توندوتیژی سێكسی  
 

دكتۆر كیسـرا

رێكخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) تەندروستی سێكسی ئاوا پێناسە دەكات: حاڵەتی فیزیكی و سۆز و هزر و دروستیی كۆمەڵایەتی پەیوەست بەلایەنی سێكسی، نەك تەنیا نەبوونی نەخۆشی یان نەبوونی گرفت یان بەدفرمانی سێكسی. تەندروستی سێكسی پێویستی بەهەڵوێستێكی پۆزەتیڤ و هەڵوێستێكی بەڕێزانە هەیە، بەرانبەر لایەنی سێكسی و پەیوەندیی سێكسی، شانبەشانی ئەگەر بۆ وەدەستهێنانی مومارەسەی سێكسی پڕچێژ و سەلامەت، دوور لە رەگەزپەرستی و خورتی و توندوتیژی. هەروەها دەبێ رێز لەمافە سێكسییەكانی هەموو كەسێك بگیرێت و بپارێزرێت.
لەهەموو تاوانەكان كەمتر راپۆرت لەبارەی تەجاوزی سێكسی بۆسەر ئافرەت ئامادە دەكرێ، "(84%)ـی ئەو ئافرەتانەی دوچاری تەجاوزی سێكسی دەبنەوە، باسی ناكەن و خەبەری پۆلیس نادەن". لەوڵاتە یكگرتووەكانی ئەمەریكادا لەهەر شەش ئافرەت یەكێك و لەهەر 33 پیاو یەكێكیان دوچاری هەوڵی تەجاوز بووینە، یان تەجاوزی سێكسی تەواویان كراوەتە سەر. لە 8 حاڵەتی هەر 10 حاڵەتی تەجاوزدا تاوانبار ئاشنا یان ناسراو بووە لەلایەن تاوانلێكراودا.
دەرەنجامەكان:
فیزیكی (جەستەیی):
* گەلێك نیشانەی درێژخایەن روودەدن وەكو: ئازارێكی درێژخایەن لەناوچەی حەوزدا، پشتئێشە، ئازار لە ناوچەی دەموچاودا، سەرئێشە، ناڕێكی لەدەزگای هەرسدا، ئازارەكانی پێش خولی مانگانە.
* ئەگەری تووشبوون بەو نەخۆشییانەی لەرێگای سێكسەوە دەگوازرێنەوە بە ئایدزیشەوە.
* ئەگەری دووگیانی لە ئافرەتی تەمەن 12- 45 ساڵیدا.
دەروونی:
1- كاریگەرییە راستەوخۆكان:
* هەمان ئەو نیشانە دەروونییانەی لەپاش كارەساتدا روودەدەن، لەوانەیە لە قوربانییەكانی تەجاوزی سێكسیدا دەربكەون.
* راستەخۆ پاش كردار: هێدمە، باوەڕنەكردن بەڕووداوەكە، ترس، شێوان و شپرزەیی، پەستی و نیگەرانی.
* نیشانەكانی سترێسی پاش زەبر (PTSD) یەكسەر لە پاش تەجاوزەكە، لەمانە: پەرتەوازەبوونی دەروونی، گرفت لەنووستندا، هاتنەوەیادی رووداوەكە. نزیكەی سێیەكی ئەم ئافرەتانەی تەجاوزیان كراوەتە سەر، نیشانەكانیان بۆ ماوەی سێ مانگ درێژە دەكێشن، یان نیشانەكان دەبنە درێژخایەن.
2- كاریگەرییە دواییەكان:
* پەستی، هەستكردن بە تاوان Guilt، زوو هەڵچوون، زیاد بەكارهێنانی دەرمانە ئارامبەخشەكان، گرفت لە نووستندا، خەمۆكی، گرفتی سێكسی یان بەدفەرمانی سێكسی. كەمبوونەوەی باوەڕ لەبەر یادهاتنەوەی رووداوەكە.
* ئەگەری یان مەیلی خۆكوشتن.
كۆمەڵایەتی :
* زۆر جار تەجاوزی سێكسی لەسەر ئافرەت كاریگەری نێگەتیڤ دەكاتە سەر خێزان و هاوڕێ و پەیوەندیی هاوسەرێتی ئافرەتەكە. هەروەها ئەگەری فێربوونی جگەرەكێشان، هەروەها زیاد خواردن باوە لەنێو ئەم قوربانییانەدا. هەندێك جاریش ئەم قوربانییانە دەكەونە نێو داوی سێكسفرۆشییەوە.
doctorkisra@yahoo.com

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com