پێش بەكارهێنانی ڤیاگرا پزیشك ببینە!  
 

د. كیسرا

ڤیاگرا یارمەتی زۆری پیاوانی داوە لە سەرتاسەری جیهاندا بۆ چارەسەركردنی گرفت لە رەپبوونی چوكدا. لەوەتای ئاداری ساڵی 1998 كە ئەم دەرمانە كەوتە بازاڕەوە، راچێتەكانی بەرەو كەمی دەچن، بەڵام هێشتا هەر گەلێك زۆرن. لە زۆر شوێنیشدا بێ راچێتەی دكتۆر بە ئاسانی و هەرزان دەست دەكەوێ. پێدەچێ ڤیاگرا دەرمانێكی سەلامەت بێ، هەر چەندە بەر گوێمان كەوتووە كە چەند كەسێك بە ڤیاگراوە مردوون. گەلێك لەو مردنانە روویانداوە لەو كەسانەدا كە نەدەبووایە ڤیاگرا وەربگرن، لەبەر ئەوەی كە بە سەختی نەخۆشی دڵیان هەبووە و بەرگەی سێكسكردنێكی ئاساییان نەدەگرت، یان دەرمانی نایترێتەكانی لەگەڵ ڤیاگرا وەرگرتووە، كە هەرگیز نابێت.
جگە لە تووشبووان بە نەخۆشی دڵ، ڤیاگرا بە دەرمانێكی سەلامەت ناوی داوەتەوە، كاریگەریەكەشی 50% تا %75 تۆمار كراوە. مەترسیەكە لێرەدایە كە ڤیاگرا بێ راچێتە دەفرۆشرێت، لەو كاتەی كە هەر كەسێك بەر لە وەرگرتنی ڤیاگرا دەبێ لە لایەن پزیشكێكی رێگەپێدراوەوە بپشكنرێ. گرفت لە رەپبوونی چوكدا نیشانەی گرفتێكی ترە یان نەخۆشیەكی وەكو نەخۆشی دڵ كە لە گەلێك كەسدا هێمن و كەمتر نیشانەی هەیە، بۆیە دەستنیشانكردنی هۆكاری گرفتی رەپبوون زۆر گرنگە، كە لەوانەیە گەلێك خراپتر بێ لە خودی گرفتی رەپبوون. بۆ نموونە لەوانەیە پیاوێكی تەمەن 45 - 65 كە گرفتی لە رەپبووندا هەبێت، ئەمە وەكو یەكەمین نیشانەی نەخۆشیەكی سەختی خوێنبەری دڵ، لەوانەیە سینگ ئێشەی نەبێت یان سینگەدڕەی نەبێت، بەڵكو تەنیا نیشانە بریتی بێت لە كەمبوونەوەی لێشاوی خوێن بۆ چوك، واتە كەموكوڕی لە رەقبوونی چوك. بۆیە بەر لە بەكارهێنانی ڤیاگرا پشكنینی كلینیكی و نەخشەی كارەبایی دڵ ECG) ( پێویست دەكات، لەگەڵ پشكنینەكانی تری دڵ وەكو ) (Thallium stress test كە لەوانەیە نەخۆشی دڵی بێ نیشانە دەستنیشان بكات.
نابێ ڤیاگرا بە هیچ كەسێك بدرێت كە نەخۆشی سەختی دڵی هەبێت، یان یەكێك كە بەرگەی چالاكی سێكسی نەگرێت. ئەو بڕە وزەیەی كە بۆ چالاكی سێكسی ئاسایی پێویستە، بریتیە لە 6 كالۆری لە یەك چركەدا، كە دەكاتە توانای بەسەركەوتنی چەند قاڵدرمەیەك بێ ناڕەحەتبوونی سینگ.
نزیكەی 75 دەرمان هەیە، كە مادەی )نایترێت Nitrates (یان تێدایە، هەروەها دەنكی نایترۆگلیسرینی بن زمان. گەلێك نەخۆش هەندێك دەرمان وەردەگرن كە نایترێتیان تێدایە، بێ ئەوەی كە نەخۆشەكان بیزانن، ئەگەر دكتۆر بۆی روون نەكاتەوە و دەستیشانی نەكات، جا لێرەدا دەبێ یان ئەو دەرمانەی كە نایترێتی تێدایە بگۆڕدرێ بە دەرمانێكی دیكە كە نایترێتی تێدا نەبێت، یان نابێ ڤیاگرا بەكار بهێنرێ. تێكەڵبوونی ڤیاگرا و نایترێتە نائۆرگانیەكان بە توندی كوشندەیە، كە دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن و ئەگەری جەلتەی مێشك یان نۆرەی دڵ. لەگەڵ ئەوەشدا مەرج نیە هەموو كەسێك سوود لە ڤیاگرا وەربگرێ، بەڵكو لە لایەن دكتۆرەوە چارەسەری دیكەی توندتری دەوێ، وەكو گۆڕینی مێتۆد و كاتی وەرگرتنی دەنكی ڤیاگرا، یان زیادكردنی دەرمانی دیكەی بەهێزی وەكو ئەلپرۆستادیل بۆ ناو بۆڕی میز. هەموو ئەو كەسانەی كە ڤیاگرا بەكار دێنن، دەبێ بە رێكی و بە بەردەوامی لە لایەن پزیشك بەسەر بكرێنەوە، شەش مانگ یان یەك ساڵ جارێك پشكنینی پرۆستات و پشكنینی ئەنزیمی PSA و پشكنینی میزی بۆ بكرێ.

 
Copyright 2009 - 2010 All rights reserved to Civilmag.com