سێكس و بۆنی ناخۆش  
 

دكتۆر كیسـرا

زۆر گرنگە بۆ ئافرەتان كە بۆنی ئاسایی ناوچەی سێكسی و بۆنی دەوروبەری دەزگای سێكسی خۆیان بزانن تاكو لە بۆنی نائاسایی جیابكەنەوە و زوو هەست بە هەر گۆڕانێك بكەن و بە دوای هۆكار و چارەسەردا بگەڕێن. زۆر ئافرەت ناڕەحەت دەبن لە دەست بۆنی دەزگای زاوزێیان كە لەوانەیە زۆر جار بۆنەكە ئاسایی بێت. بە هەر حاڵ بۆنی ئارەقەی زۆر و ناخۆشی زێ و دەوروپشتی زێ مەسەلەیەكی دیكەیە پێویست بە سەرنجدان دەكات. گەلێك هۆكار بۆنی زێ ناخۆش دەكەن، لە هەموویان باوتر بریتیە لە زیادگەشەكردنی بەكتریا لەناو زێدا، كە بۆنێكی وەكو بۆنی ماسی پەیدا دەكات. هەروەها ئەم جۆرە بۆنە پەیدا دەبێ لە ئەنجامی هەوكردنی زێ بە میكرۆبی ترایكۆمۆناس، یان لە پاش مانەوەی تۆواوی پیاو لە ناو زێدا.
لەوانەیە بۆنی زێ وەكو بۆنی هەوێن وابێت ئەگەر رێژەی گەشەی كەڕوو لەناو زێدا زیاد بكات، كە زۆر جار خوران و سووتانەوە لە زێ و دەوروبەریدا پەیدادەكات.
جلی ژێرەوە كە لە مادەی دەستكردی وەكو نایلۆن و پۆلیستەر یان تەسك و سترێتش.. هتد رێگا لە هاتوچۆی هەوا دەگرن لە دەوری دەرچەی زێدا (لێوەكانی دەرچەی زێ)، بەمەوە شوێنەكە شێدار دەبێت كە رێگا خۆش دەكات بۆ زیاتر گەشەكردنی بەكتریای ئاسایی كە لەسەر پێستی هەموو كەسێكدا هەیە، ئەمەش بۆنی دەرچەی زێ ناخۆش دەكات. بۆ نەهێشتنی ئەم بۆنە ناخۆشەی زێ و دەرچەی زێ بە هۆی زیادگەشەكردنی بەكتریای ئاسایی پەیڕەوەی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكە:
* دەرچەی زێ بە ئاوی گەرم و سابوونێكی سووك بشۆ رۆژانە یەك جار یان دوو جار بۆ قەڵەوەكان. ئەمە وادەكات كە پێست بە سەلامەتی بمێنێتەوە و درزی وردی میكرۆسكۆپی (قڵیشانی زۆر بچووك كە بە چاو نابینرێن) روونەدەن كە بەكتریا گەشەی لەناودا بكەن.
* با جلی ژێرەوەت لە لۆكە دروستكرابێت و فراوان بێت تاكە رێگا بە هاتووچۆی هەوا بدات لە ناوچەكەدا و نەبێتە ئەگەری شێداربوونی دەرچەی زێ و دەوروبەری.
* زیاتر ناوچەی زێ بە وشكی بپارێزە، بەكتریا حەزی لە دەوروبەرێكی تەڕ و تاریك و داخراوە تاكو زیاتر گەشەبكات.
* هەرگیز دەرمانی (گیراوە، كرێم، پۆدرە، سپرای) دژی ئارەقەكردن بۆ ناوچەكە بەكارمەهێنە، هەروەها ریفڕێشەر و پێڕفیوم و ئاوی كۆڵۆنیا و بۆن لابەرەكان یان هەر ئاوێتەیەكی پاككردنەوەی پێست، چونكە سەرەڕای ئەوەی كە كاریگەریەكەیان بۆ ماوەیەكی كورت و دیاركراوە، دەبنە ئەگەری سووتانەوەی لێوەكانی دەرچەی زێ و ناوپۆشی زێ.
* هەرگیز دوش بۆ زێ ئەنجام مەدە، لەبەر ئەگەری هەوكردنی منداڵدان و لوولەكان و هێلكەدانەكان (PID).
بۆنی ناخۆشی زێ زۆر جار لەبەر زیاد ئارەقەكردنەوە پەیدا دەبێ، چونكە دەوروبەرەكە زیاد شێدار دەبێ و رێگا خۆش دەكات بۆ زیاد گەشەكردنی بەكتریا لە شوێنەكەدا. هەروەها دەبێ خۆت لە دەوروبەر و شوێنی گەرم بپارێزی، شەكر و كافائین (چا، قاوە، كاكاو) لەخۆراكتدا كەم بكەیتەوە كە ئەگەری ئارەقەكردن لەناوچەی زێدا زیاد دەكەن.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com