رەمەزان مانگی بوژانەوەی سواڵكردنە لە مزگەوتەكان  

 

سڤیل: زیاد ئیسماعیل

لەمانگی رەمەزاندا زۆرترینیان روو لەدەرگای مزگەوتەكان دەكەن، ئەمەش خەڵك و پۆلیسی هەراسانكردوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی رایگەیاند كە داوایان لەوەزارەتی ناوخۆ كردووە سنورێك بۆ سواڵكردن لەناو مزگەوتەكان دابنێت، بەڵام بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر دەڵێ دیاردەكە لەمانگی رەمەزان كۆنتڕۆڵ ناكرێت.
هێمن فاروق، 32 ساڵ، هەموو رۆژانی هەینی بۆ بەجێگەیاندنی نوێژی جەماعەت روو لەمزگەوتی گەڕەكەكەیان دەكات، هێمن زۆر نیگەران بوو بەدیاردەی سواڵكردن لەمزگەوتەكان و بەدیمەنێكی ناشارستانی لەقەڵەمدا، پێشی وابوو ئەو جۆرە كەسانە هەژارنین و هەندێكجار كاری بەدڕەوشتی و دزیش دەكەن، دەڵێت "رۆژانی هەینی كە لەمزگەوت دەگەڕێمەوە سواڵكەرەكان لەسەر رێگا دانیشتوونە، دەبێت بەسەر دەستوپێیان باز بدەی كە شتێكی زۆر ناشیرینە، ئەوانە خێریان پێ ناچێ"، گوتیشی "لەئیسلام سواڵكردن نییە، ئەوان لەمزگەوتەكان خۆیان واپیشان دەدەن كە پارەیان پێبدەی ئەركێكی دینیە، بەڵام من ئامادەنیم پارە بەو جۆرە كەسانە بدەم".
ئەو هاوڵاتیە رێگرتنی لەسواڵكەرەكان بەئەركی حكومەت زانی و گوتی "پێویستە حكومەت خۆی بەرنامەیەكی هەبێت بۆ رێگەگرتن لەو دیاردەیە". مامۆستایانی ئاینی رەتی دەكەنەوە كە هەر جۆرە یارمەتیەكی ماددی بەو سواڵكەرانە بدرێت، بۆیان بۆی بەخێر هەژمار بكرێت. مامۆستا (فایز عەزیز) وتاربێژ و پێشنوێژی مزگەوتی حاجی بەدریە، دەڵێت "ئاینی ئیسلام نەهی كردوە لەسواڵكردن و پێغەمبەر (د.خ) رێگری لەو دیاردەیە كردووە"، دواتر گوتی "زۆر سواڵكەر هەبووە لێمان كۆڵیوەتەوە خانووی هەبووە، من زۆرجار لەناو مزگەوت دەریان دەكەم، بەڵام پێویستە حكومەت زیاتر رێگری لەو دیاردەیە بكات، چونكە ئێستا گەشەی زۆری كردووە".
ئەو مامۆستا ئاینییە بەزەردەخەنەوە، گوتیشی "ئێستا سواڵكردنی موتەتەور پەیدابووە، دوێنێ پیاوێك هات نوێژی عیشای لەگەڵمان كرد، دواتر هەڵساوە و گوتی رەحمەتی خواتان لێبێت كوڕەكەم پۆلی سێی ناوەندیە عەمەلیات دەكرێت یارمەتیم بدەن، پاشتر ئاگاداریان كردمەوە، گوتیان مامۆستا ئەو كابرایە، سێ ساڵە ئەوە ئیشیەتی".
وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی نیگەرانە بەو سواڵكەرانەی دێنە ناو حەرەمی مزگەوت، داوا لەوەزارەتی ناوخۆش دەكات ئەو كێشەیەیان بۆ چارەسەر بكات، (مەریوان نەقشبەندی) بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی، گوتی "حەز ناكەین خەڵك ئیحراج بكرێ و سواڵكەر بێتە ناو حەرەمی مزگەوت"، داوای لەوەزارەتی ناوخۆش كرد لێپێچینەوە لەگەڵ سواڵكەرەكان بكات.
ئەگەرچی هاوڵاتیان بەدەست سواڵكەرەكان هەراسانن، بەڵام تائێستا وەزارەتی ناوخۆ ئەو دیاردەیەی بنەبڕ نەكردووە، تەنانەت دوای هەڵمەتەكانی دەستگیركردنیان، جارێكی دیكە ئازاد دەكرێن، (عەبدولخالق تەلعەت) بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، هێمای بۆ ئەوەكرد كە "رێگرتن لەم سواڵكەرانە ئاسان نییە، چونكە بەتەنها لە هەولێر 326 مزگەوت هەیە، كۆنتڕۆڵكردنی ئەو هەموو مزگەوتە ئاسان نییە"، ئەوەشی گوت كە "هەرچەندە ئێمە لەهەوڵەكانی خۆشمان بەردەوامین، بەتەنها هەر مزگەوتەكانیش نین كە سواڵكەریان لێبێت، بەڵكو لەشۆستەكانیش سواڵكەری زۆر هەیە".
بەبڕوای توێژەرانی كۆمەڵایەتیش سواڵكردن كاریگەری خەراپی لەسەر ڕەوشت و ئایندەی كەسەكە دەبێت، دیاردەی زۆربوونی سواڵكەر، بەڵگەیە بۆ نادادپەروەری كۆمەڵایەتی لەهەر وڵاتێك (عەلی زێدان) توێژەری كۆمەڵایەتی دیاردەی زۆربوونی سواڵكەرەكانی بۆ چەند هۆكارێك گێڕایەوە، كە "میللەتی كورد لەدێر زەمانەوە بەعاتیفەیی بیری كردۆتەوە لەزۆربەی شتەكان"، دەشڵێت "بۆیە لەمانگی رەمەزان سواڵكەر زۆر دەبێت، چونكە لەم مانگە خەڵك روحیەتی بەخشینی زیاد دەبێت"، یەكێكی دیكە لەو هۆكارانەی كە بەلای ئەو توێژەرە گرنگە و بۆتە مایەی زۆربوونی سواڵكردن، ئەوەیە كە "بەها ئابورییەكان خەریكە پێش بەها ئەخلاقی و كۆمەڵایەتییەكان دەكەوێت".
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com