نەخۆشییەكانی پرۆستات و سێكس  

گەلێك حاڵەت و نەخۆشی تایبەت بە پرۆستات كار دەكەنە سەر لایەنی سێكسی پیاو، لەوانە: ئاوسانی پاكی پرۆستات، شێرپەنجەی پرۆستات، هەوكردنی پرۆستات.
ئاوسانی پاكی پرۆستات: واتە گەورەبوونی پرۆستات، كە زیاتر لەپاش تەمەنی 40 ساڵیدا سەرهەڵدەدات و دەبێتە ئەگەری چەندین گرفتی تایبەت بەمیزكردن. یەكێك لەهەنگاوەكانی چارەسەركردنی ئەم گرفتە بریتییە لەبەكارهێنانی دەرمانی دژی هۆرمۆنی نێرینە (دژە ئەندرۆجین)، كە دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی پاڵنەری سێكسی و لاوازی لە رەپبوونی چوكدا. هەروەها چارەسەركردنی ئاوسانی پرۆستات بە نەشتەرگەری، دیسان لەوانەیە گرفتی سێكسی دیكەی لێ بكەوێتەوە، وەكو: پاشەپڕژان (پڕژانی تۆواو بۆ ناو میزڵدان) بە رێژەی % 66-75، ئەمە جگە لەلاوازی لەرەپبوونی چوك.
شێرپەنجەی پرۆستات: زیاتر لەئەمەریكا و وڵاتە ئەسكەندەناڤییەكان باوە، لە ژاپۆن و وڵاتە عەرەبییەكان و باكووری ئەفریقیا كەمتر دەبینرێ. هەموو ئەو چارەسەریانەی كە بۆ شێرپەنجەی پرۆستات دەكرێن، ئەگەر كەم ئەگەر زۆر دەبنە ئەگەری گرفتی سێكسی بەرچاو لە پیاواندا، چارەسەرەكان بریتین لە لابردنی پرۆستات، چارەسەری هۆرمۆنی، چارەسەری تیشكی، چارەسەری كیمیایی. بۆ نموونە لابردنی پرۆستات لەوانەیە ببێتە ئەگەری لەدەستدانی توانای رەپبوونی چوك، لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی میزكردن. بە چارەسەری تیشك لەوانەیە گرفتی وەكو لاوازی لەڕەپبوونی چوك، لەدەستدانی كۆنتڕۆڵی میزڵدان، تێكشكانی رێكە رووبدەن.
چارەسەری هۆرمۆنی بەمەبەستی دامركاندنەوەی خانە شێرپەنجەییەكانی پرۆستات، دەبێتە ئەگەری كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی تێستۆستیرۆن (هۆرمۆنی نێرینە)، چونكە تێستۆستیرۆن هانی گەشەی ئەم خانە شێرپەنجەییانە دەدات، چارەسەری هۆرمۆنیش بریتییە لە بەكارهێنانی هۆرمۆنی مێیینە (ئیسترۆجین) یان لابردنی گونەكان بەنەشتەرگەری (خەساندن)، هەردوو رێگا دەبنە ئەگەری لەدەستدانی توانای رەپبوونی چوك و نەمانی یان كەمبوونەوەیەكی زۆری پاڵنەری یان حەزی سێكسی.
هەوكردنی پرۆستات: زیاتر بەبەكتریا روودەدات. لەوانەیە تیژ یان درێژخایەن بێت. نیشانەكان بریتین لە ئازار لەگونەكان یان لەناوچەی رێكە، هەندێك جار گرفت لەپڕژانی تۆواو، گرفت لەمیزكردن یان گرفت و ئازار لەكاتی پیساییكردندا.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com