|
دكتۆر
كیسـرا
باڵغبوون
ئەو ماوە كاتییەیە كە تیایدا ئەندامە
سێكسییەكان پێدەگەن و سیفاتی سێكسی تر
دەردەكەون. شانبەشانی ئەم پێگەیشتنە سێكسی و
گەشەكردنە، گەلێك نیشانەی تر دەردەكەون، وەكو:
* گۆڕانێكی بەرچاو لە لایەنی سۆز و دەروونیدا.
* گەشەیەكی كتوپڕ و زیادبوونی كێشی لەش.
* ئەگەری زاوزێ لەئارادا دەبێ.
ئەو گۆڕانانەی بەباڵغبوون پەیوەستن، بەگشتی
بەرەبەرە لەنێوان تەمەنی 9 تا 16 ساڵی
سەرهەڵدەدەن. تەمەنی باڵغبوون لە كچێكەوە بۆ
یەكێكی تر دەگۆڕێ، بەهەرحاڵ تەمەنی باڵغبوون و
دەستپێكردنی سووڕی خوێنی مانگانە بەرەو بچووكی
دەچێ (واتە زووتر) لەو شوێنانەی جیهاندا كە
خۆراك و ئاستی ژیان لەوێدا باشە. زۆر جار
باڵغبوون لە هەندێك كچدا دوادەكەوێ، ئەگەر
نەخۆشیی جەستەییان هەبێت، یان زۆر لاواز و كەم
كێش بن، یان وەرزشێكی زۆر توند ئەنجام بدەن.
باڵغبوون ئەو كاتە سەرهەڵدەدات، كە گلاندی
پتیوتەری هۆرمۆنێك بەناوی گۆنادۆترۆپین
دەردەدات و هێلكەدانەكان هان دەدات بۆ زیاد
بەرهەمهێنانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین، گلاندی
پتیوتەریش دەكەوێتە ژێرەوەی مێشك و پشت
چاوەكان. بەكچێك دەڵێین كە باڵغبوونەكەی تەواو
بووە، لەو كاتەی كە سووڕی خوێنی مانگانەی دەست
پێكردبێت و بە شێوەیەكی رێك مانگانە سووڕی
خوێنببینییەكەی جێگیر بووبێ.
ئەو گۆڕانانەی پەیوەستن بە باڵغبوون لەكچاندا:
* گەشەكردنی مەمكەكان: گەشەكردنی مەمكەكان بە
زۆری لە دەوروبەری 11 ساڵیدا دەست پێدەكات.
پاشان مەمكەكان لەگەشەكردن بەردەوام دەبن،
بۆیە پڕتر و خڕتر دەبن تا گەشەی تەواو.
قەبارەی مەمكێك ئەگەر لەگەڵ ئەوی تردا بەراورد
بكرێ، لەوانەیە جیاواز و هەردووكیان یەكسان
نەبن، بەڵام جیاوازییەكە لەپاشاندا نامێنێ یان
زۆر كەم دەبێتەوە، كە بەعەیب ناچێ.
* گەشەكردنی موو لەلەشدا: بەگشتی موو لە
خوارەوەی ناوكدا (بەر) دەست بەگەشەكردن دەكات،
لە بنكە وشەكان و قاچەكان كە تەمەنی كچ لە
نێوان 11 تا 14 ساڵدایە.
* درێژبوونی باڵا و زیادبوونی كێشی لەش: گەشە
لە كوڕ و كچدا لەتەمەنی نێوان 10 و 15 ساڵیدا
بە شێوەیەكی خێرا بەشێوەی درێژبوونی باڵا دێتە
ئەنجام، كچ بە دوو ساڵ زووتر لە كوڕەكانی
هاوتەمەنی ئەم گەشەیەی باڵا دەبینێ.
* گۆڕان لەشێوەی گشتی و كۆنتوری لەشدا: لە
كچەكاندا لەش (بە تایبەتی نێك و ناوچەی
رانەكان) زیاتر خروپڕتر دەبن، چونكە
بەكاریگەری هۆرمۆنی ئیسترۆجین شانەی چەوری
لەوێدا كۆدەبێتەوە.
سووڕی خوێنی مانگانە دەست پێدەكات: مانگانە
جارێك بەرێكی ناوپۆشی منداڵدان (ئەگەر سكپڕی
روونەدات) هەڵدەوەرێت، ئەمە خوێنی سووڕی
مانگانەیە، كە لەتەمەنی نێوان 9 و 16
سەرهەڵدەدات، یان بە تێكڕایی 13ساڵ ئافرەت
لەلایەنی جەستەییەوە دەتوانێ سكپڕ بێت ئەگەر
جووتبوون ئەنجام بدات، هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی
سووڕی مانگانە بۆ یەكەم جار. سووڕی مانگانە
بەردەوام دەبێت تا تەمەنی 45 - 55 ساڵ، ئینجا
ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دادەبەزێت و ئافرەت
دەچێتە تەمەنی كڵۆڵییەوە.
* منداڵدان لە قەبارە گەورەتر دەبێت.
* گلاندە چەورییەكانی پێست چالاكتر دەكەونە
كار: بۆیە لەوانەیە كچ دوچاری زیپكەی گەنجێتی
بێت.
* گۆڕانە دەروونییەكان: كە كچ دەكەوێتە ژێر
كاریگەری هۆرمۆنەكان، كە پەیوەستە بە باڵغبوون
و بینینی سووڕی خوێنی مانگانە، چەند گۆڕانێكی
بەرچاو لە باری دەروونیدا روودەدات، كە
لەمەوبەر هەرگیز روویان نەداوە، هەندێكیان لە
ئەنجامی بەرزبوون و نزمبوونی ئاستی هۆرمۆن،
هەندێكی تر لەبەر حەزی بوون بەخاوەن ناسنامە و
سەربەخۆیی.
بەهەرحاڵ ئەوەی گرنگە ئەوەیە، كە ئەم
گۆڕانانەی كە لەگەڵ باڵغبووندا روودەدەن،
هەموویان نۆرماڵ و سروشتین.
|