.ماسوڵكەی خۆشەویستی Love Muscle  
دكتۆر كیسرا

پێناسە
ماسولكەی خۆشەویستی یان ماسوڵكەی سێكسی واتە ماسوڵكەی PC كە كورتكراوەی Pubococcygeus كە ماسوڵكەیەكی گەورەیە، دەوری زۆربەی زەمینەی حەوز و كۆم دەگرێ. لە ئافرەتدا، ریشاڵە ماسوڵكەییەكان دەوری زێ دەدەن، لە پیاویشدا بە ژێر گلاندی پرۆستاتدا تێپەڕ دەبن.
فرمانی ئەم ماسوڵكەیە چییە؟
ئەم ماسوڵكەیە پاڵپشتە بۆ ئەو ئەندامانەی كە لەناو حەوزدان، نایەڵێ كە كۆنترۆڵی میز لە دەست بچێت، هەروەها لە هەموویان گرنگتر ئەوەیە كە ئەم ماسوڵكەیە خۆشی و چێژی سێكسی لە پیاو و ئافرەتدا زیاد دەكات. ئافرەتانی خاوەن ماسوڵكەی PC بەهێز دەڵێن كە زێیەكانیان گرژ و تەسكن و دەتوانن كە پەنجەی بچووكی دەست بە توندی بگوشن و زووتریش بگەنە ئۆرگازم. ئەو پیاوانەی كە مەشـقیان بەم ماسوڵكەیە كردووە، دەتوانن كە پرژانەكانیان كۆنترۆل بكەن و دوای بخەن واتە ئۆرگازمەكانیان دوابخەن (وەكو خۆپاراستن لە زووپرژاندنی تۆواو)، ژمارەیەكی كەمی پیاوانیش دەڵێن كە مەشـقكردن بە ماسوڵكەی خۆشەویستی وایان لێدەكات كە بتوانن لە یەك كرداری سێكسیدا یەك پارچە دوو یان زیاتر لە یەك ئۆرگازم ببینن.
چۆن هەست بەم ماسوڵكەیە دەكەیت؟
لەو كاتەی كە میز دەكەیت، هەوڵ بدە كە میزەكەت رابگریت، ئینجا تێبینی هەستەكە بكە، ئەوەی كە تۆ گرژی دەكەیتەوە ماسوڵكەی خۆشەویستییە. هەوڵ بدە لە كاتی سێكسكردندا ئەم ماسوڵكەیە بگوشی، ئینجا بزانە كە هەست بە چی دەكەیت.
چۆن ماسوڵـكەی خۆشەویستی بەهێز دەكرێت؟
بۆ بەهێزكردنی ماسوڵكەی خۆشەویستی، مەشـقی كیگل Kegel’s Exercise ئەنجام بدە، كە بریتیە لە گرژكردنی ماسوڵكەكە بۆ ماوەی دوو چركە ئینجا خاوكردنەوەی بۆ ماوەی دوو چركەی تر، ئەم كردارە چەندین جار لە رۆژێكدا دووبارە بكەرەوە، هەر جارەی بۆ چەند دەقیـقەیەك. زۆربەی خەڵك پاش دوو مانگ مەشق ئینجا ئەنجامی باش دەبینن. ئافرەتیش بە دانانی شتێكی كەمێك قوڕس لە زێدا و مەشقكردن بە ماسوڵكەكە زوو ئەنجامی باش بەدەست بێنن.
كیگل و تەندروستیی ماسوڵـكەی حەوز:
ئایا دەزانی كە ماسوڵكەی سێكسیت هەیە و بەهێزكردنی ئەم ماسوڵكەیە سێكس باشتر دەكات بۆ خۆت و بۆ هاوسەرەكەت؟ لە كۆتایی چلەكاندا د. ئەرنۆلد كیگل ئامێرێكی بایۆفیدباكی داهێنا (Perineometer) كە زۆر یارمەتی ئافرەتانیدا بۆ ئەنجامدانی مەشـقەكانی بەهێزكردنی كۆنترۆلی میز.
ئامێری كیگل وای لە ئافرەتان كرد كە بە ئاسانی و بە تەواوی ماسوڵكەی (PC) بناسن و تۆن و گرژبوونەكانی لە كاتی مەشـقەكاندا دەستنیشان بكەن. لە ئەنجامدا، ئەم ئافرەتانە، جگە لەوەی كە كۆنتڕۆلی میزكردنیان باشتر بوو، قەناعەتی سێكسیشیان باشتر بوو، هەتا هەندێك دەگەیشتن بە ئۆرگازم یان لە كاتی جووتبووندا ئۆرگازمیان ئاسانتر دەبوو، ئەمەش بۆ یەكەم جار لە ژیانیاندا روویدا. بەمەوە ئاشكرابوو كە مەشـقی كیگل لایەنی سێكسی باشتر دەكات.
لە ئافرەتدا پەیوەندییەكی بەهێز هەیە لە نێوان بەهێزبوونی ئەم ماسوڵكەیە و توانای گەیشتن بە ئۆرگازم لەكاتی جووتبووندا. لە پیاواندا هەتا ئەم ماسوڵكەیە بەهێزتر بێت، توانای كۆنترۆلی پرژاندنی تۆواو زیاتر و چێژی ئۆرگازم پتر دەبێت. ئەمە بەهێزیی ئەم ماسوڵكەیە كە وا دەكات هەندێك پیاو پتر لە یەك ئۆرگازم ببینن لە یەك كرداری سێكسیدا (فرەئۆرگازم).
ئەم ماسوڵكەیە كۆنترۆلی میز دەكات و بەرپرسە لە بەرزكردنەوەی چوكی رەپ.
مەشقی كیگل چۆن دەكەیت: گوشین (وەكو میزراگرتن)، دوو تا سێ جار رۆژانە، دە جار گوشین سێ چركە، خاوكردنەوە سێ چركە - ئەگەر سێ چركە زەحمەت بوو، بە یەك یان دوو چركە دەست پێبكە، هەرگیز خاوكردنەوەكان باس مەكە. هەر كە ئیسراحەت بوویت دەست بە مەشقەكە بكە، ئینجا رۆژانە مەشقەكە زیاد بكە و كاتی گوشین و خاوكردنەوەش درێژتر بكە بۆ نموونە دە چركە گوشین و دە چركە خاوكردنەوە. خۆڕاگری لەم مەشقەدا گرنگە، چونكە تۆ كاردەكەیت لەسەر پێشخستن و گەشەپێدان بە سێتێك ماسوڵكە. یان گوشین و خاوكردنەوە، چەندی دەكرێ بە خێرایی ئەنجام بدە.
بۆ زۆربەی خەڵك، سێ تا چوار هەفتەی دەوێت تاكو ئەنجامەكەی ببینرێ. ئەوسا هەست بە توندی و كۆنترۆلی باشتری ئەم ماسوڵكەیە دەكەیت، دەبینی كە كاردانەوەی سێكسیت ئاسانتر دەبێ، هاوسەرەكەشت هەستی پێدەكات.
 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com