|
"دوای
8 مانگ كاركردن لەشارەوانی 3 خانوو و مەزرەعە
و وەنەوشەی كیلۆمەتر سفر دەكڕێت"
سڤیل: رزگار كۆچەر
یەكێ لەهاوڕێكانی (ع) كە خۆی بە (ف) ناساند
بەپێكەنینەوە باسی لەهاوڕێكەی كرد و گوتی "پێش
ئەوەی (ع) وەنەوەشە لێبخوڕێت زۆر هاوڕێم بوو و
بەیەكەوە لەشارەوانی كرێكاریمان دەكرد و
زبڵمان كۆ دەكردەوە، خۆشم نازانم چۆن وا زوو
دەوڵەمەند بوو؟ بەچی بوو بەخاوەن وەنەوشە و
مەزرەعە؟!".
لەسەرەتای مانگی كانوونی دووم، لەماڵی هاوڵاتی
(د.ح) خاوەنی كۆمپانیای (ز) لەگەڕەكی ئازادی
شاری هەولێر، بڕی 70 دەفتەر دۆلار واتا حەفت
سەد هەزار دۆلار دەدزرێت. بۆیە ئەو كات
سەرەڕای لێكۆڵینەوەی ورد لەلایەن پۆلیس و
ئاسایش، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ بەڵگەیەك،
نەتوانرا هیچ تاوانبارێك دەستنیشان بكرێت.
یەكێ لەئەفسەرەكانی ئاسایشی هەولێر، لەبارەی
رووداوی دزییەكە، دەڵێت "ئەوكات لێكۆڵینەوەی
وردمان ئەنجام دا و زانیاری زۆریشمان
كۆكردەوە، بۆیە كاتێك لەڕێگای سەرچاوەكانی
خۆمان كە هەستمانكرد یەكێ لەكرێكارەكانی
شارەوانی بەشێوەیەكی زۆر سەرسوڕهێنەر
دەوڵەمەند بووە، چاودێری وردمان خستە سەر ئەو
كرێكارە، كە ماڵی لەگەڕەكی كوردستانی شاری
هەولێر بوو"، ئەو ئەفسەرەی ئاسایش، بەردەوامی
دایە قسەكانی و گوتیشی "سەرەتا پێمانوابوو (ع)
بەهۆی بازرگانیكردن بەماددە هۆشبەرەكان وا
دەوڵەمەند بووە، بۆیە بەهەموو شێوەیەك
چاودێرمان خستەسەر، تادواجار بۆمان دەركەوت كە
هۆكاری دەوڵەمەندبوونەكەی ئەو كرێكارە،
سەرچاوەكەی ماددە هۆشبەرەكان نییە، بەڵكو
رێگایەكی دیكەی ناشەرعییە كە ئەویش دەبێت دزی
یان هەر كارێكی دیكە بێت".
كەسێكی نزیك لە (ع) كە نەیویست ناوەكەی خۆی
ئاشكرا بكات، دەڵێت "ئێمە لەو گەڕەكە هەموومان
لەخانەوادەی هەژار و دەستكورت پێكهاتووین،
بۆیە خۆشمان نازانین ئەو كوڕە چۆن بەم شێوەیە،
ئاوا دەوڵەمەند بوو، هەر كاتێكیش لێمان دەپرسی
تۆ بەچ شێوەیەك ئەم پارەیەت دەستكەوت؟ ئەو
پێمانی دەوت لەزبڵدانێكی یەكێ لەگەڕەكەكان ئەو
پارەیەی دۆزیوەتەوە"، ئەو خزمەی (ع)
بەسەرسوڕمانەوە دەڵێت "ئەو كوڕە زۆر سەیر بوو،
وەك بڵێی لەخەونێكی درێژ دەژیا، لەكاتێكدا كە
هێشتا كرێكار بوو لەشارەوانی، كەچی وەنەوشەی
كیلۆمەتر سفری جام رەشی لێدەخوڕی، دوای ئەوەش،
لەیەك گەڕەك سێ خانووی دوو قاتی كڕی، دواتر
بیكاشۆیەكی 2010ی بۆ برایەكی دیكەی كڕی و
ژنیشی بۆ هێنا، ئەوە بێجگە لەكڕینی مەزرەعەیەك
و مەڕوماڵاتێكی زۆر". ئەو هاوڕێیەی (ع) كە
هاوكات ناسیاویشن و لەشارەوانی پێكەوە كاریان
دەكرد، زیاتری لەسەر (ع) پێیە و گوتیشی "كە من
(ع) ناسی، خەون و حەزەكانی بەم شێوەیە نەبوو،
پێموابێت قەتیش لەخەیاڵی نەبوو وەنەوشە
لێبخوڕێت، بەڵام لەبەرئەوەی پارەكەی
بەشێوەیەكی ناشەرعی كەوتبووە دەست، بۆیە خودای
گەورە لێی ساندەوە".
دەوڵەمەندبوونی (ع) بەماوەی تەنها 8 مانگ،
زۆربەی زۆری دراوسێكانی تووشی شۆك و گومان
كردبوو، بۆیە یەكێ لەدراوسێكان، دەڵێت "ئاخر
نەوەك ئێمە هەموو كەس گومان دەكات، كە كەسێك
ئەمڕۆ كەناس بێت و بەیانی وەنەوشە لێبخوڕێت و
ببێتە خاوەن مەزرەعە". سەبارەت بەچۆنیەتی
دزینی ئەو بڕە پارەیەش، سەرچاوەكەی ئاسایش،
دەڵێت "پاش لێكۆڵینەوە تاوانبار دانی
بەتاوانەكەی دانا و گوتی بەهۆی كارەكەم
لەشارەوانی بۆ ماوەیەك چاودێری ئەو ماڵەی
گەڕەكی ئازادیم كردووە و زانیومە كە ئەوان
دەوڵەمەندن، دواجاریش دەرفەتێكم قۆستەوە تائەو
بڕە پارەیەم دزی".
بەرێوەبەری پۆلیسی هەولێر، عەمید (عەبدولخالق
تەلعەت) سەبارەت بەم روداوە بۆ دەستگاكانی
راگەیاندن دوا و دەستگیركردنی ئەم دزەی بۆ
شەونخونی و هەمائاهەنگی دەستگاگانی پۆلیس و
ئاسایشی گەڕاندەوە.
|