەنی هەر 17 ساڵبوو، كەوتە ناو بیری ئاوێ و
دەمودەست تەواوبوو. كچێكی دیكەم جاحێڵ بوو،
ئەویش كەوتبووە سەر ئاسن و دەنگیشی نەكردبوو،
دواتر ئەستووربوو، لێی كردە نەخۆشی گزاز،
بردمە نەخۆشخانە و دوو رۆژ مایەوە، ئەویش
تەواوبوو".
سەركار، تاپۆلی 1ی ناوەندی لەكۆمەڵگای دارەتوو
خوێندبوو، بەڵام دوای گەڕانەوەیان بۆ گوند،
بەهۆی نەبوونی قۆناغی ناوەندی لەدووكەڵە و
گوندەكانی دەوروبەری (ئەمساڵ قۆناغی ناوەندی
لەگوندی قورشاغڵو كراوەتەوە) واز لەخوێندن
دەهێنێت. (نزار ئەسعەد) كە بەناوی ئەو برایەی
كراوەتەوە كە كەوتۆتە ناو بیری ئاو، دەڵێت
"سەركاری برام، ساڵێكیش بۆ خوێندن چووە
قوشتەپە، بەڵام نەیتوانی بەدرێژایی ساڵ ئەو
رێگایە بكوتێتەوە، بۆیە وازی لەخوێندن هێنا".
ئەسمەر حوسێن، كە دایكی سەركارە، باس لەو رۆژە
دەكات كە كوڕەكەی دێتەوە ماڵەوە و بۆ دواجار
بەیەكەوە قسە دەكەن "ئەو گەیشتەوە ماڵێ و
كارەبا هاتەوە، لەبەر تانكی دەموچاوی شووشت.
لەوەتەی ساڵی پاریش كە كوڕەكەی دیكەم مردووە،
ئەو هەر لەگەڵ من دەنووست، بالیفەكەی هێنا و
هات لەلای من پاڵیدایەوە. هێشتا خەوی
لێنەكەوتبوو، هاتن گوتیان ئەوە هیوا
(خوارزاكەی) بانگت دەكات. ئەویش هەستا و منیش
هەر وامزانی وەكو چەندجارە چووە كۆلی حەیوانان
پڕبكاتەوە و سەیرێكی كۆترەكانی بكات. هەر
هێندەم زانی خەبەریان هێنا و گوتیان سەركار
خنكاوە".
دایكی سەركار، لەگەڵ قسەكانی كە برینی
منداڵەكانی دیكەشی كولایەوە، بەگریانەوە گوتی
"لەدووگردكان هێشتا نەگەیشتبوومە لای ئاوەكەی،
كە پایسكلەكانم لەسەر رێگا بینی و كوڕەكەی
پاریشم كە حسابكە هەر سەری بڕا بەبیر هاتەوە،
سكم سووتا و لەخۆم دا. چوومە سەرئاوەكەی
شورتەیەك مەیتەكەی هێنا دەرێ، ئەمنیش هەر
لەسەر ئاوەكەی راوەستابووم، پڕمدایە و دەوم
لەناو دەمی نا و روومەتم ماچكرد و هیچ نەبوو،
مردبوو. ئەمنیش گوتم، ئەوە نەبووە ساڵەك، جۆتە
گەنجم لێ بڕوات، خۆم داوێمە ناو ئاوێ و خۆم
دەخنكێنم، بۆ دەبی ئەمنیش بمێنم، بەڵام
نەیانهێشت".
هەر بەگریانەوە، دایكە جەرگ سووتاوەكەی
سەركار، گوتیشی "مەیتەكەیان سواری سەیارەی كرد
و بردیانە نەخۆشخانەی تەواری، پاشان چووینە
تەشریحی، لەوێ خۆم بەقوربانیان كرد و گوتم
تەشریحی مەكەن، پاریش ئاوها یەكێكی دیكەم
هێناوەتە ئێرە، هەندیان سگ پێم سووتا، گوتیان
ئێستا بەڕێتان دەكەین، زۆری پێنەچوو بەڕێیان
كردین، راست جەنازەمان هێنایەوە ماڵێ، ئێستاش
هەر رۆژێكی بزانە تەواوبووم".
گوندی دووكەڵە كە سەر بەناحیەی (قوشتەپە)یە
لەپارێزگای هەولێر، لەساڵی 1987 لەلایەن
رژێمەوە تێك دەدرێت و زۆرینەی خەڵكەكەی
دەگوازرێنەوە كۆمەڵگای دارەتوو، دوای رووخانی
رژێم، راستەوخۆ لەساڵی 2003 ئاوەدانكراوەتەوە
و تائێستا 21 ماڵ گەڕاونەتەوە گوندەكە.
|