|
سڤیل
لە هەفتەی
رابردوودا كچێكی مەغریبی ناچار بوو پەنا بباتە
بەر پۆلیس، دوای ئەوەی باوكی گرتەیەكی سێكسیی
ئەوی لە مۆبایلەكەی كوڕەكەیدا بینیبوو، كە
هاوڕێیەكی بۆی ناردبوو، بە چەقۆ پەلاماری دا و
ویستی بیكوژێت و بەشێوازێكی سەرسوڕهێنەر
رزگاری بوو، لەگەڵ ئەوەشدا كە چەقۆیەك بەر
شانی كەوت. هەرچەندە كچەكە نكۆڵی لەوە كرد، كە
گرتە سێكسییەكە هی ئەو بێت و ئەو كچەی لە
گرتەكەدا دەردەكەوێت، ئەو بێت، بەڵام خەڵكانی
نزیكی كچەكە دڵنیان لە راستیی گرتە سێكسییەكان
و لە نێوان مۆبایلەكانیشدا ئاڵوگۆڕی پێ
دەكرێت.
لە شاری «بابل»ـی عێراقیشدا پیاوێكی عێراقی
دووچاری شۆك دەبێت، كاتێك گرتەی مۆبایلی
خێزانەكەی دەبینێت، كە لەباوەشی دۆستەكەیدا
سەما دەكات، ئەمیش دەستبەجێ خێزانەكەی
دەكوژێت.
(سالم) گەنجێكی عێراقییە و دەگێڕێتەوە كە چۆن
گرتەی مۆبایلی سەما و یاریكردنی لە یانەیەكی
سەماكردنی سوریادا بڵاوبۆتەوە و گەیشتۆتەوە
لای خێزانەكەی لە عێراق، بە هۆی ئەمەش لە ژێر
فشاری خێزانەكەیدا ناچار دەبێت بگەڕێتەوە
عێراق. سالم دووچاری سەرسوڕمان نەبوو، كە
گەڕایەوە عێراق و بینی گرتە مۆبایلییەكانی ئەو
كە بە سەرخۆشی لە تەك سەماكارێكدا بەلادا
دەچێت، لەسەر مۆبایلەكان بڵاوبۆتەوە و
ئاڵوگۆڕی پێ دەكرێت، بەڵام رووداوی هەرە
لەناكاو كە دووچاری شۆكی كرد، داوكاری
تەڵاقدان و جیابوونەوەی خێزانەكەی بوو.
ئەم ترسی بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆییە
ئابڕووبەرانەی ژنان و پیاوان لە وڵاتە
عەرەبییەكاندا بە گشتی بڵاوبۆتەوە.
لە بەلژیكا چەند وێنەیەكی رووتی سەرجێگای
ئافرەتێكی جەزائیری لە ئەنتەرنێت بڵاوكرایەوە،
بە هۆی هەڕەشە و هەوڵەكانی پیاوەكە بۆ كوشتنی
خێزانەكەی، ئافرەتەكە ناچار بووە بەرەو
هۆڵەندا رابكات، بەڵام ئافرەتەكەش ئەمە بە
پیلانێكی پیاوەكەی بۆ خواستنی كچێكی تر لە
جەزائیر دەزانێت، كە خۆشی دەوێت و ئەم
سیناریۆیەشی دروست كردوە، تا بیكات بە بیانوو.
لە عێراق و ئەردەن و سوریادا مۆدیلێكی تازەی
كاری لەشفرۆشی و بازرگانی سێكسی پەرەی
سەندووە. مۆبایلی (سەعید) ناوێك، كە لە تۆڕێكی
سێكسفرۆشیدا كاردەكات، وێنە و ژمارەی مۆبایلی
زیاتر لە 50 ئافرەتی تێدایە، كڕیاری سێكس هەر
كامێكیانی مەبەست بێت، سەعید پەیوەندی پێوە
دەكات و لەسەر نرخەكان رێك دەكەون، هەموو
ئەمانەش لە رێگای مۆبایل و زۆر بە هێمنی و بێ
وروژاندنی هیچ گومانێك جێبەجێ دەكرێت.
دوای خنكاندنی كچێك بە وایەری تەلەفۆن لە
لایەن براكەیەوە لە سوریا، بە هۆی ئەوەی
نامەیەكی لە نێو مۆبایلەكەیدا دۆزیبوویەوە، كە
هەر رۆژێك پێشتر بۆی كڕیبوو، پاشانیش راپۆرتی
پزیشكی دەریخست، كە كچەكە داوێنپاك بووە و
كچێنییەكەی لەدەست نەداوە.
ئێستا لە شوێنە تایبەتەكانی لەشفۆرشی، رێگە بە
هەڵگرتنی مۆبایل و بەكارهێنانی نادرێت، دوای
ئەوەی چەند كڕیارێك وێنەی گرتە سێكسییەكانیان
گرت و لە ئینتەرنێت بڵاویان كردەوە.
فاتیمە كچە عەرەبێكی مەغریبیە و لە هۆڵەندا
دەژی و لە شوێنێكی تایبەتی لەشفرۆشیدا كار
دەكات. ئەو رێگانادات كڕیارەكانی مۆبایل بەكار
بهێنن، لە ترسی بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە
سێكسییەكانی.
راپۆرتێكی رۆژنامەوانی بەریتانی دەریخستووە،
كە بە هۆی بڵاوبوونەوەی وێنە و گرتە
سێكسییەكان لە رێگای مۆبایلەوە، ئاستی
تاوانەكانی ناموسپەرستی لە هەرێمی كوردستانی
عێراقدا رووی لە زیادی كردووە. هەر ئەو
راپۆرتە كە لە رۆژنامەی «ئیندیپێندەنت»ـی
بەریتانی بڵاوكراوەتەوە، چیرۆكی كچێك بە ناوی
«رووناك» دەگێڕێتەوە، كە چۆن دوای ئەوەی تەقەی
لێ دەكرێت و گوللەیەك بەر گەردنی دەكەوێت،
نەشتەرگەریەك گیانی لە مردن رزگار دەكات.
لە شاری بەسرە ئافرەتێك رادەكات و پەنا دەباتە
بەر سەربازگەیەكی ئەمریكی، دوای ئەوەی چەند
كەسێك گرتەی سێكسیی ئەو لە رێگای مۆبایلەوە بۆ
هاوسەرەكەی دەنێرن. پیاوەكەی زۆر هەوڵی كوشتنی
دا، بەڵام ئەویان توانی لەدەستی رابكات.
زۆر لە چاودێران وێنەگرتنی مۆبایل بە هۆكاری
سەرەكیی بڵاوبوونەوەی تاوانی ناموسپەرستی لە
وڵاتە عەرەبیەكان دەزانن. راپۆرتێكی تایبەتیش
لەو بارەوە ئاشكرای كردووە، كە پیاوان حەز بە
وێنەگرتنی گرتە سێكسییەكانیان دەكەن، پاشانیش
لە نێو هاوڕێكانیاندا بڵاوی بكەنەوە.
بە پێی راپۆرتێك كە لە ئاژانسی رۆیتەرز بڵاو
كراوەتەوە، بڵاوترین جۆری توندوتیژی سێكسی لە
سعودیە، سێكسی بە زۆری پیاوانە لەگەڵ
خێزانەكانیاندا. لە راپۆرتێكی تری رۆژنامەی
«عوكاز»ـی سعودیەشدا هاتووە، كە گرتە و وێنەی
سێكی و ئابڕووبەر لە سعودیەدا زۆر بڵاوە. لە
وڵاتێكی كەنداویشدا ئافرەتێك دوای
بڵاوبوونەوەی گرتە سێكسییەكانی لە نێوان
گەنجاندا، خۆی سوتاند.
زۆر جار ئەو گرتە سێكسییانە بێ ئاگاداری ئەو
ئافرەتانە بڵاو دەكرێنەوە، زۆربەی جاریش ئەو
ئافرەتانە قوربانی سێكسی بەزۆرن و لەژێر
هەڕەشە و توندوتیژیدا خۆیان بە دەست كاری
سێكسییەوە دەدەن. یا نامەی هەڕەشە ئامێزیان بۆ
دەنێردرێت و هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی گرتەی
سێكسییەكانیان لێ دەكرێت، گەر بۆ مەرجەكانیان
خۆیان بە دەستەوە نەدەن. هەندێك جاریش ئەم
گرتە سێكسییانە هیچ بنەمایەكیان نییە و تەنیا
وەك هەڕەشە و بۆ ناچاركردنی ئافرەتان بەكار
دەهێنرێت.
ئەوەی زیاتر گومان لەو گرتە سێكسییانە دروست
دەكات، تەكنیكی دروستكردنی فیلمی سێكسی و
دۆبلاژكردنیەتی. لە مۆبایلەكەی (ك.حوسێن)ـدا
گرتەیەكی ڤیدیۆیی كورتی سێكسیی ئافرەتێكی
بەناوبانگی عەرەب هەیە، كە لەگەڵ پیاوێكدا
خەریكی سێكسكردنە و گرتە سێكسییەكەش بە
تەكنیكێكی زۆر ورد دروست كراوە.
زۆر لە چاودێرانی كۆمەڵایەتی ئەم دیاردەیە بە
دەرەنجامی سروشتی جیاكردنەوەی كۆمەڵایەتییانەی
كچان و كوڕان لە كۆمەڵگا رۆژهەڵاتییەكان
دەزانن.
|