|
سەرئێشە لە پاش جووتبوون یان هەر جۆرێكی دیكەی
سێكسكردندا (Coital Cephalgia) روودەدات لە
چەند ساتێك پێش یان پاش یان لە كاتی
ئەنجامدانی سێكس (دەستپەڕ یان جووتبوون).
هەندێك جار تەنها لە پۆزیشنێكی سێكسی یان
پۆزیشنێكی جووتبووندا روودەدات، لە پۆزیشنێكی
دیكەدا روونادات. ئەم جۆرە سەرئێشەیە زۆر باو
نییە، بە گشتی جۆرێكی سادە و سووكە، هەندێك
جار ئەم جۆرە سەرئێشەیە نیشانەی نەخۆشییەكە و
لە كاتی سێكسكردندا سەرهەڵدەدا.
بە گشتی ئەم سەرئێشەیە بەشێكە لە حاڵەتێكی
گەورەتر بە ناوی سەرئێشەی پاش چالاكی بەدەنی،
واتە لە كاتی (یان لە پاش) ئەنجامدانی جوولە
یان وەرزش سەرهەڵدەدات. ئەم سەرئێشەیە تووشی
پیاو و ئافرەت دەبێت، بەڵام پیاوان زیاتر
تووشی دەبن، لەوانەیە كە هۆكاری ئەمە
بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی كە پیاو زیاتر لە ئافرەت
لایەنی ئاكتیڤە (زیاتر جوولە ئەنجام دەدات) لە
كاتی سێكسكردندا، هەروەها پیاوان زیاتر لە
ئافرەتان دەگەن بە ئۆرگازم و زیاتر دەستپەڕ
دەكەن.
ئەو ئافرەتانەی كە دوچاری سەرئێشەی سێكسی
دەبنەوە بە زۆری لە پاش تەمەنی 40 ساڵیدان و
لەوانەیە بەخۆیان شەقەسەر یان گرژە سەرئێشەیان
هەبووبێ. هەروەها راپۆرت لەبەردەستدایە كە
رێژەی سەرهەڵدانی سەرئێشەی سێكسی لە پاش
منداڵبوون بە شەش هەفتە لە گەلێك ئافرەتدا لە
زیادبوون دایە بێ ئەوەی كە خودی خۆی هیچ
جۆرێكی سەرئێشەی بە شێوەیەكی بەردەوام هەبێت،
هەروەها سروشتی ئەم سەرئێشەیە لە ئافرەتێكەوە
بۆ ئافرەتێكی دیكە زۆر جیاوازی هەیە.
|