|
سڤیل:
سەلام كەریم
ئەوكات رۆژنامەنوس بەرزان عەلی حەمە دەستی
بەچاتكردن كرد لەفەیسبووك هێشتا بانگی بەیانی
نەدابوو، هێشتا موسڵمانان سەرقاڵی خواردنی
نانی پارشێو بوون، بەرزان پاش سڵاوكردن گوتی
"ئەرێ پرسیارێك؟ بەراست ئەوە هەموو شەوێك
فەیسبووك قەرەباڵغە بەمشێوەیە، دەڵێی رۆژی
نیوەڕۆیە". پاش ئەم نووسینە چەند (هههههه) وەك
گوزارشت لەپێكەنین بەدوای نوسینەكەیدا هات.
ئەوكات ئیدی پێكەوە كەوتینە گفتوگۆ لەبارەی
فەیس بووكەوە، لاپەڕەكەی ئێمە كە خۆی
قەرەباڵغە، هاوڕێی كورد و عەرەب و فارسی
تێدایە، ئەوكاتە لەسەرووی سەد كەسەوە لەسەر
خەت بوون، ئەو ژمارەیە بۆ چات زۆر زۆرە.
پارشێو لەفەیسبووك
بەشێكی زۆری ئەوانەی كاتی پارشێو لەفەیسبووكن،
ئەو رۆژوگرانەن كە بۆپارشێو هەستاون، پێش
نوێژی بەیانی یان دوای نوێژی بەیانی
لاپەڕەكەیان كردوەتەوە، بەشێكی زۆری ئەوانەی
بۆ ئەم راپۆرتە گفتوگۆیان لەگەڵ كراوە،
ئەوەیان دوپاتكردوەتەوە، كە بەرۆژ بەهۆی
هیلاكی لەوانەیە نەتوانن وەك پێویست لەسەر
فەیسبووك بمیننەوە و بەشەوان قەرەبووی
دەكەنەوە، بەڵام بەشێكی دیكە لەوانەی لەخەت
بوون، ئەو هاوڕێیانە بوون كە هێشتا نەخەوتبوون
و بەدیار شاشەیەكی بێگیانەوە خەڵوەتیان
دەكێشا.
كورد لەفەیسبووك
فەیسبووك تۆڕێكی كۆمەڵایەتی فراوانە، ژمارەی
بەكارهێنەرانی لەپێنج سەد ملیۆن نزیكبووەتەوە،
سەركردەكان و سەرمایەداران، هونەرمەندان و
كەسانی ئاسایی لەخۆ دەگریت، بوارەكانی دانانی
وێنە و نوسین و ڤیدیۆ و گفتوگۆ بۆ ئەندامانی
دەڕەخسێنێت، كورد ماوەیەكی زۆر نییە تێكەڵ بەم
تۆڕە بووە، بەڵام ژمارەی بەكارهێنە كوردەكان
زۆر خێرا روو لەزیادبوون دەكات، بەڵام ئەم
زیادبوونە تەنیا چەندایەتی دەگرێتەوە، لەروی
چۆنێتییەوە كاریگەری دیاری نییە.
دڵشاد سابیر، توێژەری كۆمەڵایەتی، لەبارەی ئەم
تۆڕەوە پێیوایە كە "فەیسبووك لەئێستادا
دیاردەیەكی جیهانییە و بەتەنیا بەرۆكی گەنجانی
نەگرتووە، بەڵكو لەهەموو توێژەكان بەكارهێنی
هەیە". دڵشاد، كۆمەڵێك هۆكار لەپشت بەجیهانی
بوونی ئەم تۆڕەوە دەبینێت، لەوانە
ئاسانكردنەوەی ناسین و بەستنی هاوڕێتی لەنێوان
بەكارهێنەران بێت، بەچاوپۆشی لەجوگرافیا و
كلتور و رەگەزیاندا.
ئاڵوودەبوون بەفەیسبووك
ژمارەیەكی بەرچاو لەگەنجانی بێكار، نوسەران و
رۆژنامەنوسان و كۆمەڵێك لەبەرپرسان، كاتێكی
زۆر لەفەیسبووك دەمێننەوە، لەگەڵ چەند
ئافرەتێكی حەقیقی كە بەوێنە و ناسنامەی تەواوی
خۆیانەوە تۆمارن، زیاتر ئەو ئافرەتانە
لەبوارەكانی مافەكانی ژناندا كار دەكەن و
بەشێك لەوانە لەدەرەوەی وڵات دەژین،
لەبەرامبەر یەك لێشاو لەكچ كە زۆریان كوڕن و
بەنیازی سەرگەرمی و رابواردن خۆیان وەك كچ
تۆماركردووە، وێنەی كچیان لەسەر وێنەی
پرۆفایلەكانیان داناوە. هەمووان زۆر
دەمێننەوە، ئەمە یەكێكە لەنەریتەكانی
بەشداربوون لەفەیسبووك، (زریان) كە شاعیرە و
یەكێكە لەخانەخوێكانی فەیسبووك، گوتی "زۆرجار
شەوانی درەنگ كە زۆرجار تا پێنجی بەیانی
دەمێنینەوە، بەیەكتر دەڵێین ئەرێ برا ئەوە
بەنیاز نین، ئاوای بكەن".
جیاوازی كاتی نێوان وڵاتان، هۆكارێكی كاریگەرە
بۆ ئەوەی هەمیشە فەیسبووك قەرەباڵغ بێت و
ئەمەیش هەلێكی باشە بۆ ئەوانەی ئارەزووی
مانەوە دەكەن، هەمە نەتەوەیی بەكارهێنان و
بواری گۆڕینی ناسنامە وایكردووە ئازادی زیاتر
فەراهەم بێت.
لەفەیسبووك بڕوانامەی ئاڵوودەبوون هەیە كە
گوزارشتە بۆ رێزلێنان لەوانەی زۆرترین كات لەم
تۆڕەدا دەمێننەوە، لەگەڵ چەندین كاریكاتێر و
وێنەی تەعبیری لەكێشەكانی مانەوە لەبەرامبەر
مۆنێتەری كۆمپیوتەر، هەر لەمبارەوە لاوەند
نەوزاد هۆنراوەیەكی گاڵتەئامێزی
بڵاوكردوەتەوە.
كوڕانی خۆ بەكچ كردوو
یەكێك لەپاڵنەرەكانی رووكردنە فەیسبووك لەلای
گەنجان، دوزینەوەی رەگەزی بەرامبەر و پەیوەندی
سۆزداری و سێكسییە (سێكسی تەكنەلۆژی) بەتایبەت
كوڕان كە بەهۆی باری كۆمەڵایەتی و كلتورییەوە
ناتوانن بەئاسانی بەرەگەزی بەرامبەر بگەن و
فەیسبووك رێگەی دووری بۆ نزیك كردوونەتەوە،
لەلایەكی دیكەوە ئەو بۆشاییە سێكسییەی تاكی
كورد بەدەستییەوە دەناڵێنێت، وایكردوە پەنا
بردن بۆ ئینتەرنێت و بەتایبەتی فەیسبووك
رەواجی زیاد بكات، لەبەرامبەریشدا كوڕگەلێك
بەئیستغلالكردنی ئەم لایەنە، خۆیان دەكەن بەكچ
و بۆ سەرگەرمی و رابواردن، وشە و نوسینی كچانە
بڵاودەكەنەوە، توێژەرە كۆمەڵایەتییەكە هۆكاری
ئەم دیاردەیە بۆ پەروەردەی خێزان و ئاستی
رۆشنبیری تاكەكان دەگەڕێنێتەوە و "بەپلەی
یەكەم هەستی پەنگخواردووی دەرونیانە و لەم
رێگەیەوە خاڵی دەكەنەوە".
دیاردەی زەقی راوە سێكس یەكێكە لەسیما
دیارەكانی تەكنەلۆژیا، دیاردەیەكە بەبێ
جیاوازی نێوان گەنجان و هاوسەرداران، هەمووانی
گرتووەتەوە، بەشێك لەو پیاو و ژنانەی لەژیانی
سێكسی و سۆزداریی خۆیان رازینین پەنا بۆ ئەم
رێگەیە دەبەن، بەبڕوای (دڵشاد سابیر)
هاوسەرەكان پاش نائومێد بوونیان لەیەكتر،
بەشوێن كەسانی دیكەدا دەگەڕێن كە لێكگەیشتن و
بایەخدانی زیاتری لەلا فەراهەم بێت، دووریش
نییە ناسینەكە سەر بۆ پەیوەندی لەجۆری دیكە
بكێشێت.
ململانێی سیاسی
بێگومان فەیسبووك بەتەنیا جێگەی هاوڕێتی و
سەرگەرمی نییە، بەتەنیشت ئەمانەوە بابەتەكانی
ئەدەب و رۆژنامەنوسی و هونەر و رۆشنبیری
برەویان هەیە، لەلایەكی دیكەوە ململانێی سیاسی
نێوان حزبەكان و ئایدۆلۆژییە جیاوازەكان
بەشێكی گەورەی هێنراوەتە فەیسبووك و لەوێ
یەكلا دەكرێنەوە، هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن و
دژایەتیكردنی كەس و لایەنەكان شوێنی باشیان
لەگفتوگۆ و نوسین و كۆمێنتەكان گرتووە.
نەبوونی چاودێری لەفەیسبووك و ئاوەڵایی
وایكردووە هەمووان هەست بەئاسودەیی و ئازادیی
رەها بكەن و هەلی دروستكردنی كەسایەتی وەهمی و
توانای گۆڕین و سڕینەوە و نەمانی كەسەكان،
هەلەكانی فرتوفێڵ و ململانێی زۆر زیاد كردووە.
|