جگەرە و لایەنی سێـكسی پیاو  

 

زۆربەی خەڵك دەزانن كە تووتن هۆكارە بۆ تووشبوون بە نەخۆشی ترسناكی سییەكان، نەخۆشی دڵ، چەندین جۆری شێرپەنجە، بەڵام لەوانەیە دەركیان بەوە نەكردبێ، كە جگەرە كاریگەری دەكاتە سەر تەندروستیی سێكسی و تەندروستیی زاوزێش. جگەرە لە تەمەنی ناوەندی و لە بەساڵاچووەكاندا هۆكارە بۆ لاوازی لە رەپبوونی چوكدا. جگەرە خوێنبەرەكانی چوك تێكدەدات، بەمەشەوە لاوازی لە رەپبوونی چوك لەو كاتەی كە رەپبوونی چوك بە هۆی زیادبوونی لێشاوی خوێن بە خوێنبەرەكانی چوكدا روودەدات. گرفتەكە بۆ خوێنبەرەكان ئاڵۆزتر و قوڵتر دەبێت لەو كەسانەی كە سەرەڕای جگەرەكێشان پەستانی بەرزی خوێنیان هەیە یان خۆراكیان چەورە. جگەرەكێشێك كە پەستانی خوێنی بەرز بێت، ئەگەری گرفتی لاوازی لە رەپبوونی چوك حەفت جار لە خەڵكانی ئاسایی پترە. زۆر لەو كەسانەی كە لەمێژە جگەرە دەكێشن، ئەوا لەوانەیە لە تەمەنی دەوروبەری 30 ساڵیدا دوچاری ئەم گرفتە ببنەوە. بەڵگە هەیە كە جگەرە دەبێتە هۆی خراپبوونی كوالیتی سپێرمەكان و توانای منداڵبوونی پەیوەست بە پیاو كەم دەكاتەوە. ئەوەش سەلمێنراوە كە لە پاش وازهێنان لە جگەرە و كەمكردنەوەی خۆراكی چەور و وەرزشكردن توانای رەپبوونی چوك زۆر باشتر دەبێت، لەگەڵ سەردانی پزیشك.
زۆركەس لای وایە جگەرەكێشان نیشانەیەكی پیاوانەی نێرینەییە، وەكو پڕۆپاگەندەكەی كاوبۆی بۆ جگەرەی مارلبۆرۆ. زۆر گەنجی جوان لایان وایە كە بە جگەرەكێشان گەنجێتی و جوانییەكەیان پتر دەبێت. راستی مەسەلەكە زۆر لەمە جیاوازترە، ئایا دەزانی كە پیاوە جگەرەكێشەكان بە رێژەی (50%) زیاتر لە خەڵكانی تر ئەگەری تووشبوونیان زیاترە بە گرفت لە توندبوونی ئەندامی نێرینەدا. ئەم راستییە لە رووی زانستییەوە سەلمێنراوە و چەندین لێكۆڵینەوە جەختیان لەسەر پەیوەندی نێوان جگەرەكێشان و ناڕێكی لە توندبوونی ئەندامی نێرینەدا كردۆتەوە. ئەگەرچی كەمتر لێكۆڵینەوە ئەنجامدراون سەبارەت بە كاریگەری جگەرەكێشان لەسەر لایەنی سێكسی ئافرەت، ئەمەش هەرگیز مانای ئەوە ناگەیەنێ كە جگەرە كاریگەری ناكاتە سەر تەندروستیی سێكسی ئافرەت.
نیكۆتین لوولەكانی خوێن تەسك دەكاتەوە (گرژیان دەكاتەوە)، واتە وا دەكات كەمتر خوێنیان بەناودا بڕوات، هەروەها جگەرەكێشان بۆ ماوەیەكی زۆر دەبێتە ئەگەری گەیاندنی زیانێكی هەمیشەیی بە خوێنبەرەكان. لەبەرئەوەی توندبوونی ئەندامی نێرینەی پیاویش (Erection) پشت بە لێشاوی خوێن بۆ ناو خوێنبەرەكانی ئەندام دەبەستێ، ئا لێرەدا كاریگەری جگەرە بەرجەستە دەبێت. لە لێكۆڵینەوەیەكدا ئەمە سەلمێنراوە كە زۆر جار بە كێشانی تەنها دوو جگەرە توندبوونی ئەندامی نێرینە وەكو پێویست پتەو نەبووە، بەڵكو نەرمتر و كاتی زۆرتریشی ویستووە.
جگەرەكێشان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە دەبنە هۆی گرفت لە رەپبوونی ئەندامی نێرینەدا، بە هەمان ئەندازەی كفتی دەروونی (Stress) ، نەخۆشی شەكرە، بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، راهاتن لەسەر خواردنەوەی ئەلكهول، رەقبوونی خوێنبەرەكان، زیانی لابەلای هەندێك دەرمان، نەشتەرگەری پرۆستات.. هتد. ئەو كوڕە گەنجانەی كە جگەرەكێشن لەوانەیە ئەمڕۆ تێبینی هیچ كاریگەرییەكی جگەرە لەسەر تەندروستی سێكسییان نەكەن، بەڵام لە پاشەڕۆژدا ئەم هاوكێشەیە سەد لە سەد دەگۆڕێ.
نیكۆتین چی دەكات؟
1- نیكۆتین لوولە خوێنیەكانی لەش بە گشتی تەسك دەكاتەوە، خوێنبەرەكانی ئەندامی نێرینەش دەگرێتەوە، كە بەرپرسن لە كرداری رەپبووندا.
2- نیكۆتین ئاستی هۆڕمۆنی تێستۆستیرۆن و هۆڕمۆنەكانی تریش لە خوێندا دادەبەزێنێ، تێستۆستیرۆنیش (هۆڕمۆنی نێرینە) لە فرمانی ئەندامی نێرینەدا رۆڵی بەرچاوی هەیە.
نیكۆتین چڕی ترشە چەورییەكان لە خوێندا زیاد دەكات، كە دەبنە ئەگەری نیمچە گیرانێك (Clogging)، وەكو رەقبوونی خوێنبەرەكان، بەمەشەوە لێشاوی خوێن بۆ دەزگای سێكسی كەمتر دەبێتەوە.

 

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com