|
ئەلكهول
یەكێكە لە هۆكارە باوەكانی گرفت لە رەپبوونی
چوك و زووپڕژاندا. ئەم دوو گرفتە لەوانەیە
پەستییەكی یەكجار گەورە پەیدا بكەن. هەموو
پیاوەكان ئەمە زۆر باش دەزانن كە بڕێكی كەم و
هەندێك جاریش بڕێكی مامناوەندی ئەلكهول
ئارەزوو بۆ سێكس زیاد دەكات، بەڵام بڕی زیاتری
خواردنەوە نێگەتیڤانە كاریگەری دەكاتە سەر
ئەنجامدانی سێكسی. دواكەوتن لە پرژان و
دواكەوتن لە گەیشتن بە ئۆرگازم گرفتێكی دیكەیە
دوچاری پیاوان دەبێتەوە لەبەر زیاد خواردنەوە.
كەمی یان نەمانی ئارەزووی سێكسی كاریگەری
نێگەتیڤ دەكاتە سەر پیاو و هاوسەرەكەشی، هەر
چەندە هۆكاری تریش ئەم گرفتە پەیدا دەكەن،
وەكو هیلاكی جەستەیی و دەروونی، كفتی و
شەكەتی، خەمۆكی، دەرمان، بەڵام دیسان باوترین
هۆكار هەر زیادخواردنەوەیە. ئەم گرفتانەی كە
لە سەرەوە باس كران، دەكرێ لە لایەن دكتۆر
یەكلا بكرێنەوە و باشتر بكرێن، بەڵام راهاتنی
درێژخایەن لەسەر ئەلكهول كاریگەری خراپ و
هەمیشەیی دەكاتە سەر فرمانی سێكسی و فرمانی
زاوزێ لە هەردوو رەگەزی نێر و مێدا. ئەمەش لە
ئەنجامی ئەوەیە كە ئەلكهول كاریگەری دەكاتە
سەر گونەكان و هێلكەدانەكان و هەندێك شوێنی
مێشك (خوارەوەی مێشك و گلاندی پتیوتەری)، كە
هۆرمۆنی گۆنادۆترۆفین دەردەدەن، بەمەوە ئاستی
هۆرمۆنی تێستۆستیرۆن لە پیاودا و ئاستی
هۆرمۆنی ئیسترادایۆل لە ئافرەتدا دادەبەزێ.
هەروەها لەوانەیە كە پیاو دوچاری پووكانەوەی
گونەكان بێت، لەگەڵ بچووكبوونەوەی قەبارەی
چوك. هەوەها: كەمبوونەوەی یان نەمانی
دروستبوونی سپێرم، كەمبوونەوە یان نەمانی مووی
بەر، لۆچبوونی پێستی كیسی گونەكان. ئەو
پیاوانەی كە دوچاری مۆمبوونی جگەر دەبن لەبەر
راهاتن لەسەر ئەلكهول، تووشی گرفتی تریش دەبن
لەبەر گۆڕان لە هۆرمۆنەكاندا، وەكو گەورەبوونی
مەمكەكان و كەمبوونەوە یان نەمانی موو لە
لەشدا. |