|
سڤیل:
هەولێر
دوای ئەوەی (ف) هاوسەرەكەی خۆی كە ناوی (ن)ە،
بەچوار گوللە دەكوژێت، دەستی سێ لەمنداڵە
بچوكەكانی دەگرێت و روو لەشوێنێكی نادیار
دەكات. هەر ئەو كاتەش یەكێ لەدراوسێكانی ئەو
ماڵەی ژنەكەی تێدا كوژرا، روو لەپیاوەكە دەكات
و پێی دەڵێت "گەردەنت بشكێ، چۆن دەستت چووە
ئەم ژنە گوناهە". دوای چەند سەعاتێك
لەرووداوەكە بكوژ دەستگیر كرا.
رۆژی دووشەممە، 30/8/2010 لەگەڕەكی (تەیراوە)ی
شاری هەولێر، كاتژمێر 12ی نیوەڕۆ هەواڵی
كوشتنی ژنێك، تەواوی دانیشتوانی ئەو گەڕەكەی
تووشی شۆك كرد. پاش گەیشتنی پۆلیس و
دەستپێكردنی لێكۆڵینەوەكان، دەركەوت ئافرەتە
كوژراوەكە كە ناوی (ن. م)ە، ژنی ماڵەوەیە و
خاوەن 9 منداڵە، بەهۆی مشتومڕێكی نێوانیان،
لەلایەن هاوسەرەكەی كە ناوی (ف)ە، بەچوار
گوللەی كلاشینكۆف دەكوژرێت، دراوسێیەكی ماڵی
ژنە كوژراوەكە كە پێی خۆش نەبوو ناوی خۆی
بڵێت، وەها باسی لەو ئافرەتە كرد و گوتی "ن،
كوڕ و كچی بەژن و مێردن، پێموانییە ژنێكی خراپ
بێت، چونكە ئێمە زۆر بەكەمی لەگەڕەك
دەمانبینی، تەنانەت زۆر بەكەمیش بەدەردەكەوت".
پاش ئەوەی یەكێ لەمنداڵەكانی، كوشتنی دایكی
لەلایەن باوكییەوە بەچاوی خۆی دەبینێت،
بەڕاكردن و گریان پەنا دەباتە بەر ماڵە
دراوسێیەكیان و هاواری كوشتنی دایكی بۆ ئەو
دراوسێیەیان دەبات.
ئەو دراوسێیەی ماڵی ژنە كوژراوەكە، باسی
رووداوەكە دەكات و دەڵێت "هێشتا مەلای نیوەڕۆ
بانگی نەدابوو، یەكێ لەمنداڵەكانی بەگریان
پەنای بۆ ماڵی ئێمە هێنا و گوتی باوكم لەحەوشی
پشتەوە دایكمی كوشت. من بەڕاكردن رووم لەكۆڵان
كرد و بینیم وا (ف) رووبەڕووم دێت و دەستی
منداڵەكانی گرتووە و لەدوای خۆی رایان
دەكێشێت. هاواری كرد و گوتی بڕۆن خەبەری پۆلیس
بدەن، من ژنەكەی خۆم كوشت". كەسێكی نزیك لەم
خانەوادەیە، دەڵێت "پێم سەیرە، ئەم روداوە
رووی داوە، چونكە ئەو ژن و مێردە منداڵی
گەورەیان هەیە، كوڕ و كچیان بەژن و بەمێردن،
قەت نەدەبوو (ف) ئەم تاوانە ئەنجام بدات".
سەبارەت بەهۆكارەكانی روداوەكەش، ئەم پیاوە كە
خۆی بە (ن) ناساند، گوتی "ئەوەندەی من
ئاگاداربم (ف) و (ن) كێشەیان هەبوو، بۆیە
لەماوەی رابردوو (ن) زویر بوو و چۆوە ماڵی
باوكی، پاشان بۆ ماوەیەك گەڕایەوە لای
مێردەكەی و كێشەكەیان زیاتر تەشەنەی كرد و ئەم
كارەساتەی لێكەوتەوە".
سەرچاوەیەك لەپۆلیسی خانەقا تایبەت بە (سڤیل)
باسی لەرووداوەكە كرد و گوتی "پاش ئەوەی (ف)
تاوانەكەی ئەنجام داوە، سێ لەمنداڵە بچوكەكانی
بۆ شوێنێكی نادیار بردووە، بۆیە ئێمە دۆسییەی
ئەم تاوانەمان كردۆتەوە و لێكۆڵینەوەمان
چڕكردۆتەوە". سەبارەت بەچۆنیەتی كوشتنی
ژنەكەش، هەمان سەرچاوە گوتی "چوار گوللە بەر
دەموچاو و جەستەی ژنەكە كەوتووە، بۆیە پێدەچێت
دەمودەست كوژرابێت". بە كەمتر لە رۆژێك بەسەر
تێپەڕبوونی ئەو رووداوە بكوژ لەشارۆچكەی
حاجیاوای نزیك رانیە دەستگیر كرا.
ژنە دراوسێیەكی دیكەی ماڵی (ن) ئەویش بەهۆی
پەرۆشی بۆ دەستەخوشكە كوژراوەكەی بەگریانەوە
زانیاری زیاتری داو گوتی "ئەو پیاوە تابڵێی
دڵی لەژنەكەی پیسبوو، هەرگیز نەیدەهێشت
سەردانی هیچ كەسێك بكات، بۆیە هەمیشە ناكۆكی
لەم ماڵە هەبوو"، ئەو ژنە بەدەم گریانەوە،
گوتیشی "ئەمڕۆ بەیانیەكەی لەدوای دەمەقاڵییەكی
بچوك ئەو كێشەیە وا گەورەبوو، بەیانیەكەی (ف)
بەدار زۆری لە (ن) دابوو، لەپاشا (ف) بۆ
ماوەیەك ماڵەكەی جێهێڵا و بۆ نیوەڕۆكەی
گەڕایەوە ماڵ و بەم شێوەیە ژنەكەی خۆی لەحەوشی
ماڵەوە كوشت، دواتریش بینیم كە لەگەڵ سێ
لەمنداڵەكانی لەكۆڵان سوڕانەوە و رۆیشتن".
|