|
سڤیل:
رزگار كۆچەر
هاوسەرەكەی عەبدولواحید، ئەو رۆژە دەیزانی كە
رووداوێكی ناخۆش رویداوە، بەڵام هێشتا هەواڵی
كوژرانی مێردەكەی پێ نەگەیشتبوو، بۆیە هەر
چوار منداڵە بچوكەكەی لەچوار دەوری گرمۆڵە
كردبوو، بەڵام كە دواتر هەواڵەكەی پێگەیشت،
منداڵەكانیش وەك دایكیان لەهەمان ئەو شوێنەی
باوكیان كوژرا بوو، دەگریان و لەخۆیان دەدا،
جار ناجارێكیش دایكی ئەو چوار منداڵە پاش
گریانێكی زۆر، هاواری دەكرد و دەیگوت، دوێنێ
خانومان بەكرێ گرت، بڕیاربوو ئیمرۆ ئەو خانووە
چۆلبكەین، بۆچی بەم شێوە دڕندانەیە، ئەو چوار
منداڵەیان بێ باوك كرد.
رۆژی 16/8 ی ئەو مانگە، لەكۆمەڵگای بنەسڵاوەی
سەر بەشاری هەولێر، كاتژمێر 11ی پێش نیوەرۆ،
پیاوێك بەناوی (عەبدولواحێد سەمەد حەمەد)
لەدایكبووی ساڵی 1970 لەلایەن دوو ئامۆزای خۆی
بەگوللەیەكی دەمانچە بریندار كرا و پێش
گەیشتنی بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی هەولێر
گیانی لەدەستدا.
بەگوتەی خزمێكی قوربانیەكە، سەرەتای كێشەكە بۆ
ئەوە دەگەڕێتەوە، كە ئەو خانوەی كوژراو لەگەڵ
منداڵەكانی ژیانی تێدا بەسەر دەبرد، بەمیرات
بۆ باوك و مامێكی مابۆوە، بۆیە كاتێك دوو
لەئامۆزاكانی خۆی داوای چۆلكردنی ئەو خانوەی
لێ دەكەن، (عەبدولواحید)ی كوژراو بەهۆی
دەستكورتی و نەبوونی و بێ جێگایی، داوا دەكات
بۆ ماوەیەك لەم خانوە بمێنێتەوە، تا جێگایەك
بۆ خۆی و منداڵەكانی دەدۆزێتەوە، بەڵام بەهۆی
ئەوەی ئامۆزاكانی لەشاری كەركوك چەكدار دەبن و
لەو بەهێزتر دەبن، گوێ لەداواكارییەكەی
ئامۆزاكەیان ناگرن و داوای بەشی خۆیان
لەمیراتەكە دەكەن، كە تادواجار رووداوەكە بەم
شێوەیە بەكۆتا دێت.
كەسێكی نزیك لەم خانەوادەیە دەڵێت "ئەو دوو
كەسەی عەبدولواحیدیان كوشت، پێشوەختە
بەتەلەفۆن ئاگاداری عەبدولواحید دەكەنەوە تا
خانوەكە بەزووترین كات چۆل بكات، ئەگەرنا
دەیكوژن". ئەو خزمەی ئەو خانەوادەیە زیاتر قسە
لەسەر ئەم كێشەیە دەكات و دەڵێت "ئەو كوڕەی
كوژرا، رۆژانە لەبەیانییەوە تائێوارە بەكاری
حەمباڵی خەریكبوو، تابڵێی كەسێكی ماندوو و
دەستكورت بوو"، ئەوەشی گوت كە "ئەگەر ئەو رۆژە
نەكوژرابا بەیانییەكەی خانوەكەی بۆیان چۆل
دەكرد، چونكە خانوێكی بەكرێ گرتبوو، بەڵام
بەداخەوە كێشەكە كۆتاییەكەی بەم شێوەیە بوو".
باوكی عەبدولواحیدی كوژراو، پاش وەرگرتنی
وتەكانی لەلایەن پۆلیس، بەڵگەنامەیەكی
لەگیرفانی هێنایە دەرەوە و نیشانی پۆلیسی دا.
ئەو وەكالە خاسەیەكی بۆ برا و برازاكانی
كردبوو، كە ئەوان مەبەستیان نەبووە دەست بەسەر
میراتەكە دابگرن، بەڵكو رێگای بۆ باوكی دوو
بكوژەكە خۆشكردووە تامامەڵەی یاسایی
بەوەكالەكە بكات، بەڵام وەك ئەوەی ئەو پیاوە
پیرە بەخەمبارییەوە گوتی "تازە كار لەكار
ترازا و برازاكانم جەرگیان سوتاندم".
ئەو دوو برایەی ئامۆزاكەیان كوشت، پاش
ئەنجامدانی تاوانەكە بۆ شوێنێكی نادیار را
دەكەن، بەڵام بەهۆی تەنسیقی نێوان پۆلیسی
كەركوك و هەولێر، دەتوانرێ شوێنی ئەو دوو كەسە
دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەم مەبەستەش عەمیدی
پۆلیس (خەیرەدین شەهابەدین) بەرێوەبەری پۆلیسی
قەزای دەشتی هەولێر دەڵێت "پاش ئەوەی
لێكۆڵینەوەكانمان دەستپێكرد، بۆمان دەركەوت
هۆكاری تەواوی ئەم كێشەیە لەسەر خانوێكی میرات
بووە، هەرچەندە كوژراو و باوكی كوژراو وەكالە
خاسەیان بۆ مام و ئامۆزاكانی خۆیان كردووە، تا
خانووەكە چۆل بكەن، بەڵام دواجار بەهۆی
لێكتێنەگەیشتن دوو لەم تاوانبارانە، ئامۆزاكەی
خۆیان دەكوژن".
سەبارەت بەدەستگیركردنی تاوانبارەكان،
بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای دەشتی هەولێر، هێمای
بۆ ئەوەكرد كە ئەو دوو كەسەی ئەم تاوانەیان
ئەنجام داوە، بەپێی مادەی 406 تاوانبارن،
گوتیشی "هاوكاری و تەنسیقی باش لەنێوان پۆلیسی
هەولێر و كەركوك هەیە، بۆیە چاوەڕێ دەكەین
لەنزیكترین كات تاوانباران راپێچی بەردەم
دادگا بكرێن".
|