|
دكتۆر
كیسـرا
ئایا تێبینی ئەمەت كردووە كە تۆ تووڕە دەبیت،
یان دڵت توند دەبێت یان سەرت دێشێ، یان كە
ئارەزووی سێكسیت كەم دەبێت، ئەوە هۆرمۆنەكانتن
دەستیان لە مەسەلەكەدا هەیە.
* هێلكەدانەكان بڕێكی زۆر لە هۆرمۆنە
سێكسییەكانی مێیینە دەردەدەن، ئیسترۆجین و
پرۆجێستیرۆن. هەروەها بڕێكی كەم لەهۆرمۆنی
نێرینە دەردەدەن كە بریتین لە تێستۆستیرۆن و
ئەندرۆستیندایۆن.
* هەردوو پیاو و ئافرەت دوو هۆرمۆنی گرنگیان
هەیە كە لە گلاندی پتیۆتەریەوە دەردەدرێن FSH
و LH.
* FSH كۆنترۆلی دروستبوونی هێلكۆكە لە
هێلكەدان دەكات .
* LH كۆنترۆلی دەردانی هۆرمۆنە سێكسییەكان
دەكات كە لە هێلكەدانەكانەوە دەردەدرێن .
*هەر لە رۆژی یەكەمی خولی مانگانەدا، دوو شتی
سەرەكی روودەدەن: ئاستی هۆرمۆنی ئیسترۆجین لە
سەرەخۆ بەرزدەبێتەوە لە نیوەی یەكەمی مانگدا،
پاشان بە تیژی دادەبەزێ لە كاتی دروستبوونی
هێلكۆكەدا كە لە دەوروبەری رۆژی 14 دا
روودەدات و ئینجا بەرە بەرە دادەبەزێ راستەوخۆ
بەر لە دەستپێكی خولدا. ئاستی هۆرمۆنی
پرۆجیستیرۆن بەتیژی بەرزدەبێتەوە لەپاش
دروستبوونی هێلكۆكەدا، ئینجا راستەخۆ بەر
لەدووبارەبوونەوەی سووڕی مانگانە دادەبەزێ.
باشە هەموو ئەمە چی لەئاستی ئارەزووی سێكسی
دەكات؟
ئەگەر لەكۆمەڵێك ئافرەت بپرسیت ئایا هەست
دەكەن كە زیاتر سێكسین لەكاتێكی دیاریكراوی
مانگدا، ئەوا زیاتر لەگەڵ ئەوەدان كە بڵێن
بەڵێ وایە، بەڵام لەسەر ئەوە كۆك نین كە بە
تەواوی بڵێن كەی. نزیكەی نیوەیان زووتر
دەوروژێن لە نیوەی پێشەوەی خولدا، گەلێكیش
دەڵێن كە زیاترین سێكسی دەبن راستەوخۆ بەر لە
یان لە كاتی عادەی مانگانەدا. ئەم جیاوازییە
بۆچی مادام هەموو ئافرەتێك وەكو یەك گۆڕانی
هۆرمۆنی دەبینێ، هەروەها حەز و ئارەزووی
سێكسییان وەكو یەك نییە كە لەهەمان كاتی خولی
مانگانەدان، لەراستیدا كەس نایزانێ. بە هەرحاڵ
لەوانەیە كە پەیوەندی زۆر نەبێ لەنێوان
چێژوەرگرتن و ئارەزووی زیادی سێكسیدا. بە
سادەیی لەوانەیە كاردانەوە بێت بەرانبەر بە
چەند هەستێكی فیزیكی لەئەندامە سێكسییەكاندا.
ئەدی ئارەزووی سێكسی؟
بە تەواوی جیاوازە لەگەڵ وروژانی فیزیكی
(جەستەیی/ بەدەنی) لە ئەندامە سێكسییەكاندا.
بۆیە زۆر ئافرەت كە دەڵێن ئارەزووی سێكسیمان
نییە، دەبینین كە لەراستیدا بە هاندان و گەمەی
سێكسی جەستەیی دەوروژێن و دەگەنە ئۆرگازم بەبێ
بینینی زەحمەتی زۆر. ئەوەی لای ئافرەتان
زەحمەتە ئەوەیە كە زۆر جار دەبینن كە ئارەزوو
و زەوقیان بۆ سێكس نییە. زۆر ئافرەت سەرقاڵی
ئەوەن كە كەی ڤیاگرا یان دەرمانێكی تر بۆ
ئافرەتان فەراهەم دەبێت و دێتە ئارا بەمەبەستی
زیادكردنی ئارەزووی سێكسی، هەر چەندە ئەم
دەرمانە هیچ كاریگەری ناكاتە سەر ئارەزووی
سێكسی.
پرۆفیسۆر ئەلن رایلی كە یەكێكە لەخەبیرەكانی
بەریتانی بۆ گرفتە سێكسییەكان دەڵێ: كەمی
ئارەزووی سێكسی گرفتی سێكسی پلە یەكە
لەئافرەتانی ئەمڕۆدا كە چارەسەرەكەی زۆر
زەحمەتە. هەروەها بیست ساڵ لەمەوبەر پرۆفیسۆری
ئەمریكی د. هێلین ســینگەر كاپلان
لەكتێبەكەیــدا ئاماژەی بەوە كردووە كە لە
ئافرەتدا هۆرمۆنی ئیسترۆجین ئارەزووی سێكسی
باشتر ناكات، بەڵكو هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن
هۆرمۆنی هەوەسی سێكسیە لەهەردوو رەگەزدا.
هەروەها گوتی كە هۆرمۆنی LH لەوانەیە رۆژێك
لەرۆژان بەكاربێت بە مەبەستی زیادكردنی
ئارەزووی سێكسی.
باشە مادام وایە لەوساوە تا ئێستا چی كراوە بۆ
چارەسەركردنی كەمی هەوەسی سێكسی ئافرەت بە
هۆرمۆن؟
هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لەكاتی جیاوازدا بۆ ئەم
مەبەستە بەكارهاتووە، بەڵام هێشتا ئەنجامی زۆر
باشی نەبووە. ئاواش بە گوێرەی LH بۆ
چارەسەركردنی ئەم گرفتە سێكسیە.
كەواتە چارەسەری ئەم گرفتە زەحمەتە و هێشتا
ماویەتی كە لایەنی هۆرمۆنی بۆ چارەسەركردن
یەكلا بكرێتەوە. هێشتا یارمەتی هۆرمۆنی (وەكو
چارەسەر) لە تەمەنی پاش وەستانی عادە باشتر
پشتی پێ دەبەسترێت كە ئەویش زیاتر بە مەبەستی
نەهێشتنی نیشانەكانی پەیوەست بەو تەمەنە و
پاراستنی ئافرەتە لە نەخۆشی دڵ و ئێسك، نەك بە
مەبەستی بەهێزكردنی پاڵنەری سێكسی ئافرەت. كە
تازە لەسەرەتای خۆشەویستیدایت، یان تازە بوویت
بە هاوسەر، ئەوسا هیچ گرفتێكت نییە لە ئارەزوو
و حەزی سێكسیدا، هەست دەكەیت هەردەم لەسەر ئاو
و ئاگریت. هەندێك ئافرەتیش سەرەڕای ئارەزووی
سێكسی زۆر، ناتوانن كە لەرووی دەروونییەوە
رێگا بە خۆیان بدەن تاكو لەرێگای سێكسەوە چێژ
وەربگرن. بێگومان لەسەرەتای پەیوەندیدا هەموو
شتێك نوێیەو وروژێنەرە، واتە مێشكمان زۆر
دەوروژێ. بۆیە وا باشترە كە كار لەسەر
مێشكماندا بكەین نەك هۆرمۆنەكان كە باسی
چارەسەری گرفتی كەمی ئارەزووی سێكسی ئافرەت
دەكرێ. لەوانەیە پێویستیمان هەبێت بە گۆڕینی
ستایلی ژیانمان تاكو ئارەزووی سێكسیمان بە
بەردەوامی بهێڵینەوە. بە داخەوە مەیلێك هەیە
بۆ پەیوەندییە سێكسییەكانی هاوسەران كە پاش
ماوەیەك ببن بە رۆتین، ئەو سێكسەی كە پێشان
ئەنجام دەدرا هێندە بەگوڕ بوو كە لە زۆربەی
جارەكاندا بەبێ پلان و زوو ئەنجام دەدرا،
پاشان دەبێتە (وەكو رێكەوت) یان درەنگ درەنگ
ئەنجام دەدرێ.
چەند خاڵێك بۆ باشتركردنی هەوەسی سێكسی
ئافرەت:
* هەوڵ بدە كە رۆمانسیەت بخەیتە ناو
پەیوەندییەكەت و زیاترین كات بەیەكەوە بن.
* وا هزر بكە كە پەیوەندییەكەت وەكو پێشان
تازەیە و هەوڵ بدە وەكو جاران بوروژێیت.
* مەشقی سێكسی بۆ مێشكت بكە، بە خوێندنەوەی
كتێبی وروژێنەر، هزر و بیری سێكسی (بە تایبەتی
لەو رۆژەی كە دەزانی سێكس لەگەڵ هاوسەرەكەتدا
دەكەیت).
* تێبینی كاتژمێرەكانی نووستن و پشووت بكە،
چونكە ماندووبوون گەورەترین دوژمنی ئارەزووی
سێكسییە.
* ئەگەر تۆ لە زۆربەی كاتەكانتدا هەست بە
ماندووبوون دەكەیت، ئاگاداری دكتۆرەكەت
بكەرەوە، لەوانەیە كەمخوێن بیت.
* ئەگەر كێشی لەشت زیادە و زوو زوو بێتاقەتت
دەكات، دكتۆری خۆت ببینە نەبادا گرفتت لە
گلاندی تایرۆیددا هەبێت.
* ئەگەر خۆراكت زیاتر پێكهاتووە لە خۆراكی
دەستكرد و خێرا، كتێبێك بكڕە كە زانستییانە
باسی خۆراكی دروست بكات، ئینجا پەیڕەوی بكە .
doctorkisra@yahoo.com
|